جێگری یەكەمی سەرۆكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرایكردووە، مەزەندە دەكرێت بڕی 100 هەزار دینار بۆ خانەنشینە پلە كەمەكان زیاد بكرێت.
ئەحمەد مەزهەر جبووری لەلێدوانێكی رۆژنامەوانییدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە: لیژنەكەیان میوانداریی ماهیر رەشید بەیاتی سەرۆكی دەستەی خانەنشینی كردووە بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر دۆخی كاری دەستەكەیان.
جبووری هەروەك باسی لەوەكردووە كە چاوەڕوان دەكرێت مووچەی پلەكانی خوارەوەی خانەنشینان بە بڕی 100 هەزار دینار لەڕێگای لیژنەیەكی حكوومییەوە زیاد بكرێت كە بەپێی كارنامەی حكومەتەكەی سودانی پێكهێنراوە.
لەمیانی میوانداریكردنەكەدا سەرۆكی دەستەی گشتیی خانەنشینی عێراق سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو رایگەیاندووە كە لیژنەیەكی پەیوەست بە پەرەپێدانی ڕێنماییەكان بۆ جێبەجێكردنی یاساكە پێكهێنراوە، هەروەك جەختی لەسەر پێویستی ئەنجامدانی هەمواركردنەوەی گونجاو، و ڕێكخستنی میكانیزمی كاركردن بە دەركردنی ڕێنمایی تایبەت، بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان یاسادانان و یاسای خانەنشینی یەكگرتوو كردۆتەوە.