گرنگترین مانشێتەکان

تۆ و ئەو!

تۆ و ئەو!

د.رەئوف كەریم پێنجوێنى

تۆ ئەوەیت كە هەیت. هەر بەو جۆرەش دەربكەوە كە هەیت. واتە خۆت بە، نەك كەسی تر، چونكە لە خۆبووندا خۆدۆزینەوە هەیە و، لە ئەویتربووندا ونكردنی خود هەیە. تۆ رێك بەو شێوەی كە هەیت زۆر باشیت، زۆر جوانیت، زۆر شیاویت، زۆر شكۆمەندیت، زۆر گەورەیت. ئەزانی بۆ؟!

ئەگەر عاریفانە وەڵامت ئەوێت، چونكە خوای بەدیهێنەر كاری نابەجێ ناكات، مرۆڤی ناپێویست خەلق ناكات، باشترین دروستكراوەكانی بێ ئەرزش ناكات. بەشێك لە رۆحی خۆی ون ناكات. ئەوە رێك خۆمانین كە لە كاتی سەرقاڵبوون بەبوونمان بە یەكێكی تر، خوا و خۆمان و هەموو مانا جوانەكانمان ون دەكەین.

ئەگەر ماتیریاڵیستانە بۆ وەڵامێك دەگەڕێیت، دیسان تۆ و ئەو وەك یەك دروست كراون، هەمان ئەندام و خانە و شانەتان پێدراوە، بەڵام ئەو هەموو سودێكی لێ دەبینێت، كەچی تۆ وەك تەماشاكار وایت و، قسە و دەربڕینەكانت كردۆتە هێرشێك لە رەخنەی روخێنەر لەسەر خۆت و لە دژی خۆت. سەرەنجام، لە باشترین حاڵەتدا، جەستەیەكی خاو و خەونێكی ون و ژیانێكی وەستاو چاوەڕێت دەكات، ئەوە ئەگەر نەتكاتە تاكێكی زیانبەخش و تاوانكار لە كۆمەڵگەدا.

ئەگەر ئەتەوێت بزانیت مرۆڤ چەندە بەتوانایە، دوور مەڕۆ، بەڵكو، وەك لە ناو خەڵكیدا دەوترێت، رێك لەو كەسە نزیكەت بپرسە كە لە ژێر كاریگەری هەڕەشە و ترسی دەسەڵاتی بەعس لەسەر خۆی و مناڵەكانی، بە كۆڵێكی قورسەوە لە سلێمانیەوە هەر بە پێ گەیشتە سنورەكانی بانە و مەریوان، لە هەولێرەوە گەیشتە سنورەكانی مەهاباد و سەردەشت. ئەوان هیچ كات پێیان وانەبوو دەتوانن ئەو هەنگاوە گەورە و خێرا و بێوچانانە بنێن لە ژێر لێزمەی باران و لە چاوەڕێی لەتێ ناندا. رەنگە هەر خودی خۆت ئەوكات كە منداڵ بوویت دەیان كیلۆمەترت بە پێیە بچوكەكانت بڕیبێت و، پێت وابووبێت وەرزش ئەكەیت. تۆ ئەو بەهێزە بوویت، نەك ئەم لاوازە.

تۆ ئەگەر عەوداڵی داهاتوویەكی گەش و ژیانێكی ئاسوودە و هزرێكی خاوێن و دەروونێكی ئارامیت، رێك لە خۆتدا بۆ خۆت بگەڕێ و بە خۆتەوە سەرقاڵ بە و لە تواناكانی خۆتدا بونیادی داهاتووت بنێ. هەمیشە لە یادت بێت پێغەمبەران و شۆڕشگێڕان و زانا بەناوبانگەكان و سەرمایەداران، هەموویان لە خۆیاندا بۆ سەركەوتن گەڕان، ئەوجا بوون بە سەرمەشق و تیملیدەری هاوڕێی و هاوكارەكانیان.

دیسان لەیادت بێت:
ئەگەر سەركەوتنی خۆت لە ئەودا هەڵچنی، دەرەنجامەكەی رق و ئیرەیی و خەمۆكی و دۆڕانە. خۆ ئەگەر رێزت لە تواناكانی خۆت گرت، ئەگەر لە خۆتدا بۆ خۆت و بۆ سەركەوتن گەڕایت، هەمیشە رێز لە كەسانی دیكەش دەگریت، چونكە دەزانیت كە ئەوانیش وەك تۆ رێز لە خۆیان دەگرن. ئەوەی رێز لە خۆی نەگرێت، كەسیش رێزی لێناگرێت.