لە ئەڵمانیا هەڵکوترایە سەر ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی پارە و پارەکە دەستی بەسەردا گیرا

ڕابه‌ر شه‌كرالی 29/06/2022 - 15:31 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ژمارەیەک چەتەی چەکدار هەڵیان کوتایە سەر ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی پارە و دەستیان بەسەر پارەکەدا گرت.

پۆلیسی بەرلین رایگەیاند کە ژمارەیەک چەتەی چەکدار هەڵیان کوتاوەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی پارە لە ناوچەی ویڵمەرسدۆرف و لە کاتی ئەنجامدانی هێرشەکەدا ژمارەیەکی زۆر کەس بە سووکی بریندار بوون.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە چەتەکان دەستیان بەسەر پارەکەدا گرتووە و دواتر رایان کردووە. لێکۆڵینەوەی بەرفراوانیش لە رووداوەکە دەستی پێ کردووە.

میدیاکانی ئەو وڵاتە ئاماژەیان بەوە داوە کە لە ئاکامی ئەو پێکدادانەی لەگەڵ چەتەکاندا دروست بووە، چوار کەس بریندار بوون.

زاندراوە چەتەکان بۆکسی پارەکانیان لەو ئۆتۆمبێلەوە گواستووەتەوە ناو ئەو ئۆتۆمبێلەی پێیان بووە و لە ناوچەکە دوور کەوتوونەتەوە.