گرنگترین مانشێتەکان

له‌ رۆژى جیهانى نه‌خۆشییه‌كه‌دا.. زانیارى گرنگ له‌سه‌ر نه‌خۆشى ئایدز گرنگ

له‌ رۆژى جیهانى نه‌خۆشییه‌كه‌دا.. زانیارى گرنگ له‌سه‌ر نه‌خۆشى ئایدز

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

له‌ رۆژى جیهانى ئایدز ، كه‌ له‌سه‌رتاسه‌رى جیهان رۆژى (1)ى كانوونى یه‌كه‌م بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ به‌و نه‌خۆشییه‌ ته‌رخانكراوه‌ ، تاكو ئێستاش ئه‌م نه‌خۆشییه‌ مه‌ترسییه‌ له‌سه‌ر زۆرێك له‌ وڵاتانى جیهان ، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى دۆزینه‌وه‌ى نه‌خۆشییه‌كه‌ش له‌ هه‌شتاكانى سه‌ده‌ى رابردوو تاكو ئێستا ، ئه‌م نه‌خۆشییه‌ هۆكارى مردنى زیاتر له‌ (32) ملیۆن كه‌س بووه‌ .
دروشمى ساڵى 2019ـى نه‌خۆشییه‌كه‌ بریتى یه‌ له‌ " گرنگى رۆڵى كۆمه‌ڵگه‌ ناوخۆییه‌كان بۆ باشكردنى ژیانى كه‌سه‌كانه‌ " ، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى و نیشتمانى و ناوخۆیى ، وڵاتان رووبه‌ڕووى ئه‌و نه‌خۆشییه‌ كوشنده‌یه‌ ببنه‌وه‌ .

له‌ ئێستادا زیاتر له‌ (36) ملیۆن كه‌س له‌سه‌رتاسه‌رى جیهان له‌گه‌ڵ نه‌خۆشى ڤایرۆسى كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رگرى له‌ش ناسراو به‌ (ئایدز) ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن ، هه‌رچه‌نده‌ ووشه‌ى (ئایدز ) ترسێكى زۆرى هه‌یه‌ ، به‌ڵام نه‌خۆشه‌كان ده‌توانن كۆنتڕۆڵى ڤایرۆسه‌كه‌ بكه‌ن و به‌ ژیانێكى ئاسایی و به‌رهه‌مهێن بژین .
ئایا ڤایرۆسى كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رگرى له‌ش چى یه‌ ؟
ئه‌م ڤایڕۆسه‌ دووچارى خانه‌كانى كۆئه‌ندامى به‌رگرى له‌ش ده‌بێت و فرمانه‌كانى ئه‌م خانانه‌ى له‌شى مرۆڤیش تێكده‌دات ، به‌م جۆره‌ دووچاربوو رووبه‌رووى كۆمه‌ڵێك په‌تا و كێشه‌ى ته‌ندروستى ده‌كاته‌وه‌ ، مرۆڤێكى له‌ش ساغیش به‌ ئاسانى ده‌توانێت به‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌ ته‌ندروستیانه‌ زاڵبێت به‌ڵام له‌ كاتى نه‌خۆشیه‌كه‌ ناتوانێت .
ئایا په‌یوه‌ندى چى یه‌ له‌ نێوان ڤایرۆسى كه‌مبوونه‌وه‌ى هێلى به‌رگرى له‌ش و ڤایرۆسى ئایدز ؟
ئایدز ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ توندترین قۆناغى پێشكه‌وتنى نه‌خۆشیه‌كه‌ ، له‌م قۆناغه‌ش چه‌ندین جۆرى شێرپه‌نجه‌ یان په‌تا له‌سه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌ ده‌رده‌كه‌ون و ، ده‌ركه‌وتنى ئه‌م نیشانانه‌ش له‌ نێوان دوو ساڵ تاكو (15) ساڵ ده‌بن .
ئایا نیشانه‌كانى ئه‌م په‌تایه‌ چین ؟
له‌ ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دواى دووچاربوون به‌ په‌تایه‌كه‌ هیچ نیشانه‌یه‌كى په‌تا و نه‌خۆشیه‌كه‌ له‌سه‌ر دووچاربوو ده‌رنه‌كه‌وێت ، له‌وانه‌شه‌ نیشانه‌كان له‌سه‌ر شێوه‌ى دووچاربوون به‌ (ئینفلونزا ) ده‌ربكه‌ون ، له‌گه‌ڵ گه‌شه‌سه‌ندنى په‌تایه‌كه‌ له‌وانه‌یه‌ نیشانه‌ى هه‌ڵئاوسانى گرێیه‌ لیمفاویه‌كان له‌سه‌ر نه‌خۆش ده‌ربكه‌وێت ، له‌گه‌ڵ دابه‌زینى كێشى له‌ش و به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رمى له‌ش و سكچوون و كۆكین .
هه‌روه‌ك له‌وانه‌یه‌ نیشانه‌ى تر ده‌ربكه‌ون وه‌ك دووچاربوون به‌ نه‌خۆشى سیل و هه‌وكردنى په‌رده‌كانى ده‌ماغ و دووچاربوون به‌ جۆره‌ جیاوازه‌كانى شێرپه‌نجه‌ .
ئایا چۆن په‌تاى نه‌خۆشیه‌كه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ ؟
نه‌خۆشیه‌كه‌ له‌ رێگه‌ى شله‌كانى ده‌سته‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ وه‌ك خوێن و شیرى دایك ، هه‌روه‌ك له‌ كاتى په‌یوه‌ندى سێكسى له‌ ده‌ره‌وه‌ى ژیانى هاوسه‌رى مرۆڤ دووچارى ئه‌م نه‌خۆشیه‌ ده‌بێت .یانیش له‌ كاتى به‌كارهێنانى كه‌لوپه‌لى تیژى كه‌سى دووچاربوو به‌ نه‌خۆشیه‌كه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ .
نه‌خۆشى ئایدز له‌ كاتى مامه‌ڵه‌ى ئاسایى رۆژانه‌ له‌ نێوان خه‌ڵكى ناگوازرێته‌وه‌ ، وه‌ك ماچكردن و باوه‌ش به‌یه‌كتركردن و ته‌وقه‌كردن و له‌ خواردن و خواردنه‌وه‌ى دووچاربوو ناگوازرێته‌وه‌ .
چۆن نه‌خۆشیه‌كه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێت ؟
نه‌خۆشى ئایدز له‌ رێگه‌ى دژه‌ ته‌نى ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ جه‌سته‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێت ، له‌وانه‌یه‌ هیچ دژه‌ته‌نێك له‌ جه‌سته‌ ده‌رنه‌كه‌وێت تاكو سێ بۆ شه‌ش هه‌فته‌ له‌ گواێزرانه‌وه‌ى په‌تایه‌كه‌ بۆ نه‌خۆش .بۆیه‌ پێویسته‌ دواى شه‌ش هه‌فته‌ پشكنین جارێكى تر دووباره‌ بكرێته‌وه‌ بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامه‌كانى پشكنینه‌كه‌ .
ئایا چاره‌سه‌رى نه‌خۆشى كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رگرى له‌ش هه‌یه‌ ؟
تاكو ئێستا هیچ چاره‌سه‌ریه‌ك بۆ ڤایڕۆسى ئایدز نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام ده‌تواندرێت رێگرى له‌ زۆربوونى ڤایرۆسه‌كه‌ بكرێت و گه‌شه‌ى ڤایرۆسه‌كان بوه‌ستێت و ، كۆئه‌ندامى به‌رگرى له‌شیش خۆى به‌هێز بكات .

 

ئاماده‌كردنى : هیوا قادر