مانچسته‌ریۆنایتد و چێڵسی بۆ گه‌یشتن به‌یاری كۆتایی جامی یه‌كێتی ئینگلته‌را یاری ده‌كه‌ن

سامان زاهير 19/07/2020 - 10:03 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵی وەرزشی جیهانی

له‌سه‌ر یاریگای وێمبڵی یانه‌ی مانچسته‌ریۆنایتد له‌ ئه‌ركێكی زه‌حمه‌ت له‌یاری پێش كۆتایی جامی یه‌كێتی یانه‌كانی ئینگلته‌را به‌رامبه‌ر به‌ چێڵسی یاری ده‌كات.
ئه‌م دوو یانه‌یه‌ ئاستێكی به‌رز له‌ ئێستادا پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌ ڕكابه‌ری كردنی یه‌كتری له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌ یاری كۆتایی جامه‌كه‌، ڕكابه‌ری ده‌كه‌ن له‌سه‌ر به‌شداری كردن له‌ یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپاش.
چێڵسی ئێستا به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 63 خاڵ پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندی گرتوه‌و له‌دواین یاریش له‌ نۆرویچ سیتی برده‌وه‌.
له‌ قۆناغی رابردووی جامه‌كه‌ یانه‌ی چێڵسی توانی یانه‌ی لیسته‌رسیتی دوور بخاته‌وه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ تیپه‌ هه‌ر باشه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی پرێمه‌رلیگ.
له‌ جامه‌كه‌ بلوز چوار یاری ئه‌نجامداوه‌و هه‌ر چواری بردۆته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ یانه‌كانی نۆتینگهام فۆڕست و هال سیتی و لیڤه‌رپول و لیسته‌رسیتی توانیویه‌تی ئه‌م چوار یانه‌یه‌ دوور بخاته‌وه‌و 7 گۆڵی تۆمار كردووه‌و یه‌ك گۆڵی لێ تۆمار كراوه‌.
هه‌رچی یانه‌ی مانچسته‌ریۆنایتده‌ خاوه‌نی 62 خاڵه‌ له‌ پرێمه‌رلیگ پله‌ی پێنجه‌می ریزبه‌ندی گرتوه‌و له‌دواین یاریش له‌ كریستاڵ پاڵاسی بردۆته‌وه‌، ئه‌م یانه‌یه‌ش له‌م وه‌رزه‌ ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش ده‌كات و ڕكابه‌رێكی به‌هێزه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپای وه‌رزی داهاتوو.
ئه‌م یانه‌یه‌ له‌م وه‌رزه‌ی جامی یه‌كێتی ئینگلته‌را پێنج یاری ئه‌نجامداوه‌و چوار بردنه‌وه‌و یه‌ك به‌رامبه‌ری هه‌بووه‌، له‌گه‌ڵ ولفرهامبتۆن به‌رامبه‌ر بووه‌، له‌ یانه‌ی ولفرهامبتۆن و ترانمێر رۆڤه‌رز و دێربی كاونتی و نۆرویچ سیتی بردۆته‌وه‌، هێرشبه‌رانی 12 گۆڵیان تۆمار كردووه‌و یه‌ك گۆڵیان لێ تۆمار كراوه‌.
لامپارد نایه‌وێت ده‌ست به‌رداری ئه‌م نازناوه‌ بێت چونكه‌ به‌رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا چانسی سه‌ركه‌وتنی بۆ قۆناغی هه‌شته‌م به‌رامبه‌ر بایرن میونخ نه‌ماوه‌ بۆیه‌ ده‌یه‌وێت بگاته‌ یاری كۆتایی جامه‌كه‌و هه‌وڵ بدات نازناوێك له‌م وه‌رزه‌ بۆ تیپه‌كه‌ی بباته‌وه‌.
هه‌رچی سۆلشكایه‌ری ڕاهێنه‌ره‌ ئه‌ویش چاوی له‌ بردنه‌وه‌ی ئه‌م نازناوه‌یه‌، به‌ڵام تیپه‌كه‌ی ئه‌و چانسی بردنه‌وه‌ی خولی ئه‌وروپیشی هه‌یه‌و له‌ گه‌یشتن به‌ قۆناغی هه‌شته‌م نزیكه‌، هه‌ردوو یانه‌ش خاوه‌ن دوو پێكهاته‌ی به‌هێزن تا یارییه‌كه‌ی پێ ئه‌نجام بده‌ن.