ئێران ئەمریکای بە پێدانی بڕی چوار ملیار و 300 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبووکردنەوە حوکم دا

23/06/2022 - 12:59 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

55ەمین دادگای یاسایی تاران بە تۆمەتی "پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل بەهۆی ئەو بۆسەیەی بۆ شارەزایانی چەکی ئەتۆمی ئەو وڵاتەی ناوەتەوە" ئەمریکای بە پێدانی بڕی چوار ملیار و 300 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبووکردنەوەی مادی و مەعنەوی حوکم دا.

ئاژانسی هەواڵی خوێندکارانی ئێران ISNA راگەیەندراوێکی بەشی مافەکانی مرۆڤی دەسەڵاتی دادوەری لە ئێران بڵاو کردووەتەوە لەبارەی ئەو دۆسیەیەی لەلایەن ژمارەیەک لە کەسوکاری شارەزایانی چەکی ئەتۆمی کراوەتەوە کە لە ئاکامی بۆسە بۆ دانانەوەدا گیانیان لەدەست داوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "٥٥ەمین دادگای یاسایی تاران لەسەر دۆسیەی ژمارەیەک لە کەسوکاری شارەزایانی چەکی ئەتۆمی، ژمارەیەک لە دامەزراوە و بەرپرسانی حکوومەتی ئەمریکا کە پشتیوانی لە بۆسەنانەوەکانی ئیسرائیل دەکات کە بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانن حوکم داوە بە پێدانی بڕی چوار ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار وەک قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوی کەسوکاری شارەزایانی چەکی ئەتۆمی".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم دادگاییکردنە لە میانی هەڵمەتی بەرپەرچدانەوەی یاسایی بەرامبەر حکوومەتی ئەمریکا گیراوەتە بەر کە بە پاساوی جۆراوجۆر دادگاکانی ئەمریکا بڕیار لە دژی ئێران دەدەن و ژمارەیەک لە دامەزراوەکانی ئێران بەبێ ئامادەبوون حوکم دراون بە پێدانی پارە وەک قەرەبووکردنەوە.