میلان و یۆڤینتۆس یاری لووتكه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن

بۆتان عومه‌ر 05/01/2021 - 19:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵی وەرزشی جیهانی

یاریگای سان سیرۆ میوانداری دێربی ئیتاڵیا دەكات لە نێوان میلانی پێشەنگی ئێستا و یۆڤینتۆسی خاوەنی نازناوی وەرزی رابردوو.
میلان لە ئێستادا ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات و خاوەنی 37 خاڵەو پلەی یەكەمی ریزبەندی گرتوە، ئەم یانەیە لەم وەرزە تاكە یانەیە توشی هیچ دۆڕانێك لەناوەخۆ نەهاتوە.
میلان لەگەڵ ئەوەی لە پێشەنگدایە خاوەن دووەم بەهێزترین هێڵی هێرشبردنە لەخولەكەو یاریزانانی 34 گۆڵیان تۆمار كردووەو سێیەم بەهێزترین هێڵی بەرگریشی هەیە 16 گۆڵی لێ تۆمار كراوە.
میلان چاوی لەوەیە پارێزگاری لە تۆمارە باشەكەی بكات و ئەم وەرزە بۆ ئەوە هاتووە نازناوەكە بباتەوەو نایەوێت لە ئێستاوە پێشەنگ لەدەست بدات.
لەم یارییەدا یانەی میلان لەتواناكانی زلاتان ئیبراهیمۆفیچی گۆڵكاری تیپەكە بێ بەش دەبێت بەهۆی ئەو پێكانەی توشی هاتوەو ناتوانێت بەشداری لەم یارییەشدا بكات، لەهەمان كات ساندرۆ تۆنالی بەهۆی وەرگرتنی كارتی سور لەیاری رابردوو بۆ ئەم یارییە ناتوانێت بەشداری بكات ، ئەم دوو یاریزانەش لە تیپەكە كاریگەرن و ڕۆڵیان لە ئەنجامە باشەكان هەبووە، بەڵام ستیڤانۆ بیۆلی راهێنەر هەوڵ دەدات پلانێكی گونجاو دابنێت كاریگەرییەكانی ئەم دوو یاریزانە بە تیپەكە دیار نەبێت.
هەرچی یانەی یۆڤینتۆسە ئەم وەرزە ئاستی لە خولی ئیتاڵیا وەك پێویست نەبووە، رەخنەی زۆری ئاڕاستە كراوە، ئەم تیپە خاوەنی 27 خاڵەو پلەی پێنجەمی ریزبەندی یانەكانی گرتوەو یارییەكی دواخراویشی هەیە.
یۆڤینتۆس لە جەولەی رابردوو بردنەوەیەكی گەورەی بەرامبەر ئۆدنیزی بەدەست هێنا ئەمەش هاندەر دەبێت بۆ ئەوەی لەیاری ئەمجارەش بەرامبەر میلان هێزی خۆی تاقی بكاتەوەو گەورەیی خۆی بۆ هەموو لایەك بسەلمێنێت.
ئەندریا پێرلۆی راهێنەر پاش ئەو رەخنانەی ئاڕاستەی كران دەیەوێت لەیاری ئەمجارە وەڵامی رەخنەگرانی بداتەوەو یۆڤینتۆس وەك ركابەری یەكەمی بردنەوەكە نیشان بدات.
كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی لە ئێستادا بەرزترین ئاست لە خولەكە پێشكەش دەكات و لە چەند یاری رابردووش گۆڵی باشی بۆ تیپەكە تۆمار كردووەو ئێستاش پێشەنگی گۆڵكارانە بە تۆمار كردنی 14 گۆڵ هەوڵ دەدات لەم یارییەش گۆڵ تۆمار بكات.
لەگەڵ ئەوەی رۆناڵدۆ ئاستێكی بەرز پێشكەش دەكات بەڵام هێڵی هێرشبردنی تیپەكە وەك پێویست نەبووەو تەنها 29 گۆڵیان لەم وەرزە تۆمار كردووە، بەڵام لەبەرگری ئاستێكی باش پێشكەش دەكەن و 14 گۆڵیان لێ تۆمار كراوە، لەدوای ناپۆلی خاوەن دووەم بەهێزترین هێڵی بەرگری خولەكەن.
یۆڤینتۆس لەم وەرزە توشی یەك دۆڕان هاتوە ، دوو جەولە بەر لە ئێستا بە فیۆرەنتینا دۆرا لەسەر یاریگای خۆی ئەنجامێكی تارادەیەك چاوەڕوان نەكراو بوو نایەوێت جارێكی تر ئەوەی بەسەر بێتەوە.
لەم یارییەدا یۆڤینتۆس لە تواناكانی ئەلێكس ساندرۆ بێ بەش دەبێت بەهۆی توش بوونی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و خوان كوادرادۆی بۆ دەگەڕێتەوە پاش ئەوەی لەیاری رابردوو بەهۆی سزادانەوە بەشداری نەكرد.
دواین یاری نێوان هەردوو یانە بۆ تەموزی رابردوو دەگەڕێتەوە لەخولی ئیتاڵیا لەسەر هەمان یاریگای یاری ئەمشەوی تێدا ئەنجام دەدرێت میلان بە چوار گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بردنەوەی بەدەست هێناوە.