هێزەکانی ئیسرائیل گەنجێکی فەڵەستینییان لە کەناری خۆرئاوا شه‌هیدكرد

خوبه‌یب گه‌ردی 29/06/2022 - 11:43 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

لە کاتی هەڵکوتانە سەر شاری جەنین لە کەناری رۆژئاوای داگیرکراو، هێزەکانی ئیسرائیل تەقەیان لە گەنجێکی فەڵەستینی کرد و شه‌هیدیانكرد.

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی فەڵەستین WAFA لە زاری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی خەلیل سولەیمان لە جەنین، وەسام بەکر'ەوە رایگەیاند کە هێزەکانی ئیسرائیل بەیانیی ئەمڕۆ هەڵیان کوتاوەتە سەر شاری جەنین.

بەکر ئاماژەی بەوە داوە کە لە کاتی هەڵکوتانەسەرەکەدا هێزەکانی ئیسرائیل تەقەیان لە گەنجێکی فەڵەستینی بە ناوی محەمەد ماهیر نافی (تەمەن ٢٥ ساڵ) کردووە و بەم هۆیەوە گەنجەکە گیانی لەدەست داوە.

بەپێی گوتەی شایەتحاڵان هێزەکانی ئیسرائیل هەڵی کوتاوەتەوە سەر ژمارەیەک لە ماڵی فەڵەستینییەکان و بە گوللە و گازی فرمێسکڕێژیش رووبەڕووی فەڵەستینییەکان بوونەتەوە.

لای خۆیشیەوە وەزارەتی دەرەوەی فەڵەستین ئیدانەی کوشتنی ئەم گەنجە فەڵەستینییەی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کرد و حکوومەتی ئیسرائیلی بە بەرپرسیاری تەواوتی رووداوەکە لەقەڵەم دا.

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستینیش لە ١٧ی حوزەیران رایگەیاند کە هێزەکانی ئیسرائیل لە شەودا هەڵیان کوتاوەتە سەر شاری جەنین و سێ گەنجی فەڵەستینییان شه‌هیدكردووه‌ و ١٠ کەسی دیکەیشیان بریندار کردووە.