گرنگترین مانشێتەکان

تره‌مپ و گه‌شه‌پێدانی‌ نادیموكراتی

تره‌مپ و گه‌شه‌پێدانی‌ نادیموكراتی

‌ عومه‌ر عه‌لی‌ محه‌مه‌د

ئه‌و گوتاره‌ نوێیه‌ی‌ كه‌ دۆناڵد ترامپ به‌رامبه‌ر به‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ ته‌عبیری‌ لێ‌ ده‌كات، به‌ نیسبه‌ت سیاسه‌ته‌كانی‌ ئه‌مریكاوه‌ شتێكی‌ نوێ‌ نییه‌، چونكه‌ له‌ درێژی‌ هه‌شت ساڵی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ دیموكراته‌كانیشدا سیاسه‌تێكی‌ رۆشن به‌رامبه‌ریان پیاده‌ نه‌كراوه‌ هه‌تا بڵێین ئه‌مه‌ قۆناغێكی‌ مه‌ترسیدارتره‌ له‌وه‌ی‌ پێشوو كه‌ روویداوه‌ راسته‌ له‌سه‌رده‌می‌ ئۆبامادا به‌وشێوه‌ تونده‌ روبه‌ڕووی‌ مسوڵمانه‌كانی‌ ئه‌مریكا و هێزه‌كانی‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ نه‌بوونه‌وه‌، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ دوودڵی‌ و راراو زۆرجاریش دوالیزمه‌یی‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كردوون.

هه‌رچه‌ند ئۆباما له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ قاهیره‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ستبه‌كاربوونیدا جه‌ختی‌ كرده‌وه‌ له‌سه‌ر پشتیوانی‌ ئیسلامی‌ میانڕه‌و و دڵخۆشی‌ خۆی‌ نیشاندا به‌رامبه‌ر به‌ مسوڵمانه‌ دیموكراته‌كان، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا له‌ شۆڕشه‌كانی‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بیدا هیچ پشتیوانیه‌كی‌ له‌ سه‌ركه‌وتنی‌ ئه‌و مسوڵمانه‌ دیموكراتانه‌ نه‌كردو دواجاریش له‌لایه‌ن هێزه‌ عه‌سكه‌رتار و عه‌لمانی‌ و چه‌په‌كان ئه‌م هه‌له‌ قۆزرایه‌وه‌و له‌رێگه‌ی‌ فشار و كوده‌تای‌ سه‌ربازیه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات دوورخرانه‌وه‌ و میسریش باشترین نموونه‌بوو كه‌ ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر كوده‌تاكه‌ی‌ سیسی‌ هیچ هه‌ڵوێستێكی‌ ئه‌وتۆی‌ نه‌بوو، به‌ڵكو له‌دوای‌ كوده‌تاكه‌شه‌وه‌ میسر كه‌ناڵه‌ فه‌رمیه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مریكا كرده‌وه‌و ئه‌مریكاش به‌هه‌مان شێوه‌ی‌ رژێمی‌ پێشوو درێژه‌ی‌ به‌ یارمه‌تیه‌كانی‌ دا.

رژێمه‌ عه‌ره‌بیه‌كان له‌دوای‌ شۆڕشی‌ سارده‌وه‌ هه‌ستیان ده‌كرد كه‌ ئه‌و رۆڵه‌ گرنگه‌ی‌ جارانیان نه‌ماوه‌ له‌لای ئه‌مریكا، هه‌رله‌به‌رئه‌وه‌ش بوو كه‌ به‌ده‌ست شلكردنی‌ ئه‌مریكا لێیان كۆمه‌ڵێَك رژێم یه‌كسه‌ر هه‌ره‌سیان كرد و بارودۆخێكی‌ نوێ‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست هاته‌ ئاراوه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه‌ به‌ نه‌مانی‌ ئه‌و رژێمانه‌ به‌دیله‌كه‌ی‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ و له‌رێگه‌ی‌ دیموكراسی‌ و سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ده‌توانێت شه‌رعیه‌ت بۆخۆی‌ وه‌ربگرێت.

به‌ڵام به‌شێوازی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵاته‌ نوێیه‌كاندا ده‌ركه‌وت كه‌ ئاماده‌نین پشتیوانیان لێ‌ بكه‌ن و بارودۆخی‌ سیاسی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست به‌ ئاراسته‌ی‌ كرانه‌وه‌و دیموكراتی‌ گه‌شه‌ بكات، چونكه‌ له‌و بڕوایه‌دابوون كه‌ دیموكراسی‌ و ئازادی‌ و كرانه‌وه‌و گه‌شه‌پێدان ره‌خساندنی‌ هه‌لێكه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ وله‌ ێگه‌ی‌ دیموكراسیه‌وه‌ ده‌گه‌نه‌ كورسی‌ ده‌سه‌ڵات، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ نوێیه‌ی‌ ئه‌مریكا و رۆژئاوا جارێكی‌ تر به‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌قلیدیه‌كانی‌ دنیای‌ عه‌ره‌بی‌ بوو. له‌دوای‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ شه‌ڕی‌ داعش و دروست بوونی‌ هاوپه‌یمانیه‌تێكی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ جارێكی‌ تر ئه‌م رژێمانه‌ هه‌ستیان كرد كه‌ پێگه‌یان به‌ گرنگیه‌وه‌ سه‌یر ده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌وان له‌پێناو مانه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدا ئاماده‌ن هه‌موو شتێك بۆ رۆژئاواو ئه‌مریكا بكه‌ن به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌ دژایه‌تی‌ توندڕه‌وی‌ بێت و له‌ژێر ئه‌م دروشمه‌دا ئه‌وان شه‌ڕی‌ هه‌موو ئیسلامیه‌ك ده‌كه‌ن.

ئه‌گه‌ر سه‌رنجی‌ گوتاری‌ ترامپ بده‌ین به‌رامبه‌ر به‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ ده‌بینین كه‌ جیاوازیه‌ك ناكات له‌نێوان ئیسلامی‌ میانڕه‌و و توندڕه‌ودا، به‌ڵكو هه‌موویان ده‌خاته‌ یه‌ك قاڵب و به‌تایبه‌تیش دژایه‌تی‌ ئیخوان كه‌ گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئیسلامی‌ میانڕه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ جیهانداو ئێستا له‌گه‌ڵ‌ داعشدا هاوتایان ده‌كات. لێره‌وه‌ رژێمه‌ عه‌ره‌بیه‌كان ئه‌و شانسه‌یان بۆ گه‌ڕایه‌وه‌ كه‌ به‌شوێنیدا ده‌گه‌ڕان بۆ لێدانی‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌. چونكه‌ له‌ ئێستادا ته‌نها مه‌ترسیه‌ك بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌م رژێمه‌ عه‌ره‌بیانه‌ به‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌م پارت و كۆمه‌ڵه‌ و گروپه‌ ئیسلامیه‌كانن، به‌تایبه‌تیش میانڕه‌وه‌كان، چونكه‌ توندڕه‌وه‌كان شێوازی‌ كاریان دیاره‌و به‌ره‌و رووبوونه‌وه‌شیان ئاسانه‌، به‌ڵام میانڕه‌وه‌كان به‌شێكی‌ گه‌وره‌ی‌ شه‌قام پێكده‌هێنن، به‌شداری‌ له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ و میدیای‌ ئازادا ده‌كه‌ن، چونه‌ ناو زۆر پێگه‌ی‌ گرنگی‌ حكومه‌ت و زۆرجاریش ره‌مزه‌ گه‌وره‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ پێكده‌هێنن، له‌به‌رئه‌وه‌ گه‌ڕان به‌شێون شه‌رعیه‌تدان به‌لێدان و سه‌ركوتكردنی‌ ئه‌مانه‌ ئاسان نیه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌وان پێیان خۆشه‌ كه‌ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان درێژه‌ به‌كاره‌ سیاسیه‌كانیان بده‌ن هه‌تا ئه‌مانیش له‌ژێر بارودۆخه‌كه‌دا بتوانن هێرشی‌ توند بكه‌نه‌ سه‌ر میانڕه‌وه‌كان و به‌توندڕه‌و مه‌ترسی‌ بۆسه‌ر ئاینده‌ی‌ وڵات ناوزه‌دیان بكه‌ن.

لێره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین ئه‌و گوتاره‌ی‌ ترامپ دژ به‌ كۆی‌ گشتی‌ ئیسلامی‌ سیاسی‌ ده‌رژێته‌ خانه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ رژێمه‌ عه‌سكه‌رتاره‌كانی‌ دنیای‌ ئیسلام و له‌ ئه‌م رێگه‌یه‌وه‌ شه‌پۆلێكی‌ توندوتیژی‌ نوێ‌ دژ به‌ ئیسلامیه‌ میانڕه‌وه‌كان ده‌ست پێ‌ ده‌كات و ئه‌مه‌ش ناوده‌نێن شه‌ڕی‌ تیرۆر و توندڕه‌وی‌و له‌ ئه‌م رێگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌یانه‌وێت دۆستایه‌تی‌ خۆیان بۆ ئه‌مریكا و رۆژئاوا نوێ‌ بكه‌نه‌وه‌و ئه‌وانیش له‌ چاكه‌ی‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌دا درێژه‌ به‌ هاوكاریه‌ ئابوری‌ و سه‌ربازی‌ و سیاسیه‌كانیان بده‌ن بۆ ئه‌م وڵاتانه‌.