تەمەنی 900 ساڵە .. وردەکاری ڕووخانی درێژترین پردی دار لە چین

07/08/2022 - 18:55 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

تەلەفزیۆنی ناوەندی چین ڕووخانی درێژترین پردی دار لە وڵاتەکەی ڕاگەیاند کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ٩٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، ئەمەش لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەیەک کە ڕۆژی یەکشەممە لە پارێزگای فوجیان لە ڕۆژهەڵاتی چین کەوتەوە.

تەلەفزیۆنەكە بڵاویكردەوە، ئاگرەكە لە پردی "ڤان ئان" كە دەكەوێتە پارێزگای بێنین، ئێوارەی دوێنێ ئاگره‌كه‌ كەوتۆتەوە و لە كاتژمێر 22:45 بە كاتی ناوخۆیی کوژاوەتەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "تا ئێستا پرده‌كه‌ سووتاوه‌ و به‌ ته‌واوی رووخاوه‌، له‌ رووداوه‌كه‌شدا هیچ كه‌سێك زیانی پێ نه‌گه‌یشتووه‌".

پردی ڤان ئان زیاتر لە ٩٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە سەردەمی شانشینی سۆنگ (٩٦٠-١٢٧٩) دروستکراوە. لە ساڵی ١٧٠٨ پردەکە بەشێکی تێکچوو بەهۆی ئاگرێکەوە کە تێیدا کەوتەوە و لە ساڵی ١٧٤٢ دووبارە دروستکرایەوە، دواتر زیاتر لە جارێک نۆژەنکرایەوە. لە ساڵی ١٩٩١ پردەکە لە ئاستی هەرێمدا پێگەی دامەزراوەی پارێزراوی پێدرا و لە ساڵی ٢٠٠٦ ئەم ئاستە بەرزکرایەوە بۆ ئاستی نیشتمانی.

ڕۆژنامەی چینی "گڵۆباڵ تایمز" ئاماژەی بەوە کردووە کە پردی ڤان ئان درێژترین پردی هەڵواسراو لە دار بووە (٩٨.٢ مەتر). رۆژی یەکشەممەی رابردوو، پسپۆڕێکی زانکۆی په‌کین رایگەیاند، پێیوایە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەتوانێت هۆکارێکی مرۆیی بێت.