تۆتنهام و چێڵسی دێربی لەندەن لە جامی ڕابیتەی ئینگلتەڕا ئەنجام دەدەن

بۆتان عومه‌ر 29/09/2020 - 17:36 بڵاوکراوەتەوە لە وه‌رزش

لە قۆناغی 16می جامی رابیتەی یانەكانی ئینگلتەرا لەیاری لوتكەو دێربی لەندەن یانەی تۆتنهام میوانداری یانەی چێڵسی دەكات.
تۆتنهام ئاستی لەم وەرزە وەك پێویست نیە سەرەرای ئەوەی یانەكە چەند گرێبەستێكی واژوو كردووە، لە دیارترین یاریزان كە پەیوەندی بە یانەكە كردووە گاریس بێلی وێڵزییە بەڵام ئەم یاریزانە تا ئێستا لەگەڵ یانەكە بەشداری لە هیچ یارییەك نەكردووەو پێشبینی دەكرێت لەیاری ئەمشەو بەشداری بكات.
تۆتنهام لە قۆناغی رابردوو بە براوەو سەركەوتوو بۆ ئەم قۆناغە هەژمار كرا پاش ئەوەی یانەی لیوتن ئۆرێنتی پلە سێی ئینگلتەرا بەهۆی توش بوونی زۆرێك لە یاریزانەكانی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا نەیتوانی یارییەكە ئەنجام بدات.
تۆتنهام لە پرێمەرلیگ سێ یاری ئەنجامداوە دۆرانێك و بردنەوەیەك و بەرامبەرێكی هەیە، لەدواین یاری لەگەڵ نیوكاسڵ بەرامبەر بووە، مۆرینهۆ هەوڵ دەدات لەم یارییەدا تیپەكە بەرەو سەركەوتن ببات و وەڵامی هەموو ئەو رەخنانە بداتەوە كە ئاڕاستەی ئاستی تیپەكەی دەكرێت، ڕەنگە هیۆنگ سۆن مین بەشداری لە یارییەكە نەكات بەهۆی ئەو پێكانەی توشی هاتوە بەشداری نەكردنی ئەم یاریزانەش كاریگەری لەسەر ئاستی تیپەكەی مۆرینهۆ دەبێت.
هەرچی یانەی چێڵسیە ئەم وەرزە ئامادەكاری لە چاو هەموو یانەكانی تر باشتر بووە، ئەم یانەیە هەوڵ دەدات ركابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەكان بكات و نایەوێت بەهیچ شێوەیەك هیچ نازناوێك لەدەست بدات.
چێڵسی تا ئێستا ئاستی جێگیر نیە بەهۆی ئەوەی ئەم تیپە چەند یاریزانێكی توشی پێكان هاتووە تا ئێستا نەیانتوانیوە بەشداری لە یارییەكانی ئەم وەرزە بكەن، بەگەڕانەوەی ئەم یاریزانانە ئاستی تیپەكە بەرەو بەرز بوونەوە دەچێت.
چێڵسی لە پرێمەرلیگ بردنەوەیەك و دۆرانێك و بەرامبەرێكی هەیە، لەدواین یاری بە زەحمەت لەگەڵ وست برۆمیچ ئەلبیۆن بەرامبەر بوو.
چێڵسی لە قۆناغی رابردوو توانی یانەی بارنسلی دوور بخاتەوەو لە یارییەكەش كای هافیرتز كە گرانترین گرێبەستی ئەم وەرزەی بلوزە توانی هاتریك تۆمار بكات، ئێستاش لامپارد تیپەكەی بەشێوەیەكی باش ئامادە كردووە بۆ ئەوەی لە یاری تۆتنهام قۆناغێكی نوێ لە ئاستی تیپەكە دەست پێ بكات.