گرنگترین مانشێتەکان
نیشان دان به‌پێی به‌روار : ئازار 2019

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

دوای ڕێكەوتنی گۆڕان و پارتی بۆ تێپەڕاندنی هەمواری پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و مانەوەی كۆمەڵ لە دوڕیانی بەشداری و بەشداری نەكردنی لە كابینەی نوێی حكومەت، گرژی و ئاڵۆزی لە پەیوەندیەكانی نێوان كۆمەڵ و گۆڕان دروست بووە ، ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانیش هەڕەشەی وەڵام دانەوەی كۆمەڵ دەكات لە ئاست هێرشەكانیاندا بۆ سەر بزوتنەوەكەیان.

هێمن شێخانی ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە" كە لە ڕابردوودا گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لە خەباتی سیاسیدا پێكەوە بوون و ”ھەرگیز نامانەوێ قسە لەسەر ئەو حزبە بكەین، چونكە پێمان وایە ئەو حزبە بەپێی توانای خۆی، خزمەتی كردووە".

وتیشی" ئەو ھێرشە ناڕەوایەی بەشێك لە بەرپرسەكانی كۆمەڵی ئیسلامی“ دەیكەنە سەر گۆڕان، ”بەلاڕێدابردنی ئەو حزبەیە و دەچێتەوە خزمەتی ئەو لایەنە سیاسییەی شەڕی پۆست دەكات و بووەتە بەربەستێكی گەورە لەبەردەم پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بێگومان ھەموو لایەك دەزانێت دواخستنی ئەم كابینەیە زیان گەیاندنە بە هاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان، بۆیە تەمەنا دەكەین هیچ لایەنێكی سیاسی نەكەوێتە ژێر فشار و ئەجێندای یەكێتی، بۆ ئەوەی ئەجێنداكانی خۆی تێدا جێبەجێ بكات".

بەرپرسەكەی گۆڕان لە كۆتایدا دەڵێت" ، ”چاوەڕێ دەكەین ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی ئەو ھێرشە ناڕەوایەی بەشێك لە بەرپرسەكانی كۆمەڵ بوەستێنێت، چونكە ئەگەر ئەو ھێرشە نەوەستێت، ئەوكاتە ئێمەش ناچارین ھەر ھیچ نەبێت، بەرگری لەخۆمان بكەین، كاتێكیش بەرگریمان لەخۆمان كرد، قسەی خۆمان دەبێت"


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

لە 32 شاری باكوری كوردستان و ناوچەكانی رۆژهەڵات و باشوری رۆژهەڵاتی توركیا و رۆژهەڵاتی كارادێنیز دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانیەكان كۆتاییهات.

لە هەر یەك لە شارەكانی دیاربەكر، باتمان، بینگۆل، ئێلازی، ماردین، شرناخ و سیرت-ی باكوری كوردستان و ژمارەیەك شاری رۆژهەڵاتی توركیا دەنگدان لە كاتژمێر 04:00 ی دوانیوەڕۆ كۆتییهات لەكاتێكدا كاتژمێر 07:00 ی بەیانی دەنگدان لەو شارانە دەستیپێكردبو.

بەپێی رۆژنامەی حورییەت-ی توركی، ژمارەی دەنگدەران لە دیاربەكر 1 ملیۆن و 48 هەزار و 250، باتمان سێ سەد و 54 هەزار و 124، بینگۆل 185هەزار و419، ئێلازی 419 هەزار و 71، ماردین 484 هەزار و 284، شرناخ 285 هەزار و 753، سییرت 186 هەزار و 155 دەنگدەر بوە و لە ئێستادا كارمەندانی بنكەكانی دەنگدان لەو شارانە خەریكی جیاكردنەوەی دەنگەكانن.


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

مێرمنداڵێکی دەرهێنەری کورد، خەڵکی شاری سەقز، توانی خەڵاتی تایبەتی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی، بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

"ژیوار فەرەجزادە"، لە شاری ساحیب سەر بە شاری سەقز، خەڵاتی تایبەتی فێستیڤاڵی سلێمانی، بە دەست هێنا.

ئەو مێرمنداڵە دەرهێنەرە کوردە، لە دووهەمین فێستیڤاڵی فیلمی منداڵان، لە هەرێمی کوردستان، بە پێشکەشکردنی فیلمی "سەرۆک"، خەڵاتی تایبەتی ده‌سته‌ی داوەرانی بە دەست هێنا.

لەو فێستیڤاڵەدا، 24 دەرهێنەر لە وڵاتانی توركیا، عێراق، ئێران، هیندوستان، فەڕانسە، مالێزیا و .... بەشدارییان لە فێستیڤاڵی فیلمی منداڵان، لە شاری سلێمانی کردبوو.

ئەو فێستیڤاڵە، لە ڕۆژانی 29 هەتا 31ی ئازار 2019، لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو.

محه‌ممه‌د ئه‌مین


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

به‌ پێى زانیارییه‌كانى دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌ ، له‌ رۆژى (28)ى شوبات قوتابیان بۆ پشوو زانكۆیان جێهێشووه‌ ، ئه‌و جێهێشتنه‌ش به‌ بڕیارى فه‌رمى نیه‌ به‌ڵكو به‌ رێككه‌وتنى قوتابیان له‌ نێوان خۆیان و ئه‌م دیارده‌یه‌ش به‌ (لێدان ) ناسراوه‌ .
د. ئیدریس عه‌بدوڵڵا مامۆستا له‌ كۆلێژى زمانى زانكۆى سه‌لاحه‌دین له‌ ئه‌كاونتى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك نوسیویه‌تى :" دوای مانگێک پشوو و لێدان، هێشتا ئەمڕۆش پۆل هەیە یەک قوتابیشی نەهاتیە، پۆلیش هەیە لە پەنجاو قسور قوتابی، دە دوانزەکی هاتووە.. جادەش بەتاڵە لە قوتابی " .
د. ئیدریس عه‌بدوڵڵا په‌ژاره‌ى خۆى له‌م دۆخه‌ى قوتابیان نیشان ده‌دات كه‌ ئه‌مه‌ هۆكارێكه‌ بۆ دواكه‌وتن و ده‌نوسێت :" ئیدی دوژمنمان بۆ چییە؟ بە خوای سەد ساڵی تریش وەهابین، هەر بە هیچ نابین..هەزار حەیف و مخان " .
له‌ درێژه‌ى نوسینه‌كه‌ى ، د. ئیدریس عه‌بدوڵڵا ئاماژه‌ى بۆ شیعرێكى (حاجى قادرى كۆیى ) ده‌كات و نوسیویه‌تى :" هەزار ڕەحمەت لە حاجی قادری کۆیی، سەدو پەنجا ساڵ پێش ئێستا داخی بۆ دواکەوتوویی و خەمساردی ئەو میللەتە هەڵکێشاو گوتی:
کەسێکی وا نەبوو هەستێتە سەر پێ
بزانێ خەڵکی چۆن کەوتوونەتە ڕێ
..... ئیدی نازانم ئەو کەسە کەی لەنێومان هڵدەستێ؟؟؟

 

دارشتنه‌وه‌ : هیوا قادر


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

له‌ رۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕۆ ، له‌ (31) ئازارى ساڵى 1947 و قازى (محه‌ممه‌د ) دامه‌زرێنه‌رى كۆمارى كوردستان له‌ شارى مهاباد له‌لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتدارانى ئه‌وكاتى ته‌هڕان له‌ سێداره‌درا .
قازى محه‌ممه‌د له‌ (16-12) ساڵى 1945 و به‌ ئاماده‌بوونى جه‌ماوه‌رێكى زۆر جیابوونه‌وه‌ى ناوچه‌ى موكریانى له‌ حكومه‌تى ته‌هڕان راگه‌یاند ، ئاڵاى كوردستانیشى له‌سه‌ر قوتابخانه‌ و دامه‌زراوه‌كان له‌ شوێنى ئاڵانى حكومه‌تى ئه‌وكاتى ئێران به‌رزكرده‌وه‌ .
پاشان له‌ (22-1) ى ساڵى 1946 به‌ سه‌ركردایه‌تى حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران ، دامه‌زراندنى یه‌كه‌م كۆمارى كوردى له‌ مێژوودا راگه‌یاند ، ئه‌ویش له‌ گۆڕه‌پانى (چوارچرا )ـى شارى مهابادى رۆژهه‌ڵاتى ئێستاى كوردستان بوو ، شارى مهابادیش بووه‌ پایته‌ختى كۆماره‌ كوردییه‌كه‌ .
ئاڵاى كوردستانیش بۆ یه‌كه‌مین جار بوو له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كان به‌رزبكرێته‌وه‌ ، ئه‌و ئاڵایه‌ى به‌ ره‌نگى سور و زه‌رد و سه‌وز بوو ، له‌ وتارى قازى محه‌ممه‌دیش كه‌ به‌ بۆنه‌ى راگه‌یاندنى كۆمارى كوردستان پێشكه‌شى كرد ، پڕۆگرامێكى گشتیگرى خسته‌روو بۆ پیكهێنانى ده‌وڵه‌تێكى كوردى ، به‌ تایبه‌تى بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ خاوه‌نى هه‌موو ره‌گه‌زێكى ده‌وڵه‌ت بوو .
ته‌مه‌نى كۆمارى كوردستان له‌ مهاباد درێژ نه‌بوو ، قازى محه‌ممه‌دیش ویستى دانوستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ته‌هڕان ئه‌نجام بدات ، به‌ڵام ته‌هڕان گفتوگۆكانى ره‌تكردنه‌وه‌ و هه‌ڵمه‌تێكى سه‌ربازى گه‌وره‌شى ئه‌نجامدا ، تاكو له‌ كۆتاییدا توانى ئه‌و كۆماره‌ كوردییه‌ به‌ هاوكارى (به‌ریتانیا – ئه‌مریكا ) بڕوخێنێت .
له‌ 31 ى ئازارى ساڵى 1947 و به‌ر له‌ (72) ساڵ پێش ئێستا پاش دادگاییكردنێكى رووكه‌شیانه‌ ، قازى محه‌ممه‌دى سه‌رۆككۆمارى كوردستان له‌ مهاباد و چه‌ند سه‌ركرده‌ و تێكۆشه‌رى تر له‌ گۆڕه‌پانى (چوارچرا ) له‌سێداره‌دران .

 

ئاماده‌كردنى : هیوا قادر


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌ى

 

به‌ پێى خشته‌ى پشووى فه‌رمى بۆ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ، له‌ مانگى نیسانى داهاتوو دوو رۆژ له‌ دامه‌زراوه‌ و ده‌زگا فه‌رمییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پشووى فه‌رمى ده‌بێت .
به‌ پێى خشته‌یه‌ك كه‌ په‌رله‌مانى كوردستان ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر نیشانداوه‌ ، رۆژى (9) نیسان كه‌ رۆژى رووخانى رژێمى پێشووى عێراقه‌ ، ئه‌م رۆژه‌ ده‌بێته‌ پشووى فه‌رمى له‌ دام و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان .
هه‌ر له‌ خشته‌ى پشووه‌كانى مانگى نیسان هاتووه‌ ، جه‌ژنى ئێزیدییه‌كان كه‌ به‌ (چوارشه‌مبا سور ) ده‌ناسرێت و سه‌رى ساڵى ئێزیدییه‌كانه‌ ، هاوتاكه‌ به‌ رۆژى چوار شه‌ممه‌ (17) نیسان ئه‌ویش پشووى فه‌رمى ده‌بێت .

 

داڕشتنه‌وه‌ : هیوا قادر

 


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

قه‌زاى خانه‌قین كه‌ شارێكى كوردستانى كێشه‌ له‌سه‌ره‌و له‌ 16 ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2017 له‌ لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراو پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ كوردییه‌كان پاشه‌كشه‌یان پێكرا، له‌ ئێستادا به‌هۆى جموجوڵى به‌رده‌وامى چه‌كدارانى داعش دۆخى قه‌زاى خانه‌قین تا دێت به‌ره‌و ناهه‌موارى زیاتر ده‌چێت، خێزانه‌ كورده‌كانیش نیگه‌رانن و ژماره‌یه‌كى زۆریانیش قازاكه‌یان به‌جێهێشتووه‌، قایمقامى شاره‌كه‌ش باسى شێوازى جموجوڵى چه‌كداران ده‌كات و هۆشداریش له‌ چاره‌سه‌ركردنى دۆخه‌كه‌ ده‌دات.

كه‌ناڵى سپێده‌ له‌ به‌رنامه‌ى به‌دواداچوون، به‌دواداچوونى ورد بۆ دۆخى خانه‌قین ده‌كات، له‌ نزیكه‌وه‌ ده‌چێته‌ ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌ هێرشى چه‌كدارانى داعشى لێوه‌ده‌كرێت.

ته‌واوى به‌رنامه‌كه‌ ببینن:


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

دوێنێ له‌ دواى نوێژى هه‌ینى له‌ مزگه‌وتێكى شارى هه‌ولێر، چه‌ند قوتابییه‌كى زانكۆى كۆیه‌، به‌رماڵیان ڕاخست بۆ كۆكردنه‌وه‌ى هاوكارى بۆ قوتابیانى به‌شه‌ناوخۆیی.

له‌و باره‌یه‌وه‌ راگه‌یاندنكار محه‌مه‌د شه‌هاب له‌ ئه‌كاونتى خۆى له‌ فه‌یسبوك نوسیویه‌تى: ئەو دیمەنەی مزگەوتێکی شاری هەولێر نیشانەی مەئساوی بوو، تەواو نیگەرانی کردم.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردووه‌: سەرەتا مامۆستای وتاربێژ بانگەوازی دەستپێکرد بۆ کەسێکی هەژارنا، بۆ لێقەوماوێک نا، بەڵکو بۆ بەرزترین چینی خوێنەواری ئەم وڵاتە کە قوتابیانی زانکۆیە، دواتر چەند قوتابییەک لەگەڵ ڕاخستنی بەرماڵ هاواری بەهاناوە هاتنی قوتابیانیان دەکرد! .

ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ ئه‌وه‌شى نوسیوه‌: منیش تاوێک لە شوێنی خۆم بەرامبەر بەرماڵ و هاواری قوتابیان ڕامام و تاسام، چینێک کە هەموو سەرچاوەکانی پێشکەوتنی وڵاتی پێوە بەندە بە سواڵ دەستپێ بکات! ئەبێ داهاتووی ئەو وڵاتە چۆن بێ کە وەزعی ناوەندی خوێندن و زانستەکەی بەم شێوەیەیە!.

ئه‌وه‌شى خستۆته‌ڕوو: بۆیە پێویستە حکومەت بە زووترین کات بێتە سەر خەت و ئەم فەزاحەتە ڕاگرێت و تەواوی ژیانێکی شایستە بۆ قوتابیان دەستەبەر بکات کە سەرەتاییترین ماف خۆی لە گەڕانەوەی دەرماڵەی قوتابیاندا دەبینێتەوە.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ ماوه‌یه‌كه‌ رێكخراوى گه‌شه‌پێدانى قوتابیانى كوردستان هه‌ڵمه‌تێكى راگه‌یاندووه‌، بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌ى قوتابیانى زانكۆ و په‌یمانگاكان كه‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ بڕاوه‌.


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

فراکسیۆنەکانی یه‌كگرتوو و نەوەی نوێ و کۆمەڵ، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانیان لەسەر پرسی کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم بایکۆتکردو سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو رایده‌گه‌یه‌نێت: ده‌بوایه‌ ئه‌وله‌ویه‌تى كارى په‌رله‌مانى كوردستان كوردستان پرۆژه‌ یاساكانى خه‌مى خه‌ڵك بوایه‌.

د.شێرکۆ جەودەت سەرۆكی فراکسیۆنی یەکگرتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند: پەیڕەوی ناوخۆ پێشێلکراوە لە هەڵبژاردنی پڕۆژە یاساکانی فراکسیۆنەکان، شێوازی تاکڕەویی پەیڕەو دەکرێت و دروستکردنی پۆست و پلەوپایە خراوەتە پێش خەمەکانی خەڵکەوە.

وتیشى: ده‌بوایه‌ ئه‌وله‌ویه‌تى كارى په‌رله‌مانى كوردستان پرۆژه‌ یاساكانى خه‌مى خه‌ڵك بوایه‌، نه‌ك به‌ شێوه‌یه‌كى تاكڕه‌ویى و ناپه‌یڕه‌ویى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم هه‌موار بكرێته‌وه‌.

د.شێرکۆ جەودەت ئه‌وه‌شى وت: پرۆژه‌كانى ئێمه‌ كه‌ هه‌مووى خۆى له‌ خه‌مه‌كانى خه‌ڵكیدا ده‌بینێته‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى ناپه‌یڕه‌وى پشتگوێخران، له‌وانه‌: پرۆژه‌یاسای منداڵه‌ وون بووه‌كان له‌ كۆچه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی كوردستان ، پرۆژه‌ یاسای مرۆڤسازی و پرۆژه‌یاسای هه‌مواری یاسای وه‌به‌رهێنان و پرۆژه‌ یاسای پێشینه‌كان و پرۆژه‌ یاسای چاكسازی له‌ كه‌رتی گشتی.

هاوكات: کازم فاروق سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایگەیاند: سەرۆکایەتى پەرلەمان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکى گەورەدایە و پارتى ناتوانێت بە زۆرینە سەرۆکێکى گشتگیر دابنێت بەڵکو سەرۆکێکى ڕەمزى دەبێت.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌، عەبدولستار مەجید سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ ڕایگەیاند: ناکرێت پڕۆژەکانى ئێمە و نەوەى نوێ و یەکگرتوو پەراوێز بخرێن و دەبوو پرۆژەکانی ئەوانیش بخرانایەتە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمانەوە.

وتیشی، فراکسیۆنی کۆمەڵ داوایکردووە چەند ڕۆژێک پرۆژە یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم دوابخرێت، بۆئەوەی کۆدەنگی لەسەر دروست ببێت، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.

ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر داواى فراكسیۆنه‌كانى پارتى و گۆڕان، كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان تایبه‌ت به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا.


دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

له‌سه‌ر داواى فراكسیۆنه‌كانى پارتى و گۆڕان، كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان تایبه‌ت به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكرد.

به‌ گوێره‌ی ناوه‌ڕۆكی بانگهێشتنامه‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ په‌رله‌مانتاران، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌ی یاسای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت.

پێشتر فراكسیۆنه‌كانى پارتى و گۆڕان و چه‌ند فراكسیۆنێكى ترى په‌رله‌مانى كوردستان پرۆژه‌ یاسای هه‌موار كردنه‌وه‌ى یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاراسته‌ى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كرد.

ئه‌و فراكسیۆنانه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان، داوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌مواری شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تا په‌سەندكردنی ده‌ستوور ده‌كه‌ن.

هه‌فته‌ى رابردوو، جه‌لال محه‌مه‌د په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنی گۆڕان به‌ دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌ى راگه‌یاند: گۆڕان لاری نیه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی بمێنێته‌وه‌ له‌ ئێستادا به‌ڵام ده‌بێت له‌په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردرێت بۆ جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ به‌پێی ڕێكه‌وتنی پارتی و گۆڕان ئه‌و پشكه‌ به‌ر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌وتوه‌ گۆران، وتیشى: كاندیدمان یه‌كلا كردۆته‌وه‌.