سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: "ئەگەر پوتین ژن بووایە، ئۆکرانیای داگیر نەدەکرد"

ڕابه‌ر شه‌كرالی 29/06/2022 - 14:23 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسۆن بە بانگەشە کردن بۆ ئەوەی کە ئەگەر سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ژن بووایە، ئۆکراینای داگیر نەدەکرد، داکۆکی لەوە کرد کە ئەو "نموونەیەکی پڕاوپڕی نێرینەیی ژەهراوی"ی جەنگە.

جۆنسۆن لە میانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنی ZDFی ئەڵمانی داگیرکردنی ئۆکراینای لەلایەن پوتینەوە بە "کارێکی شێتانە و نێرینەگەر" لەقەڵەم دا.

جۆنسۆن بە ئاماژەدان بەوەی کە رەگەزی پوتین هۆکارێک بووە بۆ هەڵگیرسانی جەنگ، گوتی: "ئەگەر پوتین ژن بووایە، کە زۆر بە روونی دیارە ئاوا نییە، بە راستی جەنگێکی توندوتیژی هەڵنەدەگیرساند و داگیرکارییەکی شێتانە و نێرینەگەرایی ئەنجام نەدەدا".

جۆنسۆن بە پێویستی زانی کە ژنان زیاتر بەشدار بن لە پێگە بەهێزەکان و گوتی: "ئەگەر دەتانهەوێت نموونەیەکی پڕاوپڕی نێرینەیی ژەهراویی جەنگ ببینن، ئەوەی لە ئۆکراینا روو دەدات ئەوەیە".

جۆنسۆن ئاماژەی بەوەیش دا کە هەرچەندە سەرکردەکانی G7 هەوڵ دەدەن کۆتایی بە جەنگ بهێنن، بەڵام تاکوو ئێستا رێککەوتننامەیەک نەکراوە لەو پێناوەدا.