گرنگترین مانشێتەکان
نیشان دان به‌پێی به‌روار : تەمموز 2019

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

مانچسته‌ر یونایتد بردنه‌وه‌ی پێنجه‌می له‌سه‌ریه‌كی وه‌ك ئاماده‌كاری بۆ وه‌رزی نوێ به‌ده‌ست هێنا ، ئه‌مجاره‌شیان به‌ گۆڵێكی بێ به‌رامبه‌ر له‌ یانه‌ی كریستیانسۆندی نه‌رویجی برده‌وه‌.
له‌ یارییه‌كه‌ یاریزانانی یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد چه‌ند ده‌رفه‌تێكی ئاسانی گۆڵكردنیان له‌ده‌ستدا، یارییه‌كه‌ له‌كاتێكدا به‌بێ گۆڵ به‌ره‌و كۆتایی ده‌چوو ، له‌ كۆتا خوله‌ك به‌ لێدانی سزا خوان ماتا گۆڵی بردنه‌وه‌ی بۆ مانچسته‌ر یونایتد تۆمار كرد، ئه‌مه‌ش بردنه‌وه‌ی پێنجه‌می له‌سه‌ریه‌ك بوو تیپه‌كه‌ له‌ یارییه‌ دۆستانه‌كان به‌ده‌ستی هێنا.
بڕیاریشه‌ له‌ شه‌ممه‌ی داهاتوو له‌دواین یاری دۆستانه‌ی ئاماده‌كاری له‌ جامی پاڵه‌وانانی دۆستانه‌ ، مانچسته‌ر یونایتد به‌رامبه‌ر به‌ یانه‌ی میلانی ئیتاڵی یاری بكات، به‌ر له‌وه‌ی یه‌كه‌م یاری له‌وه‌رزی نوێ به‌رامبه‌ر به‌ چێڵسی له‌ 11 ئاب ئه‌نجام بدات.

 

ئاماده‌كردنى : سامان خۆشناو

 



راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانیه‌كانی ئیسپانیا هه‌واڵی نوێ له‌باره‌ی چاره‌نوسی فلیپ كۆتینیۆی به‌رازیلی له‌گه‌ڵ یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌.
رۆژنامه‌ی مۆندۆ دیبۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاشكرای ده‌كات ، رۆیشتنی كۆتینیۆ له‌م هاوینه‌ له‌ یانه‌كه‌ ئه‌گه‌رێكی كه‌مه‌ چونكه‌ تاوه‌كو ئێستا ئه‌م یاریزانه‌ هیچ گرێبه‌ستێكی فه‌رمی ئاڕاسته‌ نه‌كراوه‌.
سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی یانه‌كانی مانچسته‌ریۆنایتد و لیڤه‌رپول هه‌وڵی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه‌ ده‌ده‌ن به‌ڵام تا ئێستا به‌فه‌رمی هیچ داوایه‌كیان پێشكه‌شی كارگێری به‌رشلۆنه‌ نه‌كردووه‌.
له‌ هه‌شتی ئاب ده‌رگای گواستنه‌وه‌ی یاریزانان له‌ ئینگلته‌را داده‌خرێت و ناتوانن گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ هیچ یاریزانێك واژوو بكه‌ن و تا ئێستاش گفتوگۆیان بۆ گواستنه‌وه‌ی كۆتینیۆ له‌گه‌ڵ به‌رشلۆنه‌ نه‌كردووه‌.
دوور له‌ پریمه‌رلیگ یانه‌ی پاریس سان جێرمان شوێنی داهاتووی كۆتینیۆ ده‌بێت به‌ڵام تا ئێستا یانه‌ پاریسیه‌كه‌ ره‌تی كردۆته‌وه‌و هیچ یاریزانێك بخاته‌ ناو گرێبه‌ستی ده‌ست به‌ردار بوون له‌ نێمار ، ته‌نها بۆ ده‌ست به‌ردار بوون له‌م یاریزانه‌ داوای پاره‌ ده‌كات.
به‌رشلۆنه‌ به‌بڕی 120 ملیۆن یۆرۆ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆتینیۆ كرد ئه‌و كات له‌ لیڤه‌رپول یاری ده‌كرد له‌گه‌ڵ 40 ملیۆن یۆرۆ وه‌ك گۆرانكاری له‌ گرێبه‌سته‌كه‌و تا ئێستا ئه‌م یانه‌یه‌ 15 ملیۆن یۆرۆی تری داوه‌ به‌ لیڤه‌رپول، له‌ وره‌زی رابردووش به‌هۆی دابه‌زینی ئاستی كۆتینیۆ وه‌رزێكی سه‌ختی له‌گه‌ڵ به‌رشلۆنه‌ به‌ڕێ كرد.

 


وابریاره‌ كاتژمێر 9:30 ئه‌مشه‌و له‌سه‌ر یاریگای ئه‌لیانز ئه‌رینای تایبه‌ت به‌ بایرن میونخ یاری كۆتایی جامی ئۆدی دۆستانه‌ی ئاماده‌كاری بۆ وه‌رزی نوێ له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ی بایرن میونخی ئه‌ڵمانی و تۆتنهامی ئینگلیزی ئه‌نجام بدرێت.
هه‌ردوو یانه‌ له‌ یارییه‌كانی قۆناغی یه‌كه‌م به‌ ئاستێكی به‌رز به‌دیار كه‌وتن ده‌یانه‌وێت یاری نێوانیان ببێته‌ ئاماده‌كارییه‌كی باش بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌رزی نوێ ركابه‌ری له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كان بكه‌ن.
ئه‌م دوو تیپه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ به‌یه‌كه‌وه‌ یارییان نه‌كردووه‌،تۆتنهام ئه‌م وه‌رزه‌ باشتر له‌ چاو وه‌رزی رابردوو خۆی ئاماده‌ كردووه‌و هه‌وڵ ده‌دات ركابه‌ری له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كان بكات و له‌وه‌رزی رابردووش گه‌یشته‌ یاری كۆتایی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا، له‌به‌رامبه‌ردا بایرن میونخی ئه‌ڵمانی كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات سه‌ره‌رای ركابه‌ری له‌سه‌ر خوله‌كانی ناوه‌خۆی ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپاش ئه‌و توانایه‌ی هه‌بێت ركابه‌ری بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ بكات.

 


زێنه‌دین زێدانی راهێنه‌ری یانه‌ی ریال مه‌درید نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی هانده‌رانی تیپه‌كه‌ی كردووه‌ دوای دۆرانی به‌رامبه‌ر تۆتنهام و داوایان لێ ده‌كات ئارام گربن.
زێدان له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی دوای دۆرانیان گوتی :" تیپێكی نایابمان هه‌یه‌، به‌ڵام پێویسته‌ بردنه‌وه‌ تۆمار بكه‌ین و متمانه‌ به‌ده‌ست بهێنین".
زێدان گوتیشی:" ئه‌نجامه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌ نیه‌ تا ئێستا به‌ڵام متمانه‌م به‌ تیپه‌كه‌م هه‌یه‌ ، منیش زۆر دڵخۆشم به‌ یاریزانه‌كان".
له‌ درێژه‌كانی قسه‌كانیدا زێدان ده‌ڵێت :" تا 31 ئاب ره‌نگه‌ زۆر شت بگۆڕێت ، نه‌ك ته‌نها له‌ ڕیال مه‌درید ره‌نگه‌ له‌ زۆر تیپی تریش گۆڕانكاری ئه‌نجام بدرێت.
له‌كۆتایشدا گوتی:"نازانم جێمس له‌گه‌ڵ ئێمه‌ بۆ وه‌رزی داهاتوو به‌رده‌وام ده‌بێت یاخود نا، ئێستا بێل له‌گه‌ڵ ئێمه‌یه‌ باشتر وابوو له‌ مه‌درید بمێنێته‌وه‌ مه‌شقی زیاتر بكات، داوا له‌ هانده‌ران ده‌كه‌م ئارام بگرن و دوو دڵ نه‌بن ئیچمه‌ به‌رده‌وام باشین ، بروام وایه‌ وه‌رزێكی سه‌خت چاوه‌ڕێمان ده‌كات و سه‌ره‌تاكه‌ش بۆ ئێمه‌ سه‌خته‌".

 


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

یاری كردنه‌وه‌ی پاڵه‌وانێتی جامی ئۆدی له‌ یاریگای ئه‌لیانز ئه‌رینا له‌ نێوان هه‌ردوو یانه‌ی ریال مه‌دریدی ئیسپانی و تۆتنهامی ئینگلیزی به‌ڕێوه‌چوو ، له‌ یارییه‌كه‌شدا دوای شكسته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر ئه‌تله‌تیكۆمه‌درید ، ریال مه‌درید توشی دۆڕانێكی تر بوو له‌ یارییه‌كه‌ش به‌ گۆڵێكی بێ به‌رامبه‌ر توشی شكستى خوارد .

گۆڵی بردنه‌وه‌ی تۆتنهام له‌لایه‌ن هاری كین له‌خوله‌كی 22 تۆمار كرا، هه‌ر له‌م یارییه‌دا یاریزانانی یانه‌ی تۆتنهام چه‌ند ده‌رفه‌تێكی ئاسانی گۆڵ كردنیان له‌ده‌ستدا و ، گۆڵچی ریال مه‌درید كیلۆر ناڤاس رۆڵێكی سه‌ره‌كی بینی له‌ رزگار كردنی تیپه‌كه‌ی له‌ چه‌ند گۆڵێكی مسۆگه‌ر، به‌م بردنه‌وه‌یه‌ش یانه‌ی تۆتنهام خۆی گه‌یانده‌ یاری كۆتایی جامه‌كه‌.
له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی ریال مه‌درید تیپه‌كه‌ تاكو ئێستا چوار یاری ئه‌نجامداوه‌ سێ دۆڕانی هه‌یه‌و یه‌ك به‌رامبه‌ری هه‌یه‌، 13 گۆڵی خواردووه‌ و شه‌ش گۆڵی تۆمار كردووه‌ ، بڕیاریشه‌ ئه‌مشه‌و بۆ دیاری كردنی پله‌ی سێیه‌می جامی ئۆدی به‌رامبه‌ر به‌ یانه‌ی فه‌ناربه‌خچه‌ی توركی له‌كاتژمێر 7:00 ئێواره‌ به‌كاتی هه‌ولێر یاری بكات .

 

ئاماده‌كردنى : سامان خۆشناو

 


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

له‌ ئاهه‌نگێدا كه‌ له‌ شاری مه‌درید به‌ڕێوه‌چوو رۆژنامه‌ی ماڕكا خه‌ڵاتی ئه‌فسانه‌ی ماڕكای به‌خشیه‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی یاریزانی یانه‌ی یۆڤنتۆسی ئیتاڵی ، كه‌ ماوه‌ی نۆ ساڵ له‌ ریزه‌كانی ریال مه‌دریدی ئیسپانی یاری كرد و له‌گه‌ڵ ئه‌م یانه‌یه‌ چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی به‌ده‌ست هێنا.
له‌دوای پێدانی خه‌ڵاته‌كه‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ لێدوانێكدا گوتی :" شانازی ده‌كه‌م ئه‌م خه‌ڵاته‌م پێ ده‌درێت ، بۆمن شه‌ره‌فێكی گه‌وره‌یه‌ خه‌ڵاتێكی وام پێدراوه‌ ، سوپاسی ئه‌وانه‌ ده‌كه‌م هاوكاربوون بۆ پێدانی ئه‌م خه‌ڵاته‌" .
ئه‌م یاریزانه‌ گوتیشی:" بڕیاری جێهێشتی یانه‌ی ریال مه‌درید ئاسان نه‌بوو، چه‌ند ساڵێكی خۆشم له‌گه‌ڵ ئه‌م یانه‌یه‌ به‌سه‌ر برد و چه‌ندین نازناومان به‌ده‌ست هێنا " .
رۆناڵدۆ له‌ وه‌ڵامی پرسیاری منداڵێكی ئاماده‌بوونی ئاهه‌نگه‌كه‌ ، كه‌ پرسیاری لێ كرد كاتێك له‌ ریال مه‌درید رۆیشتنی من دڵته‌نگ بووم رۆناڵدۆش گوتی :" به‌هه‌مان شێوه‌ منیش دڵ ته‌نگ بووم".

 

ئاماده‌كردنى : سامان خۆشناو

 


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌


وابڕیاره‌ ئه‌مرۆ سێ شه‌ممه‌ (30-7-2019) یارییه‌كانی نۆیه‌مین پاڵه‌وانێتی رۆژئاوای ئاسیا له‌ وڵاتی عێراق له‌هه‌ردوو شاری كه‌ربه‌لا و هه‌ولێر به‌به‌شداری نۆ هه‌ڵبژارده‌ ده‌ست پێ بكات.
بۆ جاری یه‌كه‌مین ئه‌م پاڵه‌وانێتیه‌ له‌ساڵی 2000 ئه‌نجامدرا بۆ تیپه‌كانی رۆژئاوای ئاسیا، له‌ پاڵه‌وانێتی یه‌كه‌مین هه‌شت هه‌ڵبژارده‌ به‌شدارییان كردبوو به‌سه‌ر دوو كۆمه‌ڵه‌ دابه‌ش كرابوون له‌یاری كۆتایشدا ئێران له‌ سوریای برده‌وه‌.
پاڵه‌وانێتی دووه‌مین له‌ساڵی 2002 به‌به‌شداری شه‌ش هه‌ڵبژارده‌ ئه‌نجامدراو له‌یاری كۆتایی جامه‌كه‌ عێراق له‌ ئوردنی برده‌وه‌.
پاڵه‌وانێتی سێیه‌مین له‌ساڵی 2004 ئه‌نجامدرا شه‌ش هه‌ڵبژارده‌ به‌شدارییان كردبوو له‌یاری كۆتایی ئێران له‌ سوریای برده‌وه‌.
چواره‌مین پاڵه‌وانێتی له‌ساڵی 2007 به‌به‌شداری شه‌ش تیپ ئه‌نجامدرا و له‌یاری كۆتایی ئێران له‌ عێراقی برده‌وه‌.
پێنجه‌مین پاڵه‌وانێتی له‌ساڵی 2008 ئه‌نجامدرا شه‌ش تیپ به‌شدارییان كرد له‌یاری كۆتایی ئێران له‌ ئوردنی برده‌وه‌و بۆ جاری سێیه‌مین جامه‌كه‌ی به‌ده‌ست هێنا.
له‌ شه‌شه‌مین پاڵه‌وانێتی كوێت نازناوه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا پاش ئه‌وه‌ی له‌یاری كۆتایی له‌ ئێرانی برده‌وه‌و له‌م جامه‌ش نۆ تیپ به‌شدارییان كردبوو.
له‌ساڵی 2012 زۆرترین تیپ به‌شدارییان كردبوو كه‌ 11 تیپ بوون له‌یاری كۆتایش سوریا بردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ عێراق به‌ده‌ست هێنا.
له‌ساڵی 2013 به‌به‌شداری نۆ تیپ قه‌ته‌ر بووه‌ پاڵه‌وان پاش ئه‌وه‌ی له‌یاری كۆتایی توانی له‌ ئوردن ببانه‌وه‌.
له‌ پاڵه‌وانێتی ئه‌مجاره‌ش نۆ تیپ به‌شدارییان كردووه‌ به‌سه‌ر دوو كۆمه‌ڵه‌ دابه‌شكراون كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م له‌ تیپه‌كانی عێراق و یه‌مه‌ن و لوبنان و سوریا و فه‌ڵه‌ستین ، كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌میش له‌ تیپه‌كانی به‌حرێن و ئوردن و كوێت و سعودیه‌ پێكدێت، یه‌كه‌می هه‌ر كۆمه‌ڵه‌یه‌ك راسته‌وخۆ سه‌رده‌كه‌وێت بۆ یاری كۆتایی جامه‌كه‌.

 

ئاماده‌كردنى : سامان خۆشناو


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

وه‌ك ئاماده‌كاری بۆ وه‌رزی نوێ ساڵانه‌ بایرن میونخی ئه‌ڵمانی پاڵه‌وانێتیه‌كی چوار قۆڵی به‌ناوی جامی ئۆدی ئه‌نجام ده‌دات ، تیایدا یانه‌ به‌شداربووه‌كان تیپه‌كانیان به‌باشترین شێوه‌ تاقی ده‌كه‌نه‌وه‌ تاكو بۆ خول و پاڵه‌وانێتیه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی باش ئاماده‌بن.
بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ یارییه‌كانی جامه‌كه‌ به‌یاری نێوان ڕیال مه‌دریدی ئیسپانی و تۆتنهامی ئینگلیزی ده‌ست پێ بكات، یانه‌ی ریال مه‌درید گۆرانكاری گه‌وره‌ی له‌ ریزه‌كانی ئه‌نجامداوه‌ و چه‌ندین یاریزانی نوێی بۆ تیپه‌كه‌ هێناوه‌ ، به‌ڵام یارییه‌ دۆستانه‌ ئاماده‌كارییه‌كان گومان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئاستی تیپه‌كه‌، زێدان له‌ ئێستادا به‌هۆی زۆر بوونی كێشی له‌ هازارد نیگه‌رانه‌ و ئه‌و ئاسته‌ی پێشكه‌ش نه‌كردووه‌ له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌ ، كه‌ له‌ چێڵسی پێشكه‌شی ده‌كرد، پێكانی ئه‌سینسیۆش كێشه‌ی زیاتری بۆ دروست ده‌كات.
بۆ ئه‌م جامه‌كه‌ جارێكی تر زێدان بێلی دوورخسته‌وه‌ و ، به‌هۆی دره‌نگ په‌یوه‌ندیكردن به‌ مه‌شقه‌كانیش هه‌ریه‌ك له‌ كاسیمیرۆ و جێمس رۆدریگیز بانگهێشت نه‌كراونه‌ته‌وه‌ و به‌هۆكاری هونه‌ریش میلیتاو بانگهێشت نه‌كراوه‌ته‌وه‌ ، به‌هۆی پێكانیش هه‌ریه‌ك له‌ تیبۆ كۆرتوا و مێندی و ئیبراهیم دیاز و یۆفیتیچ بانگهێشت نه‌كراون.
هه‌رچی یانه‌ی تۆتنهامه‌ له‌وه‌رزی رابردوو ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كرد ، ئه‌م تیپه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌م وه‌رزه‌ جیاوازتر ده‌ربكه‌وێت ئه‌نجامی باشتر تۆمار بكات و بتوانێت ركابه‌ری له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كان بكات ، بۆیه‌ ئاماده‌كارییه‌كانیشی تاكو ئێستا جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی هانده‌رانی تیپه‌كه‌یه‌.
له‌یاری دووه‌م یانه‌ی بایرن میونخی ئه‌ڵمانی میوانداری جامه‌كه‌ ، میوانداری یانه‌ی فه‌ناربه‌خچه‌ی توركی ده‌كات، بایرن میونخ ئه‌مساڵ ریبێری و رۆبن و رافینیای لێ رۆیشتوه‌ به‌هۆی كۆتایی هاتنی گرێبه‌سته‌كانیان، ئه‌م تیپه‌ ته‌نها گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ سێ یاریزان واژوو كردووه‌ ئه‌وانیش دوو یاریزانی به‌رگری و یاریزانێكی لاوی هێرشبردنه‌، كۆڤاچی راهێنه‌ر تاكو ئێستا له‌ ئاماده‌كاری تیپه‌كه‌ی رازیه‌ و كار بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات له‌ درێژه‌ی بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزانان یاریزانی تر بۆ تیپه‌كه‌ی بگوازێته‌وه‌، ئه‌نجامه‌كانی ئه‌م تیپه‌ له‌ یارییه‌ دۆستانه‌كان مام ناوه‌ندن ، به‌رپرسانی یانه‌ باڤارییه‌كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ر له‌وه‌ی وه‌رزی نوێ ده‌ست پێ بكات به‌باشترین شێوه‌ تیپه‌كه‌یان ئاماده‌بێت و نایانه‌وێت وه‌ك وه‌رزی رابردوو سه‌ره‌تایه‌كی خراپ ده‌ست پێ بكه‌ن و ده‌یانه‌وێت ركابه‌ری له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م نازناوه‌كان بكه‌ن.
هه‌رچی یانه‌ی فه‌ناربه‌خچه‌ی توركیه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌م وه‌رزه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش ئاماده‌كاری بكات و جارێكی تر ركابه‌ری له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی نازناوی خولی توركیا بكاته‌وه‌ ، كه‌ له‌وه‌ته‌ی وه‌رزی 2013-2014 ئه‌م نازناوه‌ی به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌ .

ئاماده‌كردنى : سامان خۆشناو


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

یانه‌ی ئه‌یاكس ئه‌مستردام بۆ جاری نۆیه‌مین له‌ مێژوویدا نازناوی جامی سوپه‌ڕی یانه‌كانی هۆڵه‌ندای برده‌وه‌ ، پاش ئه‌وه‌ی به‌ دوو گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر له‌ ئایندهۆڤنی برده‌وه‌.
كاسپه‌ر دۆلبێرگ له‌خوله‌كی یه‌كه‌م گۆڵی یه‌كه‌می تۆمار كرد و ، له‌خوله‌كی 53 دالی بلیند گۆڵی دووه‌می تۆمار كرد.
ئه‌یاكس ئه‌مستردام وه‌ك پاڵه‌وانی جام و خول به‌شداری له‌م جامه‌كه‌ كردبوو، ئایندهۆڤنیش وه‌ك خاوه‌ن پله‌ی دووه‌می خول به‌شداری كردبوو.
ئه‌مه‌ش جاری نۆیه‌مین بوو ئه‌یاكس ده‌بێته‌ پاڵه‌وان و ، دوو نازناویشى ماوه‌ بگاته‌ یانه‌ى ئایندهۆڤن كه‌ ئه‌ویش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ خاوه‌ن ژماره‌ی پێوانه‌یی به‌ بردنه‌وه‌ی 11 نازناو .

 

ئاماده‌كردنى : سامان خۆشناو


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

هه‌ڵبژارده‌ی لاوانی ئیسپانیای ژێرته‌مه‌ن 19 ساڵان دوای بردنه‌وه‌ی له‌ پورتوگال به‌ دوو گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر نازناوی پاڵه‌وانێتی جامی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وروپای به‌ده‌ست هێنا ، یارییه‌كانی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ش له‌ وڵاتی ئه‌رمینیا به‌ڕێوه‌چوون.
فیران تۆماس رۆڵی پاڵه‌وانی یاری كۆتایی بینی كاتێك هه‌ردوو گۆڵی ئیسپانیای له‌خوله‌كه‌كانی 34 و 51 و تۆمار كرد ، بۆ جاری نۆیه‌مینیش له‌ مێژوودا نازناوه‌كه‌یان برده‌وه‌ و دواین جار له‌ساڵی 2015 به‌ده‌ستیان هێنا بوو.
ئیسپانیا خاوه‌ن ژماره‌ی پێوانه‌ییه‌ له‌ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌، ئیسپانیا له‌یاری پێشكۆتایی به‌ بردنه‌وه‌ له‌ فه‌ره‌نسا به‌ جیاوازی لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌خاڵی سزا گه‌یشته‌ یاری كۆتایی ، هه‌رچی پورتوگاله‌ له‌یاری پێش كۆتایی له‌ ئێرله‌ندای بردبووه‌وه‌ ،له‌ پێشتریشدا پورتوگال سێ جار ئه‌م نازناوه‌ی به‌ده‌ست هێناوه‌ و دواین جار له‌ساڵی 2018 بوو.

 

ئاماده‌كردنى : سامان خۆشناو