﴿ فَلْيَعْبُدُوا رَبَّ هَذَا الْبَيْتِ * الَّذِي أَطْعَمَهُمْ مِنْ جُوعٍ وَآمَنَهُمْ مِنْ خَوْفٍ ﴾
ئەم ئایەتەی قورئان وانەی گەورەی تێدایە و خوای باڵا دەست دابینکردنی بژێوی ژیان و ئارامی بەمنەت بەسەر بەندەکانیدا باس دەکات و فەرمان دەکات لە بەر ئەو چاکەیە بیپەرستن و ھاوبەشی بۆ بڕیار نەدەن.
لە سۆنگەی ئەم ئایەتەوە دەچینە سەر ئەو کەتوارەی کە لە ھەرێمی کوردستان گوزەر دەکات کە بریتی یە لە نەبونی کایەیەکی گرنگی سەرچاوی دابین کردنی پێداویستی ھاوڵاتیان کە موچەیە، و ئارامیش بەو جۆرەیە کە نامەوێت لێرەوە قسەی لە بارەوە بکەم و زۆربەرمان دەزانین بۆ دژبەرەکان چۆن و چ کات ئارامی تاک دەشێوێنرێت.
دەسەڵاتێک سی و دوو ساڵ ھەرچی داھات و سامانی ژێر زەوی و سەرزەوی ھەبێت لە بەر دەستدا نەتوانێت ژێر خانی ئابوری بۆ ھەرێمێکی پێنج ملیۆن کەسی دابین بکات دەبێت چ ئومێد لە سەر ئەمانە ھەلبچنین، دەسەڵاتی ھەرێم لە ئێستادا ھیچ چارەسەر و داھێنانێکی نیە چونکە لە روی زانستیەوە ھەر کەسێک بۆ ماوەیەکی درێژ لە پۆستێکدا بێت ناتوانێت داھێنان بکات و بیرۆکەکانی کۆتایی پێدێت لەپێشکەوتن بۆیە پێویستە شوێن گۆڕکێ بکرێت و کەسانێکی تر بێن کە ئەقلیەتی حوکومڕانی و دەوڵەتداری بە دەست پاکیەوە بەرێوە بەرن.
دەسەڵاتدار و گرتنە دەستی حوکم تا بتوانێت خزمەت بکات و وڵات بەرەو پێش ببات و گەل و میللەت لە نەھەماتی ڕزگار بکات پێویستی بە دوو تایبەتمەندی ھەیە کە بریتی یە لە لێزانین و دەستپاکی ، کە ھەردووک لەم دەسەڵاتە نایەتە دی.
لێزان نین و نەبوون چونکە لە ماوەی سی و دووساڵی رابڕدوو نەیانتوانی ھەرێم بە دامەزراوەیی بکەن، نەیانتوانی ھێزی پێشمەرگە یەک خەن، نەیانتوانی ئەقلیەتی بنەماڵەیی و خێلەکی لە دەسەلات جیابکەنەوە، زۆر شتی تریشیان نەکردوو نەیانتوانی.
باشە چ دڵت خۆش بێت بەمانە کە لەو ھەموو ماوەیەدا تەنانەت نەیانتوانی دەستورێک بۆ شەش ملیۆن کەس دابنێن کە وڵات لە سەری رێگە بکات.
ئەوەی ئەمانە کردیان جگە لە خۆدەوڵەمەندکردن و دروستکردنی ڤیلاو کڕینی بورج و پرکردنی بانکەکانی دەرەوەی وڵات ھیچی تر نەبوو.
بۆیە ئەم جارە دەرفەتێکی زێڕین بۆ تەواوی خەلکی کوردستان لە بەر دەستە ئەگەر ئەم دەرفەتە لە دەست خۆیان بدەن و نەتوانن ئەو کەسانە سزا بدەن کە ھەموانیان بەم ڕۆژگارە گەیاند ئیتر کەس مافی گلەیی کردنی نابێت و تا ھەتایە دەبێت پەنجەی پەشیمانی بگەزن.
سوپاس بۆ خوای گەورە گەلی کورد ئێستا ھۆشیارترە و دەزانێت چۆن بڕیارێک دەدات، ئەو سەردەمە گوزەشت کە خەلک فریو بدرێت بە ناوی کوردایەتی و نشتیمان پەروەریەوە چونکە خەلک نانی دەوێت و بژێوی دەوێت و موچە و ژیانی دەوێت.
بۆ خۆیان و منداڵەکانیان بەھەشتیان درەستکردووە و خەلکیش لە دۆزەخێکدا دەژیت کە بەرھەمی دزی و گەندەڵی ئەو دەسەڵاتەیە بۆچی ھەمومان باجی چەند کەسێک بدەین.
خوای گەورە ئاسانکاری بۆ ھەژاران بکات و ئەوانەی ھۆکاری ئەم واقیعەن بە سزای گەل و خۆی بگەیەنێت.