دیجیتاڵ میدیای سپێده
وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئاشکرای کرد کە لە سێ رۆژی رابردوودا لە ناوچەی لیسیچانسکی ئۆکراینا، دوو کارگە، کانێک و ناوچەیەکی نیشتەجێبوونیان، کۆنترۆڵ کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتەکە، ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، دەربارەی دوایین رەوشی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، روونکردنەوەی دا.
کۆناشێنکۆڤ باسی لەوە کرد کە هێزەکانی رووسیا لە ناوچەی لیسیچانسک بەردەوامن لە پێشڕەویی و گوتیشی: "لە سێ رۆژی رابردوودا پاڵاوگەی نەوتی لیسیچانسک، کانی ماترۆسکایا، کارگەی جەلاتینی لیسیچانسک و ناوچەی نیشتەجێبوونی تۆپۆلیڤکا کۆنترۆڵ کراون".
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە یەکە سەربازییەکانی ئۆکراینا لە ناوچەی لیسیچانسک، کشاونەتەوە و لە ناوچەی کراماتۆرسک، لێپرسینەوە لەگەڵ سەرکردایەتی بەتالیۆنی ٥٧ی پیادەی ئۆکراینا و ١٧١ سەربازی ئۆکراینی، دەستی پێکردووە.
کۆناشێنکۆڤ باسی لەوەش کرد کە هێزەکانی رووسیا بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە سەربازییەکانی ئۆکراینا و رایگەیاند: "لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بە چەکی هەستیار پێنج کۆگای چەک و تەقەمەنی ئۆکراینا خاپوور کراون".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاماژەی بەوەشدا کە هێزە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی ٣٢ ناوەندی بەڕێوەبردن، رادار و سێ کۆگای چەک و تەقەمەنی ئۆکراینایان بۆردومان کردووە و دوو فڕۆکەی جەنگی و ١١ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشیان خستووەتە خوارەوە، هەروەها دەستیان گرتووە بەسەر هەشت راجیمەدا.