زێلێنسکی داوای لەو کۆمپانیایانە کرد کە رووسیان جێ هێشتووە بێنە ئۆکرانیا

ڕابه‌ر شه‌كرالی 23/05/2022 - 17:21 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکی ئۆکرانیا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی: "داوا دەکەم بازرگانی لەگەڵ رووسیادا نەکرێت و سزای توند بەسەر کەرتی نەوت و سیستەمی بانکی رووسیادا بسەپێندرێت".

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی لە رێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری کرد لە دانیشتنی تایبەتی کۆڕبەندی ئابووریی جیهان کە بە لووتکەی داڤۆس ناسراوە و رووی دەمی لە بەشداربووان کرد و گوتی: "هەر کۆمپانیایەک کە لە رووسیا کشاوەتەوە دەتوانێت بێتە ئۆکرانیا، بە پشتیوانیکردن لە ئازادی تەواوەتی کۆمپانیاکان، دەتوانن سوود بەمە بگەیەنن".

سەرۆکی ئۆکرانیا بە جەختکردنەوە لەوەی سزاکانی سەر رووسیا لە ئاستی پێویستدا نین، گوتی: "داوا دەکەم بازرگانی لەگەڵ رووسیادا نەکرێت و سزای توند بەسەر کەرتی نەوت و سیستەمی بانکی رووسیادا بسەپێندرێت".

ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی داوای لە وەبەرهێنەرانی داڤۆس کرد کە رۆڵ بگێڕن لە ئاوەدانکردنەوەی ئۆکرانیا و بەپێویستی زانی تەواوی شارەکان و پیشەسازییەکانی وڵاتەکەی بونیاد بندرێنەوە.

سەرۆکی ئۆکرانیا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەی هەڵمەتێکی مەزن پێویستە و گوتی: "نیو ترلیۆن دۆلار زەرەرمان کردووە".

زێلێنسکی ئاماژەی بەوەیش دا کە جەنگی ئۆکرانیا بەرامبەر رووسیا زیاتر لەوەی خایاند کە پێشبینی دەکرا و گوتی :"ئەگەر پاییزی رابردوو سزای توند بەسەر رووسیادا سەپێندرابووایە، رەوشی ناوچەکە وەک ئێستا نەدەبوو".