تایوان: ''17 پارچەی جەنگیی چین لە دەوری دوورگەکە بەدیکراون''

ڕابه‌ر شه‌كرالی 17/08/2022 - 16:56 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وەزارەتی بەرگریی تایوان رایگەیاند کە 21 فڕۆکەی جەنگیی و پێنج کەشتی جەنگیی چین لە دەوری دوورگەکە بەدیکراون.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تایوانەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە کراوە کە پێنج لە فڕۆکەکان بەرەو خۆرهەڵاتی هێڵی ئاسمانیی و دەریایی فڕیون كە لە گەرووی تایوان بە سنورداركردنی ناوچە كاریگەرەكانی لایەنەكان دادەنرێت، هەروەها بۆ بەشی باشووری خۆرئاوای ناوچەکە فڕین كە تایوان "بە ناوچەی بەرگریی ئاسمانیی" ناوزەندی کردووە.

دوای ئەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پێلۆسی لە سەرەتای مانگدا سەردانی تایوانی کرد، سوپای چین لە دەوری دوورگەکە دەستی بە مانۆڕە سەربازییەکانی کرد.

مانۆڕەکان کە حەوت رۆژ بەردەوام بوو، بە کردەیی گەمارۆی لە دەوری دوورگەکە دروست کرد.

لە میانی ئەو مانۆڕانەدا کە چەک و تەقەمەنی راستەقینە بەکارهێندرا لە خاکی چینەوە، مووشەکی ئاڕاستەکراو خرایە سنوورە ئاوییەکانی نزیک تایوان.

گوتەبێژی سوپای چین لە 10ی ئابدا کۆتاییهاتنی مانۆڕە سەربازییەکانی راگەیاند، بەڵام ئاماژەی بەوە کردبوو کە دەورییە سەربازییەکان لە گەرووی تایوان بەردەوام دەبن.

12 رۆژ دوای سەردانەکەی پێلۆسی بۆ تایوان، سیناتۆری ویلایەتی ماساچووسیتس کە سەربە پارتی دیموکراتەکانە، ئێد مارکی بە سەرۆکایەتی شاندێکی نوێی کۆنگرێسی ئەمریکا پێرێ سەردانی تایوانی کرد.

لە دوای سەردانی ئەو شاندەش، سوپای چین ئاماژەی بەوە کرد کە چالاکییەکانی دەوریەی سەربازیی لە دەوری دوورگەکە بەردەوام دەبێت.

پەکین کە دوورگەکە بە بەشێک لە خاکی خۆی دادەنێت، کاردانەوەی هەیە سەبارەت بەو سەردانانە و بە جەختکردنەوە لە بنەمای یەک چین دژی ئەوەیە تایوان پەیوەندی سەربەخۆی دیپلۆماسیی هەبێت لەگەڵ وڵاتانی جیهان و نوێنەرایەتی هەبێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەدا. لەگەڵ ئەوەشدا مەرجی بۆ ئەو وڵاتانەی دانیان پێدا دەنێت ئەوەیە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ تایوان بپچڕێنن.