ریال مه‌درید خۆی بۆ ئاهه‌نگێرانی بردنه‌وه‌ی 34مین نازناوی لالیگا ئاماده‌ ده‌كات

بۆتان عومه‌ر 16/07/2020 - 17:50 بڵاوکراوەتەوە لە هەواڵی وەرزشی جیهانی

خولی یانەكانی ئیسپانیا ئەمرۆ لە تەواوبوون نزیك دەبێتەوە ، ئەگەر ئەمرۆ ریال مەدرید بیباتەوە یانیش بەرشلۆنە جگە لەسەركەوتن ئەنجامێك تۆماربكات , خول بۆ ریال مەدرید یەكلایی دەبێتەوە.

ریال مەدرید سەرەتایەكی باشی دەستپێكرد لە خولی ئیسپانیا ، بەڵام لەناوەراستی وەرز ئاستی بەرەو خراپی رۆیشت و پێشەنگی بۆ بارسا بەجێهێشت.

لالیگا بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەستا ، ئەم ماوەیە بۆ بەشێك لەیانەكان نیعمەت بوو ، بۆ بەشێكی دیكە نەهامەتی.

ریال مەدرید و زێدان ئەوەی یەكەمیان هەڵبژارد و لەدوای كۆرۆنا نۆ یارییان لەسەر یەكتر بردەوە ، ئێستاش تەنها یەك بردنەوەیان دەوێت بۆ ئەوەی بۆ جاری 34 ببێتە پاڵەوانی لیگا.

بەرشلۆنە لەیارییەكەی ئەمرۆ رووبەرووی ئۆساسۆنا دەبێتەوە ، ئەوەی بەخەیاڵی بەرشلۆنە دێت ئەو هاوارەیە كە لە كورسی یەدەگەوە دێت و دەڵێن ریال مەدرید گۆڵی لێ تۆماركراوە لەوی یارییەی كە هاوكات رووبەرووی ڤیاریال دەبێتەوە.

ئەگەر بەرشلۆنە لەیارییەكە بباتەوە و ریالیش بدۆرێت ، هیوای بەرشلۆنە دەكەوێتە دواین یاری ، بەلام ئەگەر رەوشەكە پێچەوانەبوو ، ریال مەدرید بەبۆنەی بردنەوەی لیگا ئاهەنگی سەركەوتن دەگێرێت.

ئەم ساتەی ئێستا لێدوانێكی زێدانمان بیر دەهێنێتەوە ، هێشتا وەرزی رابردوو تەواونەببو وتی هیوام وایە ئەم وەرزە زوو كۆتایی پێبێت چونكە خۆمان بۆ بردنەوەی لیگا بۆ وەرزی داهاتوو ئامادەدەكەین.

زێدان بەوەندە رازی نەبوو ، لەلێدوانەكەی وتبووی ، لالیگا لەچامپیۆنس لیگ بەهێزتر و باشترە بۆ ئێمە ، چونكە لە چامپیۆنس لیگ یارییەكی كەمت پێویستە بۆ بردنەوەی ، بەڵام لەلالیگا پێویستە زۆربەی یارییەكان بەسەركەوتن یەكلایی بكەیەوە ئەگەر چاوت لە بەرزكردنەوەی هەبێت.