ئینگڵته‌را ده‌یه‌وێت له‌ رێگه‌ی چیك ئاستی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی له‌ یۆرۆ پێشكه‌ش بكات

بۆتان عومه‌ر 22/06/2021 - 17:08 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵی وەرزشی جیهانی

له‌سه‌ر یاریگای وێمبڵی له‌ركابه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی چواره‌م هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را دواین یاری خۆی ئه‌نجام ده‌دات كاتێك میوانداری هه‌ڵبژارده‌ی چیك ده‌كات.
ئینگلته‌را له‌دوو یاری رابردوو خاوه‌نی چوار خاڵه‌و پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندی گرتوه‌، ئه‌م هه‌ڵبژارده‌یه‌ به‌هۆی ئه‌و ئاسته‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ئسكوتله‌ندا له‌ جه‌وله‌ی رابردوو پێشكه‌شی كرد توشی ره‌خنه‌ی زۆر بۆته‌وه‌و سه‌ره‌رای هه‌بوونی پێكهاته‌یه‌كی پڕ له‌ ئه‌ستێره‌ گومان له‌سه‌ر توانای ئه‌و تیپه‌ بۆ ركابه‌ری كردن له‌سه‌ر نازناوه‌كه‌و گه‌یشتن به‌ قۆناغی داهاتووش دروست بووه‌.
ئینگلته‌را له‌دوو یاری رابردوو ته‌نها یه‌ك گۆڵی تۆمار كردووه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا یاریزانانی به‌رگری به‌ رۆڵی خۆیان هه‌ستاون هیچ گۆڵێكیان لێ تۆمار نه‌كراوه‌.
زۆرترین ره‌خنه‌ ئاراسته‌ی هاری كینی هێرشبه‌ری تۆتنهام كرا له‌دوو یاری رابردوو نه‌یتوانی ئاستێكی باش پێشكه‌ش بكات، ئه‌م هێرشبه‌ره‌ وه‌ڵامی ره‌خنه‌كانی دایه‌وه‌و گوتی :" راسته‌ ئاستی تیپه‌كه‌مان وه‌ك پێویست نیه‌ به‌ڵام دڵنیام له‌ قۆناغه‌كانی داهاتوو ئاستمان به‌رز ده‌بێته‌وه‌و ده‌توانین ئه‌نجامێكی باش تۆمار بكه‌ین و به‌تایبه‌تی دوای گه‌یشتمان به‌ قۆناغی داهاتوو وه‌ك مۆندیالی رابردوو ئاستمان زیاتر به‌رز ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات من بیر له‌ داهاتووی خۆم ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تۆتنهام ئه‌وه‌ هۆكاری ئاست خراپی منه‌ دووره‌ له‌ راستی ، من ته‌نها بیر له‌ هه‌ڵبژارده‌كه‌م ده‌كه‌مه‌وه‌".
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ ره‌حیم سترلینگی هێرشبه‌ر كه‌ خاوه‌نی تاكه‌ گۆڵه‌كه‌ی ئینگلته‌را له‌ یۆرۆ داوا ده‌كات ره‌خنه‌كان كه‌م بكه‌نه‌وه‌و هانی یاریزانه‌كان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌نجامی باشتر له‌یارییه‌كانی داهاتوو تۆمار بكه‌ن به‌تایبه‌تی یاری به‌رامبه‌ر به‌ چیك یارییه‌كی گرنگه‌ بۆ تیپه‌كه‌.
هه‌رچی هه‌ڵبژارده‌ی چیكه‌ له‌ پاڵه‌وانێتی ئه‌مجاره‌ تا ئێستا ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌ش كردووه‌و خاوه‌نی چوار خاڵه‌و پله‌ی یه‌كه‌می ریزبه‌ندی گرتوه‌، ئه‌م تیپه‌ له‌یاری یه‌كه‌م به‌دوو گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر له‌ ئسكوتله‌ندای برده‌وه‌و له‌یاری دووه‌میش له‌گه‌ڵ كرواتیا به‌ گۆڵێك بۆ هه‌رلایه‌كیان به‌رامبه‌ر بوون، چیك خۆی بۆ یاری ئینگلته‌را به‌شێوه‌یه‌كی باش ئاماده‌ كردووه‌و ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ له‌م یارییه‌شدا بردنه‌وه‌ تۆمار بكات و به‌ پله‌ی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ی بگاته‌ قۆناغی داهاتوو، یانیش به‌لای كه‌مه‌وه‌ كێشه‌كانی ئینگلته‌را بقۆزێته‌وه‌و به‌ به‌رامبه‌ر بوون له‌یاریگا بێته‌ ده‌ره‌وه‌.
پاتریك چیكی هێرشبه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی چیك به‌شێوه‌یه‌كی باش بۆ ئه‌م یارییه‌ ئاماده‌یه‌، پاش ئه‌وه‌ی له‌یاری رابردوو به‌رامبه‌ر كرواتیا توشی پێكان بوو، ئه‌م هێرشبه‌ره‌ ئاماده‌یی خۆی نیشاندا بۆ به‌شداری كردن له‌یاری به‌رامبه‌ر ئینگلته‌را و رایگه‌یاند ته‌ندروستی زۆر باشه‌.
پاتریك چیك سه‌باره‌ت به‌یاری به‌رامبه‌ر ئینگلته‌را ده‌ڵێت:" ئێمه‌ چوار خاڵمان هه‌یه‌،له‌دۆخێكی زۆر باشداین،ده‌زانین ئینگلته‌را توانایه‌كی زۆری هه‌یه‌و یاریزانی نایابی هه‌یه‌،له‌دوو یاری رابردوو نه‌یانتوانیوه‌ ئاستێكی باش پێشكه‌ش بكه‌ن، كێشه‌یان هه‌یه‌، به‌ڵام به‌رده‌وام یاری كردن به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ زه‌حمه‌ته‌".
ئه‌م دوو تیپه‌ له‌ پاڵاوتنه‌كانی یۆرۆی ئه‌مجاره‌ له‌یه‌ك كۆمه‌ڵه‌ بوون، له‌یاری چوون ئینگلته‌را له‌ وێمبلی كه‌ یاری ئه‌مجاره‌ی تێدا ئه‌نجام ده‌درێت به‌ پێنج گۆڵی بێ به‌رامبه‌ر براوه‌ بوو، له‌یاری گه‌رانه‌وه‌ش چیك به‌ 2-1 گۆڵ براوه‌ بوو.