یۆڤینتۆس و ناپۆلی یاری جامى سوپەرى ئیتاڵیا ئەنجام ده‌ده‌ن

بۆتان عومه‌ر 20/01/2021 - 20:13 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵی وەرزشی جیهانی

لەسەر یاریگای ماپی یاری جامی سوپەڕی ئیتاڵیا لە نێوان یۆڤینتۆسی پاڵەوانی خول و ناپۆلی پاڵەوانی جامی ئیتاڵیا ئەنجام دەدرێت.
لەوەرزی رابردوو یانەی ناپۆلی لەیاری كۆتایی جامی ئیتاڵیا لە یۆڤینتۆسی بردەوەو بووە پاڵەوان، ئێستاش ئەم یانەیە كار بۆ ئەوە دەكات نازناوێكی تر لەسەر حیسابی یانەی یۆڤینتۆس بەدەست بهێنێت.
بەر لە ئەنجامدانی ئەم یارییە لە خولی ئیتاڵیا یانەی ناپۆلی تا ئێستا ئاستێكی باشی پێشكەش كردووەو بە 34 خاڵ پلەی سێیەمی ریزبەندی گرتوەو یارییەكی دواخراویشی بەرامبەر یۆڤینتۆس هەیە.
ناپۆلی لەدواین یاری كە ئەنجامیداوە بە شەش گۆڵی بێ بەرامبەر لە فیۆرەنتینای بردەوە، ئەمەش وا نیشان دەدات ئەم تیپە بەشێوەیەكی زۆر باش ئامادەكاری بۆ یاری بەرامبەر بە یۆڤینتۆس كردووەو چاوی لەوەیە نازناوەكە بەدەست بهێنێت، جگە لەوەش لەكۆتایی هەفتەی رابردوو توانی بگاتە یارییەكانی قۆناغی هەشتەمی جامی یانەكانی ئیتاڵیا پاش ئەوەی ئیمپۆلی پێشەنگی خولی پلەدووەكانی دوورخستەوە.
ئەوەی تایبەت بێت بە یانەی یۆڤینتۆس ئەم وەرزە دۆخی یانەكە جێگیر نیە، ئەم تیپە لەخولی ناوەخۆ خاوەنی 33 خاڵەو پلەی پێنجەمی ریزبەندی گرتوەو یارییەكی دواخراوی بەرامبەر ناپۆلی هەیە.
هاندەرانی یۆڤینتۆس لە ئاستی تیپەكەیان ڕازی نین، تا ئێستا ئەم یانەیە نەیتوانیوە ئاستێكی وا پێشكەش بكات هاندەران ڕازی بكات ، لە جەولەی رابردووی خولی ئیتاڵیاش بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر بە ئینتەرمیلان دۆڕا، ئەمەش دووەمین دۆڕانی ئەم یانەیە بوو لەم وەرزەی خولەكە پاش ئەوەی چەند هەفتەیەك بەر لە ئێستاش لە یاریگای خۆی بە سێ گۆڵی بێ بەرامبەر بە فیۆرەنتینا دۆڕا بوو، لە كۆتایی هەفتەی رابردووش یۆڤینتۆس خۆی گەیاندە قۆناغی هەشتەمی جامی ئیتاڵیا پاش ئەوەی جەنەوای تێپەڕاند.
پێرلۆی ڕاهێنەر دەیەوێت بە پشت بەستن بە كریستیانۆ رۆناڵدۆ وەك ڕاهێنەر یەكەمین نازناو بۆ یانەكە بەدەست بهێنێت و وەڵامێكیش بۆ ئەو ڕەخنانە بداتەوە كە ئێستا ئاڕاستەی دەكرێن و ئاستی تیپەكە لە ڕێگەی بردنەوەی ئەم یارییە بەرز بكاتەوە.
لە پێشتردا یۆڤینتۆس هەشت جار نازناوەكەی بەدەست هێناوەو خاوەن ژمارەی پێوانەییە دواین جار لەساڵی 2018 بەدەستی هێناوە، هەرچی ناپۆلیە دوو جار بەدەستی هێناوەو دواین جار لەساڵی 2015 نازناوەكەی بردۆتەوە.