ژمارەی موچە خۆر، بیانوی شکستێکی گەورە ترە!

15/10/2020 - 13:07 بڵاوکراوەتەوە لە وتار

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌


ھەرچی گرفتی کێشەی داراییە لەعێراق و ھەرێمی کوردستانا لە بونی موچە خۆری زۆر کورتکراوەتەوە! ئەمەش بەلا ڕێدا بردنی بابەتەکەیە و چەواشەکاریەکە کەبەداخەوە خەڵکە کەش بەسپۆنسەریی نوخبەی قسەکەر باوەڕیان بەم چەواشەکاریە کردوەو ئەو قەوانە لێ ئەیەنەوە ، بیریان چوە ئەمە بۆ شاردنەوەی ئەسڵی گرفتەکەیە...
ڕاستیی ئەوەیە؛ ئەو ڕێگایانەی داھات وسامانی وڵاتەکە حەپەلوش ئەکەن زۆر زیاترو گەورەترن لە مەسەلەی ژمارەی موچەخۆران.
بەھەدەردان و پشکپکێنەی حزبی و شەخسیی و دزینی سامانی سروشتی وڵات و کۆبونەوەی داھات لە گیرفانی ئەحزاب و ئەشخاسا و شێوازە جۆراو جۆرەکانی گەندەڵیی گەورە نەک بچوک ، ھۆکاری ڕاستەقینەی پشت قەیرانەکەن.

لە بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپیی ھاونیشتمانی ئەگەر موچەی نەبێ و فەرمانبەری دەوڵەت نەبێ ئەوا کاری ھەیە ، خۆ ئەگەر کاریشی نەبو سۆشیال -بیمە-ی ھەیە ،واتە ھەر تاکێک بە ھەر شێوەیەک بێت بەشدارە لە وەرگرتنی مافی خۆی لە حکومەت..ئەمە جگە لەو ھەمو ڕەوەندەی وڵاتان کە لەوێن و مافی ژیان و کارو بیمەو نیشتەجێبونیان بۆ رێکدەخرێت!

جا حکومەتگەلی ئەم ناوچەیە چونکە خۆیان بێ عورزەو فاشلن دێن ھەمیشە ژمارەی دانیشتوان و زۆریی موچە خۆران و کارەساتە سروشتیەکان ئەکەن بە بیانوی شکستی خۆیان ، لەکاتێکدا کێشەکە ھیچ شتێک نیە ئەوان خۆیان نەبێ..ئەوان بڕۆن ھەموشت چاک دەبێ