توركیا ڕێككەوتنی كرد و داوای ڕادەستكردنی دەیان كەس لە فینلاند و سوید دەكات

29/06/2022 - 19:26 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

سه‌رۆك كۆماری توركیا، له‌ دانوستانه‌كانی لوتكه‌ی ناتۆدا كه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌چوو، دژایه‌تییه‌كی چه‌ند هه‌فته‌یی بۆ ئه‌ندامبوونی سوید و فینه‌له‌ندا له‌ ناتۆ كشانده‌وه‌.

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتنی راگه‌یاند دوای ئه‌وه‌ی ڕێككه‌وتنێكی 10 خاڵی مسۆگه‌ر كرد. به‌پێی رێككه‌وتنێكه‌، ئه‌و دوو وڵاته‌ به‌ڵێنیاندا كه‌ به‌شداری شه‌ڕی توركیا دژی گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) بكه‌ن و به‌خێرایی ئه‌وانه‌ راده‌ست بكه‌ن كه‌ توركیا به‌ تیرۆریست ناویان ده‌بات و ئه‌نقه‌ره‌ ده‌ستبه‌جێ گرێبه‌سته‌كه‌ی خسته‌ ژێر تاقیكردنه‌وه‌ به‌ داوای راده‌ستكردنی 33 كه‌س له‌ سوید و فینلاند.

به‌پێى ده‌نگى ئه‌مریكا، به‌كر بۆزداغ، وه‌زیری دادی توركیا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند، "له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی نوێدا داوای راده‌ستكردنه‌وه‌ی تیرۆریستان له‌ وڵاتانی په‌یوه‌ندیدار ده‌كه‌ین. داوایان لێده‌كه‌ین به‌ڵێنه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن."

تۆمه‌تباره‌كان، كه‌ ناویان نه‌هێنراوه‌، ده‌گوترێت ئه‌ندامی په‌كه‌كه‌ و لایه‌نگرانی فه‌تحوڵڵا گویڵه‌ن بن. ئه‌ردۆغان گویڵه‌ن به‌ دارێژه‌ری پلانی كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ی ساڵی 2016 داده‌نێت.

به‌ڵام له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ كه‌ سوید و فینله‌ند به‌ڵێن ده‌ده‌ن "پشتیوانی نه‌كه‌ن" بۆ یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌)، كه‌ توركیا ده‌ڵێت لقێكی په‌كه‌كه‌یه‌ له‌ سوریا.