گرنگترین مانشێتەکان

ئەوەی پایەداری بە مرۆڤ دەبەخشێ

ئەوەی پایەداری بە مرۆڤ دەبەخشێ

عوسمان حمەکریم زەڵمی

حەقیقەتەو لێی دڵنیاین کە خوای (متعال) بە حکمەتی ڕەھای مرۆڤی بۆ تاقیکردنەوە بەدیھێناوە ، وە ئەم ژیانی دونیایەش وێستگە و مۆتەکەیەتی ، بۆئەو مەبەستە بەنرخترین ھۆکاری سەرکەوتنی پێ بەخشیوە کە ژیری و ئاوەزو ئەقڵە، لەگەڵ دژەکەیدا کە ئارەزوو حەزو ھەوەسە، وە مرۆڤ ھەرکامیانی کردە ڕێنمای خۆی ، ئەوەیان زاڵ دەبێت بەسەر ئەویتریاندا.
جا ھەرکات ئادەمیزاد کەوتە شوێن ھەوەس و ئارەزووەکانی راستەوخۆ ئەقڵ و ژیری لاوازدەبێ ، چونکە ناکرێت و ناتوانێ لە یەککاتدا مرۆڤ بەدوو ئاراستە ڕێ بکات، ھەم بە ئەقڵ و وەھەم بە ھەوەس ، وە خۆی ئازادو سەرپشکە، دەتوانێت یەکێکیان ھەڵبژێرێ.
وەختێک خوای گەورە ئاماژە بەتیاچوونی گەلێک دەدات باسی ھۆکارەکەشی دەکات ، بەبەڵگەی: (فَاسْتَخَفَّ قَوْمَهُ فَأَطَاعُوهُ إِنَّهُمْ كَانُوا قَوْمًا فَاسِقِينَ) الزخرف / ٥٤ . لێرەدا پەیوەندیەکی ورد ھەیە لە نێوان وشەی (الفسق) لەگەڵ (خفة العقل)دا ، یەکەمیان بە واتای لە سنوور دەرچوون دێت و دووەمیش بە مانای ڕێکوپێک ئاراستە وەرگرتن لە بواری گووفتارو کردارو بڕیارو ھەڵوێستدا دێت: ( فَخَلَفَ مِنْ بَعْدِهِمْ خَلْفٌ أَضَاعُوا الصَّلَاةَ وَاتَّبَعُوا الشَّهَوَاتِ فَسَوْفَ يَلْقَوْنَ غَيًّا) مریم/ ٥٩
ئەو غەریزانەی کە خوا لە مرۆڤدا بەدیھێناون ، ڕێگای خاوێنی دیاری کردووە بۆ دەخستنیان، ئەوە ئەرکی ئاوەزە ئەو ڕێگایانە بناسێت و بیانگرێتە بەرو ، بەدرووستی ھەم دەستیان بخات وەھەم سودیان لێ ببینێت ، لەوانە زینەت و جوانی لە : (ماڵ ، ئافرەت ، ناوو شۆرەت ، کورسی و پۆست و دەسەڵات و .. تاد). دەی نادرووست دەسکەوتن و خراپ بەکارھێنانیان دەبێتە دەرچوون (الفسق) لە نەھجی خالقی ئەو بەخشش و نیعمەتانە و دژی ژیری دەوەستێتەوەو خاوەنەکەی بە ھیلاکدا دەبات.
کەوایە ئامانج لە خەلقی ئەقڵ بۆ ئەوەیە تاکو ببێتە ئامرازێک بەدەست مرۆڤەوەو بە ھۆیەوە ھەم خاوەن و وەھەم ئەرکی پێ بناسێ و بەدرووستی جێبەجێی بکات ، بەمە مرۆڤ ئینسانی بوونی دەسەلمێ و لەباقی شتەکانی تر جیا دەکرێتەوە ، بەپێچەوانەوە گەر بێتو کەسێ شتێک پەسەند کات بەبێ بەڵگەی شەرعی و دژ بێت بە مەنتیق و فیترەت و ئەقڵی ساغ ، ئەوە ئەو کەسە نەفامە و بە ھەرزان مرۆڤبوونی خۆی ھەڕاج کردووە، وە بەکەوتنە دوای مەیل و ھەوەسی دابەزیوەتە ئاستی ئاژەڵانەوە.
کەواتە وەک مرۆڤ شتێکمان نیە بە ئەندازەی ئەقڵ پلەو پایەی مرۆڤ بەرز بکاتەوەو جـوانی سەرداریەتی دەربخات. دەی کەوایـە لەبـەر ئەم بەھاداریە یە قورئانی موبارەک نزیک بە ھەزار ئایەتی باس لە ئەقڵ و زانست و مەرعیفەی کردووە ، ئەوەیە کە وتراوە ئیسلام ئاینی ژیری و ئەقڵ و ئاوەزە: ( أفلا يعقلون ؟ أفلا ينظرون ؟ أنى تؤفكون ؟ قليلاً ما تذكرون ).
فرعەون کاتێک قەومەکەی سووک و بێوەزن و کزو کزۆڵ دەکات ، زەمەنێک کار لەسەر جەوھەریان دەکاو ئەقڵیان لاواز دەکات و لەکاری دەخات ، بە شوێنکەوتن و سەرکردنە حەزو ئارەزووات و مەیلی ناشەرعی و بێ سنووری ، دەی دواکەوتنی ئەو جۆرە لە ھەوەس و ئارەزوو دژی ژیری و ئەقڵی ساغە و ئەنجامی دەرچوونە لەڕێی ڕاست ، وە لەدەستدانی غیرەت و شکۆو ڕێزداری خاوەنەکەیەتی: ( وَلَا تَتَّبِعِ الْهَوَى فَيُضِلَّكَ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ ) ص/ 26 .
کاتێک مرۆڤ چرای ئاوەز ھەڵدەکات و ئاراستەی بەپێی ڕۆشنایی ژیری دەبێ ، ئەوکات زانستی و ورد بیردەکاتەوەو درووست قۆناغەکان دەخوێنێتەوە و تەریب ھەنگاوەکانی ھەڵدەگرێ و مەحکەم بڕیار دەدات و بەدڵنیایی ھەڵوێستەکانی ڕادەگەیەنێ. ئیتر ھەم ژیانی دنیای کە کێڵگەی کارو ئەرکیەتی ئاوەدانە، وەھەم ئاخڕەتی کە جێی پاداشتیەتی ئاوەدانە ، ھەروەک بە تەواوی دوور و پارێزراو دەبێت لە خواست و خۆزگەی پڕلەداخ حەسرەت: (قَالَ رَبِّ ارْجِعُونِ لَعَلِّي أَعْمَلُ صَالِحًا فِيمَا تَرَكْتُ ۚ كَلَّا ۚ إِنَّهَا كَلِمَةٌ هُوَ قَائِلُهَا)المؤمنون/ 100
ئەقڵ ئینسان ڕائەگرێت و باری دەھێنێت لەسەر بیرکردنەوەی ورد و درووست ، دەربارەی خەلق و ژیان و مردن ، تاوەکو بتوانێ تەم و مژی گومان لەسەر حەقیقەتەکان ڕاماڵێ و ئەرکی خۆی بەراربەریان بە جوانی ئەدا بکات : ( إِنَّ فِي خَلْقِ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَاخْتِلَافِ اللَّيْلِ وَالنَّهَارِ لَآيَاتٍ لِأُولِي .. رَبَّنَا مَا خَلَقْتَ هَذَا بَاطِلًا سُبْحَانَكَ فَقِنَا عَذَابَ النَّارِ) آل عمران/ 190 . (فأي المؤمنين أفضل: قال : أحسنهم خلقا . قال : فأي المؤمنين أكيس ؟ فقال : أكثرهم للموت ذكرا وأحسنهم له استعدادا)، الراوي: عبدالله بن عمر . المحدث: ابن حجر العسقلاني المصدر: الفتوحات الربانية (4/51) .
ھەڵبژاردنی ئەقڵ لەگەڵ ئیماندا ، بژاردەی کات و ساتە نەوەک خیاری پەسەندکردن ، چونکە حەق شتێکی جێگیرو نەگۆڕو بەردەوام و ئامانجدارەو ، مردن نمایشەو تووشی نەفس دەبێت و کۆتایی ژیانی مرۆڤ نیە، بە بەڵگەی: ( كُلُّ نَفْسٍ ذَائِقَةُ الْمَوْتِ وَإِنَّمَا تُوَفَّوْنَ أُجُورَكُمْ يَوْمَ الْقِيَامَةِ ۖ فَمَن زُحْزِحَ عَنِ النَّارِ وَأُدْخِلَ الْجَنَّةَ فَقَدْ فَازَ وَمَا الْحَيَاةُ الدُّنْيَا إِلَّا مَتَاعُ الْغُرُورِ) آل عمران/ 158 ، بەڵکو بەرەو ژیانی نەمری و ھەمیشەیی دەڕوات ، یا لەنازو ڕێزو نیعمەتا، یاخود لە بەدبەختی و سزاو ئازارا دەبێت: ( وَفِيهَا مَا تَشْتَهِيهِ الْأَنفُسُ وَتَلَذُّ الْأَعْيُنُ وَأَنتُمْ فِيهَا خَالِدُونَ) الزخرف/ 71
ئەقڵی ساغ بەدوای نەقڵی ڕاستدا دەگەڕێ و پەسەندی دەکات، چونکە نەقڵی ڕاست ئیعجازی تیایە ، کە بە جوانی تەریب و ئاڵاوە لەگەڵ ژیری و ئاوەزدا ، کاتێ دەبینێ خوای باڵادەست بۆ پێغەمبەرانی پێچەوانەی سوونەن و یاسا باوو جێگیرەکانی شتانێکی پێ بەخشیون لەبەر ئامانج و مەقسەدێک ، نایداتە دواوەو ڕووبەڕووی نابێتەوە ، بەڵکو پەسەندی دەکات ، چونکە دەزانێ: (انّ الله على كل شيء قدير ) ، جا خەلقی پێغەمبەر (یحیی ـ علیە السلام) بێت لە باوکێکی پیرو دایکێکی نەزۆک ، یا پێغەمبەر (عیسی ـ علیە السلام) بێت تەنھا لە دایکێکی پاکداوێنی بێ پیاو ، یاخود باوکە (ئادەم ـ علیە السلام) بەبێ دایک و باوک: ( إِنَّ مَثَلَ عِيسَى عِنْدَ اللَّهِ كَمَثَلِ آدَمَ) آل عمران/ 59
نووری ئەقڵ و ئاوەز خاوەنەکەی دەپارێزێ لە چەلەحانەو موشتومڕی بێ ئامانج و کاتکوژ ، کاتێک دەشتەکیەک دێت و داوای مۆچیاری لە پێغەمبەر() دەکات ، ئایەتی : ( فَمَنْ ێعْمَلْ مِپْقَاڵ ژَرَّەٍ خَیْراً ێرَەُ ۆمَنْ ێعْمَلْ مِپْقَاڵ ژَرَّەٍ شَرّاً ێرَەُ )ی بۆ دەخوێنیتەوە. دەستبەجێ داواکار دەڵێ : بەسمە، بەسمە !! پێغەمبەر () پێی سەرسام دەبێت و دەفەرموێ : (فقە الرجل).
ڕۆشنایی ئاوەزو ژیری خاوەنەکەی ڕادێنێ لەسەر ڕێک وەستان لە ئاست فەرمانی خواو نواندنی گەردنکەچی و گوێڕایەڵی بۆ فرمانی و پابەندبوون بە خواستی ئیمانەوە ، بەبێ دڵەڕاوکێ و دواکەوتن و خۆبواردن . ھەرگیز بەزانین و قەست و ویست سنوورەکان نا بەزێنێ و بەرژینەکان ناشکێنێ و دەرفەتی گەڕانەوە و تەوبەکردن لە خەتا و ھەڵەکانی لەدەست نادات ، ڕەزامەندی خوا دەبێتە مەزنترین خولیا و خەون و خواست و ئامانجی: ( يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ حَقَّ تُقَاتِهِ وَلَا تَمُوتُنَّ إِلَّا وَأَنْتُمْ مُسْلِمُونَ) آل عمران/ 102.
بۆ ئەو مەبەستە مەغزادارو بەنرخ و مەزنە، چاو دەبڕێتە یارانی سەردەمی وەحی و ئەوانەی بە درووستی دوای ئەوان کەوتوون و دەکەون بە پێوەری ئەقڵی ساغ و واقع ، نەک بانگەشەو دروشم: ( وَالسَّابِقُونَ الْأَوَّلُونَ مِنَ الْمُهَاجِرِينَ وَالْأَنصَارِ وَالَّذِينَ اتَّبَعُوهُم بِإِحْسَانٍ رَّضِيَ اللَّهُ عَنْهُمْ وَرَضُوا عَنْهُ وَأَعَدَّ لَهُمْ جَنَّاتٍ تَجْرِي تَحْتَهَا الْأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا أَبَدًا ذَلِكَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ ) التوبة/ 100
ڕووناکی ئاوەزو ژیری قەناعەت بەخاوەنەکەی دەکات تاکو جوانیەکانی مێژوو ھەڵگۆزێ و لە ڕوداوەکانی ژیانیدا بەپێی گونجان کەڵکیان لێ ببینێ ، وە ناشیرینیەکانی بداتەدواوە ، بەبێ گلەو گازندە بۆ سەرخاوەنەکانیان ، چونکە ئەوان ئاکامی کردەی خۆیان بۆخۆیانە و ئەوەی ئێمەش بۆ خۆمانە: ( تِلْكَ أُمَّةٌ قَدْ خَلَتْ لَهَا مَا كَسَبَتْ وَلَكُمْ مَا كَسَبْتُمْ وَلَا تُسْأَلُونَ عَمَّا كَانُوا يَعْمَلُونَ ) البقرة/ 134
مرۆڤ لەژێر ڕۆشنایی ژیریدا تێدەگات کە پەندو عبرەت لەقەست و بەجێگەیاندن خواستی ئیلاھیە، بە خۆبواردن لەمشت و مڕی بێجێ و ڕێ و ، دووری گرتن لە موحاکەمەی نیەت و مەبەستی نادیار ، وە خۆپاراستن لە وتی وتی و مالایەعنی: ( إنَّ اللهَ كَرِهَ لكم ثلاثًا : قيلَ وقالَ ، وإضاعةَ المالِ وكثرةَ السؤالِ)، الراوي: المغيرة بن شعبة ، المحدث: البخاري :صحيح البخاري (1477).
نووری ئەقڵ ھاوەڵەکەی ڕامدێنێ لەسەر دووریگرتن لە ناکۆکی و دووبەرەکی فکری، بەڵکو دەیکاتە کەسێکی کرداری و واقعی، باپەندی دەکات بە بەڵێنەکانیەوە ، دوژمنی ڕاستەقینەی پێ دەناسێنێ ، ئەوەی ھۆکارە بۆ دروستکردنی ناکۆکی و دووبەرەکی نێوانی مرۆڤەکان کە شەیتانە: ( وَاتَّبِعُونِ هَذَا صِرَاطٌ مُسْتَقِيمٌ وَلَا يَصُدَّنَّكُمُ الشَّيْطَانُ إِنَّهُ لَكُمْ عَدُوٌّ مُبِينٌ ) الزخرف/ 61، 62 .
چونکە جیاوازی و ناکۆکیەک سەربکێشێ بۆ دژایەتی ، لەدەق (النص)دا نیە، بەڵکو لە ناخ و نەفسی لاوازو خۆپەرست و سەرکێشدا سەر ھەڵدەدات: (فَاخْتَلَفَ الْأَحْزَابُ مِنْ بَيْنِهِمْ)الزخرف/ 35 . ئەوەش لە ئەنجامی ئیرەیی و ستەم و دژایەتی و خۆبەگەورە زانین و پاوانخوازی و بەرژەوەندچێتی و ڕکەبەرایەتیە: : (وَأَنَّ هَذَا صِرَاطِي مُسْتَقِيمًا فَاتَّبِعُوهُ وَلَا تَتَّبِعُوا السُّبُلَ فَتَفَرَّقَ بِكُمْ عَنْ سَبِيلِهِ) الأنعام/ 153 . ئاکام و ئەنجامەکەشی: ( فَوَرَبِّكَ لَنَسْأَلَنَّهُمْ أَجْمَعِينَ عَمَّا كَانُوا يَعْمَلُونَ) الحجر/ 92، 93
ھەردەم ئاقڵمەندان و ئاوەزداران بەبێدارای و ئاگاییەوە چرای ژیری ھەڵدەکەن بۆ خۆیان و دەورو بەریان، لەسەرچاکەکاری و پاریزکاری دەستباری یەکتر دەدەن و ھاوکاری یەکتری دەکەن ، دوورن لە منەتنان و ئەزیەتدان ، بە شەوقەوە لەگەڵ یەک دەژین و بۆیەک بە کەیفن، چونکە تەقواو خۆپارێزی بەدروستی ئەوانی ھۆنیوەتەوە لەیەک تەزبیحی دەنکە مرواری بەنرخی گران بەھادا: (هَلْ يَنْظُرُونَ إِلَّا السَّاعَةَ أَنْ تَأْتِيَهُمْ بَغْتَةً وَهُمْ لَا يَشْعُرُونَ الْأَخِلَّاءُ يَوْمَئِذٍ بَعْضُهُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ إِلَّا الْمُتَّقِينَ) الزخرف/ 66، 67