بوومەلەرزەیەک ئێرانی هه‌ژاند و سێ كه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستدا

خوبه‌یب گه‌ردی 02/07/2022 - 09:22 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

لە ویلایەتی هورموزگان لە باشووری ئێران، بوومەلەرزەيەك بە گوڕى ٦،١ پلە روویدا، بەپێی ئامارە بەراییەکان، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٩ کەسی دیکەش برینداربوون.

بەپێی راگه‌یه‌ندراوێکی ئاژانسی هەواڵی نیمچە فەرمی ئێران، گوڕی بوومەلەرزەکە کە ٦،١ پلە بووە، كاتژمێر ٠٢:٠٢ بە كاتى ناوخۆی ئێران روویداوە و ناوەندەکەی شارەکانی بەندەر حەمیر و بەندەر لەنگە سەربە ویلایەتی هورموزگان بووە.

بەپێی راگه‌یه‌ندراوێکی ناوەندی بوومەلەرزەزانی نیشتمانی پەیمانگای جیۆفیزیکی زانكۆى تاران، بوومەلەرزەکە کە كاتژمێر ١٠:٣٦ بە كاتى ناوخۆی ئێران روویداوە، ناوەندەکەی شاری جەناح سەربە ویلایەتی هورموزگان بووە.

بەگوێرەی ئامارە بەراییەکان، لەو رووداوە سرووشتییەدا سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٩ کەسی دیکەش برینداربوون.

بوومەلەرزەكە لە قوڵايى ١٠ كيلۆمەتر روویداوە و، پاش چەند خولەکێک لە روودانی بوومەلەرزەکە دوو پاش لەرزە بە گوڕەکانی ٤،٦ و ٤،٧ روویانداوە.

بوومەلەرزەکە لە ناوەندی ئیدارەی ویلایەتی هورموزگان، بەندەر عەباس هەستی پێکراوە و دانیشتوانەکەی رژاونەتە سەر شەقامەکان.

ئاژانسی هەواڵی فارس باسی لەوەیش کردووە کە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش، سوپای پاسداران و هێزەکانی بەسیچ سەربە سوپای ئێران رەوانەی ناوچە کارەساتبارەکە کراون.