لە بەرواری (11/9/2013ز)، ژمارەیەك لە مەلاو زانایانی كوردستان، سەردانی سەرۆكی ئەو كاتەی هەرێمی كوردستانیان كرد، لە ناو قسەكانیدا ڕەخنەی لە هێزە ئیسلامییەكان گرتبوو. لە نێوان ئەو ڕەخنانەدا بە شێوەی پرسیار وتبووی: خوای گەورەو قورئانو ئیسلام یەكێكن، بۆچی حزبە ئیسلامییەكان زۆرن؟! (لە هەرێمی كوردستاندا تەنها سێ حزبی ئیسلامیی هەن). لەو كاتەدا وایان بۆ گێڕامەوە كە ئامادەبووان وەڵامێكی پڕاوپڕی ئەو پرسیارەیان نەدابووەوە، بۆیە بەندە بە ئەركی خۆمم زانی ئەم بابەتە بۆ ڕای گشتیی بنووسمو بڵاوی بكەمەوە، هەم وەڵامی بەڕێزی بدەمەوە، هەم ڕەخنەیەكی دڵسۆزانەش ئاراستەی ئەو زاناو مەلا بەڕێزانە بكەم.
پاش نزیكەی (10) ساڵا، بە هەمانشێوە لەم ڕۆژانەدا بابەتی تێكەڵكردنی دینو سیاسەت لە مەجلیسێكی زانایاندا ورووژا، بەڵام ئەمجارە كەسێكی سیكۆلارو عەلمانیی نەیورووژاند، ئەمجارە سەرۆكی (ڕێكخراوی یەكێتی زانایانی هەرێم) وروژاندی، كە دەبوو بە حوكمی پۆستەكەی ــ بە پێچەوانەوە ــ خۆی وەڵامی هەركەسێكی عەلمانیی بداتەوە كە قسە لە (جیاوازیی دینو سیاسەت) دەكەن، چونكە خۆی باش دەزانێت كە سیاسەت بەشێكە لە دینو لێكجیاكردنەوەیان تەنها خەوو خەیاڵێكی دژە ئاینەكانە، كە دەیانەوێت سیاسەتو دەسەڵاتو حوكمو قەزاو داهاتو كۆمەڵگە بۆ خۆیان بێت، تەڵقینو قەبرو نزرگەو گۆڕستانو خەوو خەونامەو ناونانی منداڵو مردووناشتنیش بۆ ئیسلامو مەلاو ئەهلی دین بێت.
بەندە ـ وەك مەسئولییەتێكی ئاینییو ئیختیصاصیی ـ ویستم وەڵامێكی تایبەتی سەرۆكی ئەو ڕێكخراوە بدەمەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پاڵنەری قسەكانی، هەمان پاڵنەری دەسەڵاتدارانی عەلمانیی هەرێمە، هەمان وەڵامی پێشووی ئەو كاتە (ساڵی 2013ز) دادەنێمەوە، تا ببێتە شایەتێكیش كە نە سەرۆكی ئەو ڕێكخراوەی زانایان گۆڕانی بەسەردا هاتووە! نە عەقڵییەتە عەلمانییەكەش دەگۆڕێت..
ئەمە دەقی وەڵامەكە، بە كەمێك كورتكردنەوەو دەسكارییەوە:
بەڕێزان زانایانی ئامادەبووی كۆبونەوەكە!
السلام علیكم ورحمة الله
بەندە بە حوكمی ئیختصاصەكەم لە شەریعەتو دراساتی ئیسلامیداو بە حوكمی تێگەیشتنو ئەزموونی دەیانساڵەم لە كاری ئیسلامییو چالاكیی فیكرییو سیاسیو تێگەیشتنم لە چەمكە ئیسلامییەكان، پێمخۆشبوو وتەیەك ئاراستەی بەڕێزتان بكەم، نەك بە هیچ ئیعتبارێكی تری حزبیی، یان سیاسی، دەربارەی كۆبوونەوەكەتان، هیوادارم بەبێ دەمارگیریی سەیرێكی خاڵەكان بكەن:
یەكەم: بەڕێزان! سەبارەت بەو پرسیارەی ئاراستەی زانایان كرابوو، كە: حزبی ئیسلامیی بۆچی زۆرن، لە كاتێكدا ئیسلام یەكەو قورئان یەكە..؟ دەبوو زوو وەڵامتان بدایەتەوە كە ئیسلام هەر یەك ئیسلام بوو، كاتێك چوار مەزهەبی گەورەو چەندین وردە مەزهەبی تریش لە مێژووی ئیسلامدا، بە چەندین ئیجتیهادی جیاوازەوە سەریان هەڵدا، نەك تەنها لەسەر سیاسەتو كاروباری ئیداریی، بەڵكو تەنانەت لەسەر كاروباری ئەحكامی شەعائیرو (عیبادەت)و پەرستشەكانیش، چوار مەزهەبی گەورە هەن.
دووەم: ئەگەر لای هەندێك كەس ئاسایی بێت كە (ئیجتیهاد)و فرەیی لە تێگەیشتنی ئەحكامدا هەبێت، ئەی بۆ وەڵامتان نەدایەوە كە ئیسلام هەر یەك ئیسلام بوو، كاتێك كە یاوەرانی (موهاجرین)ی مەككەو (ئەنصار)ی مەدینەش ڕای جیاوازیان بۆ دروستبوو لەسەر هەستیارترین بابەتی سیاسی، كە دانانی جێنشینی پێغەمبەر بوو، وا بزانم هەمووتان داستانی كۆبونەوەی (سەقیفە)و دەستەواژەی (منا أمیر ومنكم وزیر)ی صەحابەكانتان بیستووە!.
سێیەم: زانایانی بەڕێز! ئەی ئەوەتان بۆچی ڕوون نەكردەوە، كە ئاینی ئیسلام دوو بەشە: بەشێكی دەقە پیرۆزەكاننو بەشەكەی تریشی تێگەیشتنی زانایانە لەو دەقانە. دەقەكانیش هەرچەند نەگۆڕنو لە (ثوابت)ن، بەڵام بۆ ئەوەی ئیسلام گونجاو بێت لەگەڵ واقیعو سەردەمە جیاجیاكانو دارای تایبەتمەندیی سەماحەتو مرونەت بێت، خوای گەورە ئیرادەی وا بووە كە بەشێك لە ئایەتەكانی قورئانو فەرموودەكانی پێغەمبەرەكەی، واتای جۆراوجۆر هەڵگرنو جیاوازیی بۆچوونی زانایانیان لەسەر دروست ببێت، تاكو ئیسلام لە دیلییەتی چەقبەستووییو كۆنەپەرستییو لە ئابڵۆقەی سەردەمو شوێنێكی دیاریكراو ڕزگاری ببێو وەڵامگۆی پێداویستییەكانی هەموو سەردەمو هەموو كۆمەڵگەكان بێت، بە تانو پۆی زەمینو زەماندا.
چوارەم: ئەی ئەوەتان بۆ نەپرسی: باشە ئەگەر ئەو (كوردایەتی)یەی دەیان ساڵە باسی دەكەنو بۆی دەكۆشن، یەك ئامانجە، بۆچی دەیان حزبی كوردیی بوونەتە ئاڵاهەڵگری ئەو ئامانجە؟ ئەگەر دەستخستنی مافە نەتەوەییەكان یەك ئامانجە، ئەو هەموو ناكۆكییو شەڕە خوێناوییە ناوخۆیانە لە پای چی؟ ئەی بۆ بەڕەوای دەبینن دەیان حزبی عەلمانیو نەتەوەییو دیموكراتیو سوسیالیستیو كۆمۆنیستیو چیو چی تر هەبن؟ بەڵام بوونی دوو سێ حزبی ئیسلامیی بە لاتانەوە هێندە نامۆیە؟!
پێنجەم: ئەی بۆچی نەتانپرسی: خۆ ئیسلام یەك ئیسلامە، ئەی بۆچی كاتێك لە سایەی شەڕی ناوخۆی نێوانتاندا، هەرێمی كوردستان كرا بە دوو بەشەوە، یەكسەر توێژی زانایانیش كرانە دوو بەشو دوو وەزارەتی ئەوقافو دوو یەكێتی زانایانو دوو ئاراستەی سیاسی جیایان بۆ دروست بوو؟ ئێستەش زانای وامان هەیە لەگەڵ كۆڵێك شەخصیەتو ڕێزو حورمەتدا، ناتوانێت لە هەولێر بە سەردانیش بێتەوە بۆ سلێمانی، یان بەترسەوە دێتەوە، دیارە ئەگونجێ نموونەی پێچەوانەشمان هەبێت.
شەشەم: زانا بەڕێزەكان! ئەو تێگەیشتنە لە مەرجەعیەتێكی عەلمانییەوە سەرچاوە دەگرێت، كە وا دادەنێت ئیسلام تەنها نوێژو ڕۆژووەو چەند شتێكی تری سنوردارو نابێت هەقی بەسەر سیاسەتو حوكمو ئیدارەو دەسەڵاتەوە هەبێت. ئەوە بیركردنەوەی خۆرئاواییەكانە كە كاتێك بێزاربوون لە كەنیسەو پیاوانی ئاینیی خۆیانو دەستوەردان لە كاروباری دەسەڵات، كودەتایان كرد بەسەریداو نەیانهێشت قەشەكانیان دەستوەردەنە كاروباری سیاسییانو دروشمی (ما لقیصر لقیصر، وما لله لله)یان هەڵبڕی، ناهەقیشیان نەبوو، چونكە تێگەیشتنەكەی ئەو پیاوانی ئاینییە هەر هێندەی لەباردا بوو.