گرنگترین مانشێتەکان

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: شوناسی ئەم میللەتە لە مه‌ترسیدایه‌ گرنگ

ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: شوناسی ئەم میللەتە لە مه‌ترسیدایه‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

 

ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ (9-12-2019) مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین محه‌ممه‌د به‌هائه‌دین ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان رایگه‌یاند ، شوناسی ئەم میللەتە لە مه‌ترسیدایه‌ ، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد ، پێویسته‌ پلانی گونجاو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ناشرینكردنی شوناسی میللەت دابندرێت .
ئه‌م لێدوانه‌ى ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان ، له‌ كاتى به‌شداریكردنى بوو لە كۆنفرانسی دەزگای زانایان و زانستە شەرعیەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لەشاری سلێمانی بەڕێوەچوو.
له‌ دیداره‌كه‌دا مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ووتى :" شوناسی ئەم میللەتە لە خەتەردایە و لەچەندین لاوە بە شێوازی جیاواز جیاواز، كار لەسەر لەخشتەبردن و بەلاڕێدابردن و وونكردنی شوناسی گەنجان و لاوان و چین و توێژەكانی ئەم میللەتە دەكرێت " .
ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان په‌یامه‌كه‌ى به‌ شێوه‌یه‌كى تایبه‌تى ئاراسته‌ى زانایان كرد و رایگه‌یاند :" پێویستە لەسەر زانایان بەگشتی و زانایانی یەكگرتوو بە تایبەتی ، بەرنامە و پلانی گونجاو بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ناشرینكردنی شوناسی میللەت دابنێن" .
رونیشیكرده‌وه‌ :" ئاینی پیرۆزی ئیسلام ناسنامەی سەرەكی میللەتی كوردە ، ڕابردووش سەلماندویەتی كە كەسایەتیە دیار و زانا بەناوبانگەكانی كورد ، پەروەردەكراوی دەستی حوجرە و مزگەوت بوونە " .
له‌ كۆتاییدا ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتوو دووپاتیكرده‌وه‌ ، سەرجەم ئامادەكاریەكانى كۆنگرە بەرەو كۆتای دەچن ، هیواشى خواست ، كە كۆنگرە ببێتە وێستگەی بەخۆداچونەوەی تەواو .

 

داڕشتنه‌وه‌ : هیوا قادر