دیجیتاڵ میدیای سپێده
سکرتێرى گشتیى ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ ئاشكرایكرد، لە ٣٢هەمین لووتکەى ناتۆدا کە لە مەدرید پایتەختى ئیسپانیا بەڕێودەچێت، چەمکى ستراتیجیی نوێ پەسەند کراوە.
یەنس ستۆڵتنبێرگ لە میانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگهیاند: "رووسیا کە لە چەمکى ستراتیجیى ساڵى ٢٠١٠دا هاوبەشێک بوو لە دەرەوە، ئێستا راستەوخۆ وەکو هەڕەشە دەناسرێت".
ستۆڵتنبێرگ ئاماژەى بەوە کرد کە "چەمکى ستراتیجیى مەدرید" لە خراپترین قۆناغى ئەورووپادا، لە جەنگى جیهانیى دووەمەوە تا ئێستا، پەسەند کراوە و رایگهیاند: "رووسیا ئاشتى ئەورووپاى رووخاند. وەک ناتۆ هێزەکانمان لە باڵى رۆژهەڵات بەهێزتر دەکەین و یەکەکانمان بۆ ئەو هێزانەى کەى پێشتر دیاریکراون و تواناى زیاتر دەگۆڕین".
سکرتێرى گشتیى ناتۆ باسى لەوەشکرد کە لە چەمکى ستراتیجیى نوێدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ئیتر رووسیا هەڕەشەیەکى راستەوخۆ و جددیترە و گوتى: "ناتۆ لە سەردەمى جەنگى ساردەوە تا ئێستا، بۆ یەکەم جارە پلانێکى لەمشێوەیە پەسەند دەکات. ئەمە لەڕووى ئاسایشەوە خاڵێکى وەرچەرخانە. زۆر جیاوازترە لەگەڵ ئەوە چەمکە ستراتیجییەى کە لە لیشبۆنە لە ساڵى ٢٠١٠دا پەسەند کرا".
یهنس ستۆڵتنبێرگ گوتى: "سەرکردەکان پەیامێکى زۆر بەهێزیان گەیاندووەتە ئۆکراینا. پێداویستی سەربازیی، چەک و چەکى قورسى زیاتر بۆ ئۆکراینا دەنێردرێت"، ههروهها راگەیاند: "هاوکارییە ئابووریى و سەربازییەکانى ناتۆ بۆ ئۆکراینا بەردەوام دەبێت و بەم شێوەیەش پاڵپشتییەکانیان بۆ ئۆکراینایەکى بەهێز و سەربەخۆ نیشانداوە".
ستۆڵتنبێرگ ئاشکراشیکرد هەندێک وڵاتى وەک ئەڵمانیا و نەرویج پێداویستى سەربازیى نوێ و چەک بۆ ئۆکراینا دەنێرن و وڵاتانى دیکەش بڕیارى هاوشێوە دەردەکەن.
راشیگهیاند: "دەبێت خۆمان بۆ جەنگێکى درێژخایەن ئامادە بکەین".
سکرتێرى گشتیى ناتۆ باسى لەو یاداشتنامە سێقۆڵییە كرد كه دوێنێ تورکیا لەگەڵ فینلاند و سوید سەبارەت بە نیگەرانییەکانى لە بەرامبەر داواکاریى ئەندامبوونى ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ واژووی كرد و رایگهیاند: "بۆ تورکیا، سوید، فینلاند و ناتۆ رێککەوتنێکى باشە. لەپاى هەوڵەکانیان سوپاسیان دەکەم. ئامادەى بەرگرییکردنین لە سەرجەم هاوپەیمانەکانمان. ئەمە بە سوید و فینلاندیشەوە".
یەنس ستۆڵتنبێرگ جەختى لەوەش کردەوە کە "دەرگاى ناتۆ بە کراوەیى دهمێنێتهوه".