گرنگترین مانشێتەکان

د.شێركۆ جەودەت: له‌ ده‌روازه‌كان بە نایاسایی ٤۰۰ دۆلار لە بارهەڵگرەكان وەردەگیرێت گرنگ

د.شێركۆ جەودەت: له‌ ده‌روازه‌كان بە نایاسایی ٤۰۰ دۆلار لە بارهەڵگرەكان وەردەگیرێت

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو له‌ په‌رله‌مانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ ده‌روازه‌كان لەڕێگای كۆمپانیاوە بەشێوەی نایاسایی ٤۰۰ دۆلار لە بارهەڵگرەكان وەردەگیرێت، ده‌شڵێت: هێزو كۆمپانیا و دەزگای دەست ڕۆیشتوو هەیە ڕێگا نادات یاساكان جێبەجێ بكرێن.

د.شیركۆ جەودەت، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو و ئەندامی لیژنه‌ى وزه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: ئەمڕۆ لەگەڵ نوێنەرانی ژووری بازرگانی وئەو سەندیكا و ئه‌و یەكێتیانەی كە نوێنەرایەتی كارگە و بەرهەمە خۆماڵییەكان دەكەن كۆبووینەوە، بۆ ئەوەی یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵیەكان تێروتەسەل بكەین لەگەڵ ئەوان، چونكە ئەوان لەواقعی كێشەكانی خۆیان دەزانن.

وتیشی: چەند خاڵێكی مەترسیدارمان ئاشكراكردووە كە ڕێگرن لەبەردەمی پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی كە هەندێكیان پەیوەندییان بەعێراقەوە هەیە و بەشێكیش پەیوەندیان بە یاساكانی تایبەت بە پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان هەیە، ئەوەشی خستەڕوو کە لەهەرێم هێز هەیە لەڕێگای كۆمپانیاوە بەناوی وەزارەتەوە بەشێوەی نایاسایی ٤۰۰ دۆلار لە بارهەڵگرەكان وەردەگرن، لەخاڵە سنورییەكان كە هیچ پەیوەندییەكیان نیە بەحكومەتەوە.

د.شیركۆ جەودەت ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: دوو دۆلار بۆ هه‌ر ته‌نێك شت و مه‌ك له‌ خاڵه‌ سنورییه‌كان له‌ لایه‌ن كه‌سانى تایبه‌ته‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت بۆ حكومه‌تیش ناگه‌ڕێته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موویان رێگرى ده‌كه‌ن له‌وه‌ى به‌رهه‌مى خۆماڵى پارێزراو بێت.

راشیگه‌یاند: سه‌دا 85 ى كارگه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌هۆى پشتگوێخستنیان داخراون یان له‌كاركه‌وتوون.

سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو ئه‌وه‌شى وت: ناوى ئه‌و كۆمپانیایانه‌مان لایه‌ كه‌ پاره‌ به‌ نایاسایی وه‌رده‌گرن، بۆیه‌ به‌ جدى به‌دواداچوون ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و گرفتانه‌ چونكه‌ ژیانى خه‌ڵكى پێوه‌ به‌نده‌.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: بەداخەوە لەهەرێمی كوردستان سەروەری یاسا لەبەردەم پرسیاری گەورەدایە، تەنها لە ۳۰٪ یاساكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت، چونكە هێزو كۆمپانیا و دەزگای دەست ڕۆیشتوو هەیە ڕێگا نادات یاساكان جێبەجێ بكرێن.


ڤیدیۆ