بۆچی وێنەی ناشیرینی دایک و باوکە نەخۆشەکانمان لە فەیسبوکدا دادەنێین؟

11/08/2020 - 23:39 بڵاوکراوەتەوە لە وتار

هیوا تاوگۆزی - خوێندکاری دکتۆرای کۆمەڵناسی

زۆر گرنگە لەوە تێ بگەین کە هەموو مرۆڤێک تا چرکەساتی مەرگ، دەیەوێت جوان ببینرێت و جوان دەربکەوێت.

هەستی (تەسلیم نەبوون بە ناشیرینی) هەستێکە مرۆڤ جەنگێکی ئەبەدی و ئەزەلی لەگەڵیدا هەیە، تەنانەت زۆرجار ئامادەین بەرامبەرەکانمان ناشیرین و قێزەون پیشان بدەین، بۆ ئەوەی خۆمان هەست بە جوانی بکەین. ڕەنگە هەر ئەمەش وامان لێ بکات سێڵفی گرتن لەگەڵ خزم و هاوڕێ و دایک و باوکمان لەسەر قەرەوێڵەی نەخۆشخانە بکەین به پەیژەیەک بۆ ئەوەی جوانی خۆمان لە چاکەت و پانتۆڵێکدا، یا بزەیەکی ساختەدا دەربخەین، یا هەوڵ بدەین فریشتەبوون و پاکبوونی خۆمان لە ڕووخساری تەپیوی مردوئاسا و دەمی قوچ و کراوەی ئەودا بسەلمێنین.
بۆ دەبێت وێنەی نەخۆشێکی پەککەوتوی سەرجێگا بە قێزەونترین و ناشیرین ترین شێوە بڵاوبکەینەوە؟
من وادەزانم چەندە هەستی مەزڵومیەت و بێ نازی هەروەها کۆکردنەوەی دوعا ئێمە ناچار بەو کارە دەکات، هەزار ئەوەندەش لەبەر نەبوونی هەستی بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر ڕێزگرتن لە جوانی و کەسایەتی و هەیبەتی نەخۆشەکەمان ئەو کارە دەکەین.