لە چین وەزیری پێشووی داد سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا

22/09/2022 - 15:02 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

لە چین وەزیری پێشووی داد، فوو جینگهوا بەتۆمەتی "وەرگرتنی بەرتیل" و "خراپ بەکارهێنانی پۆستەکەی"، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

فوو لە دادگای ناوەندیی گەل لە شاری چانگچوونی سەنتەری هەرێمی جیلین، دادگایی کرا و تۆمەتی ئەوەی درایەپاڵ کە لە کاتێکدا پۆستەکانی وەزیری داد، بەڕێوبەری نووسینگەی ئاسایشی پەکین و جێگری وەزیری ئاسایشی هەبووە لە رێی خۆی و خزمەکانییەوە، ١١٧ ملیۆن یوانی چینی (نزیکەی ١٤،٩ ملیۆن دۆلار)ی وەک بەرتیل وەرگرتووە.

بە بڕیاری دادگاش ئەو وەزیرەی پێشووی چین، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و بڕیارەی دوای دوو ساڵی دیکەش سزاکە جێبەجێ بکرێت.

جێی وەبیرهێنانەوەیە، فوو بەر لەوەی ساڵی ٢٠٢٠ ببێتە ئەندامی کۆنفڕانسی خۆڕاگری سیاسیی گەلی چین، پۆستەکانی وەزیری داد، ئەندامی کۆمیسیۆنی کارە سیاسیی و یاساییەکانی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی هەبوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١دا و لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە کارمەندانی هێزە ئەمنی و دەزگا دادوەرییەکان، دەستبەسەر کرا، دواتریش لە مانگی ئاداردا لە پارتی کۆمۆنیست کرایە دەرەوە.

لە ١١ی تەمووزدا داوای یاسایی لەسەر ناوبراو کرایەوە و لە دانیشتنی ٢٩ی تەمووزیشدا، فوو هەموو ئەو تۆمەتانەی پشتڕاست کردەوە کە ئاڕاستەی کرابوون.

جگە لە فوو، سێ بەڕێوبەری پێشووی ئاسایش کە لە چوارچێوەی هەمان داوادا دەستبەسەر کرابوون، دوێنێ لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی هیبەی چوونە بەردەم دادگا و بە هەمان شێوە بەتۆمەتەکانی "وەرگرتنی بەرتیل" و "خراپ بەکارهێنانی پۆستەکانیان"، سزای زیندانییان بەسەردا سەپێندرا.

سزاکانیشیان بەم شێوەیە بوو: بەڕێوبەری پێشووی ئاسایشی شەنگهای، گۆنگ داوۆوان زیندانی هەتاهەتایی، بەڕێوبەری پێشووی ئاسایشی چۆنگ چینگ، دینگ هویلین بە ١٥ ساڵ زیندانی و بەڕێوبەری ئاسایشی شانشی، لیو شینیون بە ١٤ ساڵ زیندانی، سزا دران.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە کۆتایی هاتنی دانیشتنەکانی دادگا و بڕیاردان لەسەر سزای ئەو تۆمەتبارانە لە کاتێکدایە کە بڕیارە مانگی داهاتوو، پارتی کۆمۆنیستی چین ٢٠مین کۆنگرەی خۆی ساز بکات.