ئێران: "دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی کۆتایی پێهاتووە، پرۆسەی رێککەوتن دەستی پێکردووە"

ڕابه‌ر شه‌كرالی 17/08/2022 - 18:54 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، عەباس موقتەدایی رایگەیاند کە دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی کۆتایی پێهاتووە، پێواژووی رێککەوتن دەستی پێکردووە.

بەپێی هەواڵی تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی ئێران، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەنجامی دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی و ئەگەری رێککەوتنی ئەتۆمی لە پەرلەمانی ئێران بەڕێوەچووە.

بەرپەرسە باڵاکانی وەک سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی، عەلی شەمخانی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، محەمەد ئیسلامی، وەزیری دەرەوە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و سەرۆکی دانوستکاران، عەلی باقری لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون.

عەبدوڵڵاهیان و باقری لە وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتاران سەبارەت بە ئەگەری رێککەوتن، راپۆرتێکیان سەبارەت بە پرۆسەی دانوستانەکان پێشکەش کرد.

ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەبولفەزل ئیمویی لە لێدوانێكدا سەبارەت بە كۆبوونەوەكە رایگەیاند، لە چەند هەفتەی رابردوودا بەرەوپێشچوون لە پرۆسەی دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی بەدیهاتووە، هەر بۆیەش، كۆبوونەوەیەكی گرنگ لە پەرلەمان بە بەشداریی بەرپرسە باڵاکانی حکوومەت بەڕێوەچووە.

ئیمویی بە ئاماژەدان بەوەی کە خاڵی سەرەکی رێککەوتن، مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی گەلی ئێرانە، گوتی: "پێویستە بەربەستەکانی بەردەم بازرگانی دەرەکیی ئێران و سنووردارکردنی نایاسایی بۆ فرۆشتنی نەوت لاببرێن. هەروەها دەبێ دەستمان بگات بەو سەرچاوانەی کە لە فرۆشتنی نەوتەوە دەستمان دەکەوێت بۆ دابینکردنی پێداویستییە ئابوورییەکانی هاووڵاتیانمان".

ناوبراو تیشکی خستەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی کە لە ساڵی ٢٠١٥دا ئەنجامدرا بەڵام ئەمریکا تاکلایەنە لێی کشایەوە، گوتی: "یەکێک لە کەموکوڕییەکانی رێککەوتنەکە پرسی وردبینی بوو. بەڵێنەکانی ئێران لەلایەن ئاژانسەوە (ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم) پشتڕاستکرایەوە، بەڵام بەڵێنەکانی لایەنی بەرامبەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان پشتڕاست نەکرایەوە. بۆیە پێویستە چەند رێوشوێنێک بگیرێتەبەر، هەم بۆ رەچاوکردنی چوارچێوەیەکی کاتی بۆ پشتڕاستکردنەوەی هەڵگرتنی سزاکان، هەم بۆ ئەوەی ئێران پشتڕاستی بکاتەوە کە سزاکان هەڵگیراون".

جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، عەباس موقتەدایی رایگەیاند، پرۆسەی دانوستانەکان كە لە نیسانی ٢٠٢١ەوە بەردەوامە، ئێستا كۆتایی پێهاتووە.

موقتەدایی گوتی: "دانوستانەکان کۆتاییان هاتووە، پێواژووی رێککەوتن دەستی پێکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە پێویستە ئێران بڕیاری سیاسی خۆی سەبارەت بە رێککەوتنەکە بدات".

جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی لە پەرلەمان، وەلی ئیسماعیلی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى فەرمیى هەواڵى ئێران (IRNA) گوتی: "ئەو راپۆرتەی کە خراوەتەڕوو دەریدەخات کە شاندی دانوستانکاری ئێستا بەبەراورد لەگەڵ شاندی دانوستانکاری پێشوو، پرۆسەی دانوستانەکانی بە شێوەیەکی بەهێزتر و کاریگەرتر بەڕێوەبردووە".

ئیسماعیلی گوتیشی: "دەسەڵاتی تەواو بە شاندی دانوستانکاران دراوە کە ئەگەر رێككەوتنێك بكرێت پێویست ناكات لەلایەن پەرلەمانەوە رەزامەندی لەسەر بدرێت".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو كه‌ ئێران لەبارەی ره‌شنووسی كۆتایی رێككه‌وتنه‌كه وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌‌، لە ئێستادا چاوه‌ڕوانی بڕیاری ئه‌مریكا ده‌كه‌ن، گوتی: "پێویسته‌ به‌ دانی بڕیاری دروست، وه‌ڵامی‌ پێشنیاره‌كه‌ی ئێران بده‌نه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌".

ساڵی ۲۰۱٥ رێککەوتننامەی وڵاتانی پێنج کۆ یەک، لە نێوان ئێران و ئەندامە هەمیشەییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمریکا، رووسیا، چین، بەڕیتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمانیا، واژۆ کرا، بەگوێرەی رێککەوتننامەکە لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکاندا، ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی رێکدەخاتەوە.

بەڵام لە ساڵی ۲۰۱٨دا سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، تاک لایەنە لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە کشایەوە و دووبارە سزاکانی خستەوە سەر ئێران، لە بەرامبەریشدا حکوومەتی تاران، هەنگاو بە هەنگاو لە جێبەجێ کردنی رێککەوتتنامەکە وەستا و دووبارە دەستیکردەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەیەکی بەرز.

بە ئامانجی دووبارە گەڕانەوەی ئەمریکا و کارا کردنەوەی رێککەوتننامەکە، لە نیسانی ۲۰۲۱دا دانوستانەکانی ڤییەنا دەستیان پێکرد، راگەیەندراوی کۆتایی دانوستانەکانیش لەلایەن یەکێتی ئەورووپاوە نێردرا بۆ ئێران، ئەمریکا و بەشداربووانی دیکەی دانوستانەکان، هەریەکە لە ئێران و واشنتۆن ئەوەیان راگەیاندبوو کە بە شێوەیەکی ئەرێنی پێشوازییان لەو پێشنیازە کردووە کە لەلایەن یەکێتی ئەورووپاوە پێشکەشیان کراوە.

واشنتۆن، داوا دەکات تاران هەموو بەرپرسیارییەتییەکانی ناو رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە جێبەجێ بکات، لە بەرامبەریشدا ئێران، داوا دەکات ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ رێککەوتننامەکە، سەرجەم سزاکان هەڵبگرێت و بەڵێنیش بدات کە جارێکی دیکە لە رێککەوتننامەکە ناکشێتەوە. هەروەها داواکارییەکی دیکەی ئێران ئەوەیە کە "لێکۆڵینەوە سیاسییە" نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دابخرێن.

کۆتا جاریش رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ، لە ۱۱ی ئابدا بە پشتبەستن بە لێدوانی چەند بەرپرسێکی ئەورووپی هەواڵی ئەوەی بڵاو کردەوە کە یەکێتی ئەورووپا بۆ کۆتایی هێنان بەو چەقبەستنەی لە دانوستانەکاندا هاتووەتە ئارا، پێشنیازێکی پێشکەشی تاران کردووە کە تیایدا داوا کراوە لێکۆڵینەوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەربارەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی پێشووی ئێران، دابخرێن.

دوێنێش نوێنەری ئێران لە دانوستانەکانی ڤییەنا، تێڕوانینی وڵاتەکەی دەربارەی پێشنیازەکە بە یەکێتی ئەورووپا، راگەیاندبوو.

راوێژکاری شاندی دانوستانکاری ئێران، محەمەد ماراندی دوێنێ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نوسیبووی "لە دانوستانەکانی ڤییەنادا تێپەڕاندنی ئەو بابەتانەی پێویستیان بە چارەسەر هەبوو، سەخت نەبوو. لە هەموو کاتێکی دیکەش زیاتر لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە نزیکین".

لای خۆشییەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پڕایس، دوو رۆژ بەر لە ئێستا لە لێدوانێکیدا ئەوەی خستبووەڕوو کە وەڵامی پێشنیازەکە دەدەنەوە و گوتیشی: "تاکە رێگا بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پلانێکی هاوبەشدا، بە رێککەوتن بگەینە ئەنجامێک، ئەوەیە کە ئێران واز لە داواکارییە پەسەند نەکراوەکانی دەرەوەی رێککەوتننامەکە بهێنێت، کە ماوەیەکی زۆرە ئێمە ئەم داواکارییانە بە بابەتی دەرەکی، ناو دەبەین".