كێ له‌پشت ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانی به‌رشلۆنه‌یه‌؟

بۆتان عومه‌ر 17/07/2020 - 17:57 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵی وەرزشی جیهانی

كێ له‌پشت ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانی  به‌رشلۆنه‌یه‌؟

 دوای ده‌ستپیێكردنه‌وه‌ی یارییه‌كانی لالیگا، ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان نه‌ده‌كرا ئه‌و ئاسته‌ خراپه‌ی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ بوو، كه‌ بووه‌ هۆی له‌ده‌ستدانی لالیگا له‌ سوودی ركابه‌ره‌ مێژوویه‌كه‌ی یانه‌ی ریال مه‌درید.

 خراپی ئاستی یانه‌كه‌ ته‌نها بۆ ئاست خراپی یاریزانه‌كان و كه‌م ئه‌زموونی راهێنه‌ر ناگه‌رێته‌وه،‌ سه‌رێكی كێشه‌كان ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ حه‌فت مانگ به‌ر له‌ ئێستا كاتێك 6 به‌رێوه‌وبه‌ری یانه‌كه‌ ده‌ستیان له‌ كاركێشایه‌وه‌ دژی بارتۆمیۆ، ئیتر لێره‌وه‌ كێشه‌كان ده‌ستیان پێكرد و كاریگه‌ری له‌سه‌ر یاریزانه‌كان دروستكردو كێشه‌ی خسته‌ نێو ژووری جلگۆرینی یاریزانه‌كان و به‌ رۆیشتنی ڤالڤێڕدی راهێنه‌ر و هاتنی سیتین  كێشه‌كان زیاتر ئاشكرا بوون.

هاتنی سیتین بۆ ئه‌وه‌ بوو، كێشه‌كان په‌رده‌ پۆشبكرێن، به‌ڵام بارتۆمیۆ به‌هه‌ڵه‌چوو، به‌ڵكو هێنده‌ی تر نێو ماڵی به‌رشلۆنه‌ شپرزه‌بوو، تاكو كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی تیپه‌كه‌و هێزی یانه‌كه‌ لیۆنێل مێسی ئه‌وه‌نده‌ بێهیوابێت و بلێت : ئه‌گه‌ر به‌م ئاسته‌ یاری بكه‌ین ئه‌وا له‌گه‌ڵ ناپۆلیش ده‌دۆرێن و ماڵئاوایی له‌ چامپیونس لیگش ده‌كه‌ین.

هه‌روه‌ها نزیك بوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ش ئاگره‌كه‌ی له‌ تیپه‌كه‌ی كه‌ته‌لۆنیا خۆشتركرد، كاتێك لاپۆرتا و ساندرۆ رۆسێل، به‌رێكلامی جیاواز بۆ سه‌رۆكایه‌تی یانه‌كه‌ له‌ دووره‌وه‌ فوو له‌ ئاگره‌كه‌ ده‌كه‌ن و سووته‌مه‌نی ئاگره‌كه‌شیان نێیمار و جاڤیه‌.

ئێستا هانده‌ران زۆر ناڕازین له‌ كارگێڕی یانه‌ی به‌رشلۆنه‌ و بارتۆمیۆی سه‌رۆك، هێرشه‌كان بۆسه‌ر ئه‌م سه‌رۆكه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ ، ئه‌گه‌ر له‌ گواستنه‌وه‌ی هاوینه‌ فریای خۆی نه‌كه‌وێت ڕه‌نگه‌ له‌ده‌ستدانی لالیگا سه‌ری بخوات و له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو سه‌رنه‌كه‌وێت.

ده‌نگۆی رۆیشتنی مێسیشس به‌شێكی تری كێشه‌كانی به‌رشلۆنه‌یه‌ ئه‌وه‌ی له‌ به‌رشلۆنه‌ ده‌گوزه‌رێت ئاسان نیه‌ تیپێك به‌و هه‌موو كێشه‌یه‌وه‌، بتوانێت ركابه‌ری له‌سه‌ر نازناوه‌كان بكات، بۆیه‌ هه‌رته‌نها ڕاهێنه‌رو یاریزان به‌رپرس نین له‌ شكسته‌كانی یانه‌كه‌.