گرنگترین مانشێتەکان

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى: بەھەوڵی فراکسیۆنەکەمان ھەڵەبجە کرایه‌ پایتەختی ئاشتی گرنگ

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى: بەھەوڵی فراکسیۆنەکەمان ھەڵەبجە کرایه‌ پایتەختی ئاشتی

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

بەبۆنەی ٢٩ مین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە فراکسیۆنی یەکگرتوو لەپەرلەمانی کوردستان، لە مۆنۆمێنتی شارەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سازکرد وداوا لەلایەنەکان دەکات کە لەسەر مەزاری شەھیدان کۆببنەوە و ناکۆکیەکانیان وەلا بنێن.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ئەبوبەکر ھەڵەدنی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەپەرلەمانی کوردستان رایگه‌یاند:" لەگەڵ ئەوەی بەھەوڵی فراکسیۆنەکەمان ھەڵەبجە کرا بەپایتەختی ئاشتی، بەڵام بەداخەوە بڕگەکانی ئەو یاسایە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە، ئەوەش بەھۆی پابەند نەبوونی حکوومەت و لەکارخستنی پەرلەمان ".

وتیشی:" پەرلەمانی کوردستان چەند مانگێکی کەمی ماوە ماوەکەی بەسەربچێت، بۆیە عەیبەیەکی گەورەیە بەپاساوی نەگەیشتن بەڕێککەوتن ھەڵبژاردنیش دوابخرێت".

هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا شێرکۆ جەودەت ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکگرتوو وتى:" وەک فراکسیۆنی یەکگرتوو لێرەوە لە مۆنۆمێنتی ھەڵەبجەوە داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسیەکانی ھەرێم دەکەین کە بێن لەسەر مەزاری شەھیدانی ھەڵەبجە کۆببنەوە و ناکۆکییەکانیان بەلاوە بنێن ئەوەش لەبەرئەو ھەموو قوربانیەی کە ھەڵەبجە و گەلی کورد داویانە، دەبێت حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراقیش خەباتێکی دیپلۆماسی چڕ دەست پێ بکەن بۆ ئەوەی لە دەرەوەش بڕیاری بەئاشتی ناساندنی ھەڵەبجە بەپایتەختی ئاشتی بەرجەستەبێت لەو رێگەیەوە خزمەتی زیاتری ھەڵەبجە بکرێت".

فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە ئەوەشکرد: لایەنەکان دەبێت کۆببنەوە و کار بکەن بۆچارەسەرکردنی گرفتەکانی ھەرێمی کوردستان و، خەڵکی ھەرێمی کوردستان لەم قەیرانانە رزگار بکرێن.