کۆمەڵگاکەمان خەریکە هەڵدەوەشێت

تەها سۆڵەیی 26/04/2022 - 08:57 بڵاوکراوەتەوە لە وتار

تەیرەکەی مەلای مەشهوور....
کۆمەڵگەکەمان بەڕاستی لەقەیرانایە..من باسی سیاسەت و ئابووری ناکەم..
*لاوانمان خەریکە دوای جگەرە و نێرگەلە و بیرە و عەرەق ..ئالوودەی تلیاک ئەبن و ئاماری مەترسیدار هەیە کە باسی لێوەناکرێت..
*هەوڵ و هەڵمەتێکی چڕوپڕ لەکارایە بۆ بڵاوکردنەوەی ئیلحاد و بێباوەڕیی..لاوانمان بەرەوکوفر و گومان ئەبەن..
*سێکس و شەواڵپیسی و هۆمۆ و رەفتاری بەدڕەوشتی قەومی لوط برەوی پێدەدرێت.. تەنانەت لەچەندین شوێنی گرنگ و بەرچاوی ناوشاری سلێمانیا ، لەسەردیواری زانکۆ ومەکتەبەکان و شەقامەکان ، لۆگۆ و هێما و ئاڵای ئەو فاسقانە بەئاشکرا وێنەی ئەکێشرێ..
*ئینتەرنێت و کەناڵی تیڤیەکانیش درێغیان نەکردووە لەشێواندنی ئاساییشی ئەخلاقی کۆمەڵگەکەمان..
و زۆری تریش..
کەچی لەبەرانبەرا تەوەجهو ئاراستە و هەوڵی گوماناوی برەوی پێدەدرێت ..ئەمیان چییە؟
جەماعەتێک کە لە فەیسبووکا بانگەواز ئەکەن ، ئەڵێن ئەم ئوممەتی ئیسلامە بۆیە ١٤٠٠ ساڵە دواکەوتووە لەئیسلام حاڵیی نەبوون وەکو ئێمە؟
ئێوە کێن ؟ ئیشتان چییە ؟ ئادەی ئەو عیلم و مەعریفەت و داهێنانەی دەیان ملیار موسڵمان تا ئێستا لەسەرتاسەری زەویا نەیانزانییوە ئێوە پێمان بڵێن ..
لەبری ئەوەی خەڵکی کۆمەڵگە لەم ئاگر و قەیرانانە رزگاربکەن ، دەستیان بگرن و لەئاگری ئیلحاد و فەساد بیانهێننە دەرەوە ، بەتەعالیمی ئیسلام و رەوشتی جوان ئاشنایان بکەن ، مەفاهیم و چەمکی ئیمانی و ئیسلامەتی بڵاوبکەنەوە و بەرلەلافاوی ناحەزان بگرن ، کەچی هاتوون ئەڵێن چی؟
تازەترین ڤێرژنیان کەلەم شەوانەدایە بڵێن چی باشە..؟
شەوی قەدر یەکجار بووە..دووبارەش نابێتەوە..کەس بەتەمای ئەجروپاداشتی شەوبێداری نەبێت..شەوی قەدر هیچ فەرقێکی نییە لەگەڵ شەوانی تری رەمەزانا..عەللامەی واپەیابووە ، وائەزانێ موسڵمانان ئەجری هەزار مانگیان دەسکەوێت لەکیسەی ئەو دەرئەچێ ، ئەڵێ مەعقول نییە بەعیبادەتێکی کەم خێری هەزار مانگ بدرێت بەکەسێک کەشەوانی قەدر بێدارە و عیبادەت ئەکات ....
٢.تەبعەن پار ئەم کاتانە باسی گومان و نەبوونی شەشەڵان بوو..
٢.نوێژی جومعە و وتاری جومعە ئەسڵی نییە ..
٣.هەر خودی نوێژیش بەم شێوەی ئێمە ئەنجامی ئەدەین ، ئەسڵی نییە ، نوێژ ماناوشێوازی تری هەیە ، کەباشترینیان ئەوەیە هەر نەیکەی ، بەینی خۆت و خوا باشکە ، نوێژ چییە..ئەسڵەن مزگەوت هیچ پێویستیەکی کۆمەڵگە نییە ، جا ئەوانەی وا ئەڵێن نەک مزگەوت ، هەر نوێژیشیان تەرک کردووە.
٣. ئێستا و هیچ کاتێک کاتی رەمەزان نییە.. کە ئێمە بەرۆژووین مانگی رەمەزان نییە و ئومەتی ئیسلام تائێستا بەهەڵە بەڕۆژووبوون ، رەمەزان ئەکەوێتە وەرزێکی فێنکەوە و جێگیرە نەک بسوڕێ لەمانگەکانی ساڵا ، جەمع و تەرحێک ئەکەن ، لێمان بوون بەکەشتیوانەکانی ناسا ، گاڵتە بە تەقویمی قەمەری ئەکەن ، خاوەنی ئەم قسانە ئێستا بەڕۆژوو نیین..
٤.صەڵاوات لەسەر رسول اللّٰه ﷺ ، وجودی نییە و ئەو ئایەتە موسڵمانی ئومەتی ئیسلام بەهەڵە لێی تێگەیشتوون ، چۆن خوا سەڵاوات ئەدا لەسەر عەبدێک ؟ جا زمان و قەڵەمیشیان لاڵە کەناوی رسول اللّٰه ﷺ بێنن ، بڵێن ️ ﷺ ..
٥.گاڵتە و سوکایەتیکردن بە خواردن خەوتن و هەنگاوە کردارییەکانی ️پێغەمبەر ️ ﷺ ، کە هیچ ئەسڵێکی نیە ، سوونەت نییە..شوێنپێی ️هەڵگرتنی رسول اللّٰه ﷺ گرنگ نییە و زیادەیە ، بەڵکو عادەت و عورفی ئەو سەردەمە بووە و هیچی تر..
٦.بانگ چییە ؟چۆن ئەبێت لەڕێی خەوەوە شتێک بهێنرێتە ناوکۆمەڵگەی موسڵمانەوە ؟ ناوی ️ ﷴ بکرێتە هاوتای ناوی اللّٰه ؟
٧.تائێستـــا موسڵمانان بەهەڵە حەجیان کردووە و نەیانزانیووە مانگی حەج دەستنیشان بکەن ، ئەو مەناسیکانە هەندێکی لە وەثەنیەتو بتپەرستی مەککەوە بووە و لەقورئانا نەهاتووە...هەتا موسڵمانان رەجمی شەیتان بکەن پێش ناکەوون..
٨.موسڵمانان ئەوەندە داماوون ، تائێستا وا ئەزانن فەرموودەکانی رسول اللّٰه ﷺ قسەی پێغەمبەرە..؟ تەبعەن مەبەستیان ئەوەیە بەتەمان قسەی ئەو بنووسن لەفەرموودە باشترە..
ئیتر خۆ باسی عەزابی قەبر و حۆری و فرەژنی ، مولکی یەمین و رێزی سەحابە و فتوحات و زانایانی پێشین ....هیچ هەر هیچ شتێ هیچ نەماوە ، دەمی لێنەکووتن.. کەس لەدەم و زمانی نەشتەر ئاسایان سەلامەت نییە ..شەلم کوێرم ناپارێزم..
سووننەت و فەرموودە بە توراس ناوئەبەن ، ئەنتیکە و بۆ مەتحەف باشە..
تەنها قورئان حسابە..کام قورئان؟ ئەویش ئەو قورئانەی ئەوان لێی تێگەیشتوون و مانای ئەکەن ..کە لە ئیمامی گووگڵەوە مەعناکانی وەرئەگرن..هەزاران زانا سەریان دای لەبەرد..ئەوان کێن..ئێمە هەین و بەس..
بەکورتی عەقڵیان وەکو عەقڵی مەلای مەشهورە ، کە ئەو تەنها کۆتر و چۆلەکەی دیبوو..بۆیە کەوتە بڕینی دەنوکو قاچک و کلکی حاجی لەقلەقی داماو ، هیچی پێوە نەهێڵا و وتی ئێستا لەتەیرەچی..
ئەمانیش چونکە خۆیان لێبووەتە بەدیعی زەمان و حوججەتی ئیسلام و عەللامەی بێهاوتای ئەم سەردەمە ، هەرچی عەقڵیان نەیگرت کلکوگوێی ئەکەن..
تەنها بۆ ئەوەی بڵێن ئەمە ئیسلامە و ئەوانەی تر زیادە و بنبڕیان کەن...
جا قسەڕەق..بێ ئسلووب..نەزان..ناحاڵیی..تا یەک دوانێک ئەبینی جارجارێک قسەیەک بکات ئەویش ئەگەر لەقسە بچێ..ئەوانی تر کەس هەر بەبەشەر نازانن..
قسەو هەوڵو بیرکردنەوەکانیان هاوتاو و هاوبیرن لەگەڵ ئەوانەی ئەیانووت نە خورما خواردنە و نەحوشتر حەیوانە..!
پرسیارەکە ئەوەیە ، لەپای چی و لەبەرژەوەندی کێ ئەم گومان و دڵساردیانە بۆ موسڵمانان و توێژی لاوان درووست ئەکەن..؟
ئایا لاوانمان کە ساردەنوێژن..تا بەیانی ناخەوون بەدیار ئینتەرنێت و زنجیرە و چاتەوە..شڵەژانی فیکری و پەشێوی رۆحیان بۆ درووست بووە...خێزانەکان لەبەریەک هەڵئەوەشێنەوە..بەم تەرزە بیرونووسین و هەوڵە گوماناویانە ئەچنەوە سەرسکەی خۆیان.. ..
ئاخر برادەری عەزیز..
توێژینەوە و رەخنە و خوێندنەوەی تازە و شەنوکەوکردنی زانستیانە ، ئیجتیهادە..پیرۆزە..خێری گەورەیە و لەکاتی پێکانا بەرەکەتدارە...بەس ئایا پۆست نووسێکی فەیسبووک موجتەهیدە...نەبەخوا..
ئایا فەیسبووک شوێنی دیبەیت و تاوتوێی بابەتی تەدەبوری قورئانە؟ نەوەڵڵا..