لیتوانیا: "كۆتاییمان به‌ بازرگانی وزە لەگەڵ رووسیا هێنا"

ڕابه‌ر شه‌كرالی 23/05/2022 - 17:34 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

لیتوانیا تەواوی پێداویستیەکانی گازی سرووشتی لە رێگەی تێرمیناڵی کلایپێدا LNG دابین دەکات کە بە بارهەڵگر لە ئەمریکاوە دەگاته‌ ولاتەکەی.

وەزیری وزەی لیتوانیا، داینیوس کرێیڤیس ئاشكرایكرد لە مانگی نیساندا کڕینی گازی سرووشتیی لە رووسیا راگرتووە و رایگەیاند: "لە رۆژی یەکشەممەوە کڕینی کارەباشمان لە رووسیاوە وه‌ستاندووه‌".

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی وزەی لیتوانیا، لە 22ی ئایارەوە هاوردەکردنی نەوت، کارەبا و گازی سرووشتیی لە رووسیاوە بە تەواوی کۆتایی دێت.

وەزیری وزەی لیتوانیا، داینیوس کرێیڤیس، کە لە راگەیەندراواوەکەدا قسەکانی خراوەتەڕوو دەڵێت: "لە رۆژی یەکشەممەوە کڕینی کارەباشمان لە رووسیاوە راگرتووە. ئەو هەنگاوە وەرچەرخانێکی زۆر گرنگە به‌ ئامانجی سەربەخۆیی وزە بۆ لیتوانیا و پشتیوانیشمانە بۆ ئۆکراینا. دەبێت واز لە پشتیوانییكردنی دارایی بۆ جەنگی رووسیا بهێنین".

هەروەها داینیوس کرێیڤیس باسی لەوە کردووه‌ کە لیتوانیا هەنگاوی گرنگ دەنێت لە بواری وزەی سەوزدا.

لیتوانیا تەواوی پێداویستیەکانی گازی سرووشتیی لە رێگەی تێرمیناڵی کلایپێدا LNG دابین دەکات کە بە بارهەڵگر لە ئەمریکاوە دەگاته‌ ولاتەکەی. پێداویستی کارەباش لە رێگەی بەرهەمی ناوخۆیی و کڕینی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپاوە دەستەبەر دەکات.

ئۆرلێن لیتوڤا کە تاکە هاوردەکاری نەوتە لە لیتوانیا، ماوه‌ی مانگێك زیاتره‌ هاوردەکردنی نەوتی خاوی رووسی راگرتووه‌.