کچ و کوڕەکەت بسپێرە بە مامۆستاو مەدرەسەکانی یەکگرتوو !

بەشدار ڕەفیق 21/05/2022 - 22:12 بڵاوکراوەتەوە لە وتار


سەرەتا دەمەوێت لەوێوە دەست پێبکەم ،کەمن هەڵبژاردنی ڕابردوو دەنگم بەیەکگگرتوو نەداوە وە بەدڵنیاییەوەش لە هەڵبژاردنی ئاییندە دەنگی پێنادەم ،چوونکە قەناعەتم وایە دیواری لاری هەرێم لەوە خوارترە بە یەکگرتووە ڕاست بکرێتەوە ،بەڵام قەناعەتی تەواوشم هەیە یەکگرتوو دەتوانێت لە دیوە پەروەردەیی و پێگەیاندنەکەی ئەندازیارێکی باش بێت بۆ ئەوەی بناغەی کۆمەڵگا لار و لەرزیو نەبێت !

یەکگرتوو لە ساڵی نەوەتەکان و لە ساتەوەختی دەستشکانەوەی براکاندا ، لەو ساتەی هەموو حزبەکان بە بەعەلمانی و ئیسلامیەوە زمانی چەک و بارووت ، تاکە زمان و زلەی لەیەک حاڵیبوون بوو ، ئا لەو ساتەدا مامۆستاو بانگخوازانی یەکگرتوو هەزارەها گەنجی خاوەن قەڵەم و ڕۆشنبیریان پێشکەش بەم کۆمەڵگایە دەکەن ، کە ئێستا بەشێک لەو گەنجانە له پۆست و پایەی گەورەن لە نێو زۆربەی حزبەکاندا !

لە ئێستاشدا کۆمەڵگای کوردی بە پیلانی ئەهریمەنی بەرەو هەڵدێران و کەوتنی دەبن ، بە پیلان گەنج لەدایک و باوک دەسەنەوەو تەسلیمی یانە شەوانەکان و کافتریا بێسەروبەرەکانیان دەکەن ،بە پیلان کچەکانمان بەرەو نێرگەلەو نادی و سەرشەقام و شوێنە تاریکەکان دەبەن ، بەڵی بە پیلان ئیمانەکانمان لێدەکەن بە ماریاو ماریاش سەرگەردان و تەنها و بێکەس دەکەن !

بەڵێ دۆخێکیان درووست کردووە بە هەر جێگایەکدا بڕۆین قاچمان لە تەڵەو تریکی ئەوان گیر دەبێت ،بۆیە تکام وایە تۆی دایک و باوک بە ڕۆڵی خۆت هەستیت ،چوونکە گەر تۆ بە ڕۆڵی پۆزەتیفانەی خۆت هەڵنەستی ، ئەوان دڵنیابە ئەوان بە ڕۆڵی شەیتان و شێواوی خۆیان هەڵدەستن !

تکام وایە بەڕێزان ئەم بابەتە لە کورسی و سیاسەت دوورخەنەوە ،یانی بابەتەکە لەوە گرنگتر و گەورەترە ئێمە لە دەنگدان و کورسی خڕی بکەینەوە ،بۆیە تۆی باوک گەر کادیری پارتیت یان یەکێتی یاخود گۆڕان و هەر حزبێکی تری یان تەنانەت گەر دین و مەزهەبی ترشت هەیە ، ئەوە مناڵەکەت ببسێرە بە ناوەندە ڕۆشنبیری و پەروەردەییەکانی یەکگرتوو ، بیسپێرە بە یەکگتروو دڵنیابە مناڵێکی سالح و سەلامەتت بۆ دەنێرنەوە !

سەیرکە تۆ سەر بە هەر حزب و گروپێک بیت یاخود هەر دین و مەزهەبێکت هەبێت ،حەز ناکەیت کوڕەکەت حەبخۆر و مەشروبخۆری سەر جادەکان بێت ، حەز ناکەیت دووی شەو بە لارەلار و سەرخۆشی بۆت بێتەوە ،بەڵێ حەز ناکەیت کچەکەت کچی نێرگەلەکێش و کافتریا و یانە شەوانەکان بێت ، نەخێر هەرگیز حەز ناکەیت کچەکەت بەناوی ئازادیەوە لێبسێننەوە و تەسلیمی شەڕواڵ پیسەکانی بکەن ، دەی بۆ ئەوەی هەموو ئەمانە ڕوو نەدات ، ئەوە بیخەرە ژێر سێبەر و سیادەی مامۆستاو مەدرەسەکانی یەکگرتووەوە !

جا لێرەدا من مەبەستم ئەوەنیە هەرچی پەروەردەی یەکگرتوو وەرنەگرێت لاسار و لاڕێ دەردەچێت ، بەڵکو دەکرێت لە دەرەوەی یەکگرتوو ئینسان خۆی پێی بگەیەنیت و نەبێتە نێچێری تریک و تەڵەکان ،بەڵکو مەبەستی من ئەوەیە یەکگرتوو دەتوانێت ستون و ساباتێکی گەورە بێت بۆ پەروەردەو پێگەیاندن .

دیسانەوە دەیڵێمەوە کچ و کوڕەکانت تەسلیم بەو پەروەردە دینی و تیگەیشتنە جوانە بکە ، مەترسە نایکەن بە یەکگرتوو ، چوونکە ئێمەو هەزاران گەنجی تریان پێگەیاند ،بێ ئەوەی ببین بە یەکگرتوو یان بمانکەن بە یەکگرتوو!