پەرلەمانتارێكی هەدەپە: مامەڵەی نامرۆڤانە لەگەڵ پەنابەران مەکەن

18/08/2022 - 14:31 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی کۆجائەلی، عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو رایگەیاند "مامەڵەی نامرۆڤانە لەگەڵ پەنابەران مەکەن و رقتان لێیان نەبێتەوە؛ بۆ ئەمە چارەسەرێکی مرۆیی بدۆزنەوە".

عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە پەرلەمانی تورکیا لەبارەی دوا پێشهاتەکانی سووریاوە ئاماژەی بەوە دا کە لە دوای هەڵمەتی واژوو کۆکردنەوە لە ٢٠١٣، راگەیەندراویان بڵاو کردەوە و داوایان کرد، تورکیا پشتیوانی لە جەنگی ناوخۆ نەکات لە سووریا.

پەرلەمانتاری هەدەپە لە بازنەی کۆجائەلی، عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو بانگەشەی ئەوەی کرد کە سیاسییەکان دەیانەوێت بە دژایەتیکردنی پەنابەران دەنگ کۆ بکەنەوە بۆ خۆیان، گوتی: "ئێمە کە ئەو کاتە دەمانگوت 'مەکەن رێگای سێیەمیش هەیە'، ئەمڕۆیش داکۆکی لە مافی ئەو پەنابەرە ستەملێکراو و چەوساوانە دەکەین. هیچ کاتێک بە دوای قۆستنەوەی هەلدا نین و هەمیشە لەگەڵ مامەڵەی مرۆڤانەداین. دیسانەوە دەیڵێینەوە مامەڵەی نامرۆڤانە لەگەڵ پەنابەران مەکەن و رقتان لێیان نەبێتەوە؛ بۆ ئەمە چارەسەرێکی مرۆیی بدۆزنەوە".