بلیتەکانی جامی جیهانیی فیفا ٢٠٢٢ دەفرۆشرێت

خوبه‌یب گه‌ردی 19/01/2022 - 15:11 بڵاوکراوەتەوە لە وه‌رزش

دیجیتال میدیا سپێده‌

بلیتی یارییەکانی جامی جیهانیی فیفا ٢٠٢٢ کە قەتەر میوانداری دەکات، ئەمڕۆ دەست بە فرۆشتنی دەکرێت.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن فیفاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو هاندەرانەی دەیانەوێت لەناو یاریگادا تەماشای یارییەکانی جامی جیهانیی بکەن کە ئەمساڵ ساز دەکرێت، دەتوانن لە کاتژمێر ١٣:٠٠ بەکاتی هەولێر داواکاری پێشکەش بکەن بۆ کڕینی بلیت.

لە پاڵ قەتەردا کە میوانداری جامەکە دەکات، بلیتی یارییەکان لە هەریەک لە ئەڵمانیا، دانمارک، بەڕازیل، فەڕەنسا، بەلجیکا، کرواتیا، ئیسپانیا، سربیا، بەریتانیا، سوید، هۆڵەندا و ئەرجەنتین بە ٧٠ دۆلار دەفرۆشرێت.

هاووڵاتییانی قەتەر کە وڵاتەکەیان میوانداری جامەکە دەکات، دەتوانن بلیت بە ١١ دۆلار بکڕن.

داواکاری بۆ یەکەم قۆناغی فرۆشتنی بلیت لە هەشتی شوباتدا کۆتایی دێت.

براوەی تیروپشکی نێوان ئەو هەوادارانەی داوای کڕینی بلیتیان کردووە لە هەشتی ئاداردا رادەگەیەندرێت.

چاوەڕوان دەکرێت فیفا ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری لەڕێگەی فرۆشتنی بلیت و مافی نیشتەجێبوون دەست بکەوێت.

جامی جیهانیی فیفا ٢٠٢٢ لە ٢١ی تشرینی دووەم-١٨ی کانوونی یەکەم ساز دەکرێت.