رێکخراوی تەندروستیی جیهانی: "جیهان ئامادەکاری نەکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکان"

ڕابه‌ر شه‌كرالی 23/05/2022 - 15:58 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس رایگەیاند "ئاشکرایە جیهان ئامادەکاری نەکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکان".

تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس لە میانی بەشداریکردن لە ٧٥ەمین کۆبوونەوەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند کە رێکخراوەکەیان لە میانی پێنج ساڵی رابردوودا، هەڵمەتی لەناکاویان هەبووە لە زیاتر لە ١٢٠ دۆخی لەناکاوی وەک پەتاکان و کارەساتە سروشتییەکان.

بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە ئاماژەدان بەوەی کە ئاشکرایە جیهان ئامادەکاری نەکردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکان و گوتی: "بۆیە لە پێناو ئەوەی وڵاتانی ئەندام کاری هاوبەشی نێوانیان زیاتر بکەن ساڵی رابردوو، یەکەی چاودێری دۆخی لەناکاوی تەندروستیمان لە بەرلین دامەزراند. وەک رێکخراو بەردەوام دەبین لە کارەکانمان بە مەبەستی ئەوەی هاوشێوەی بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایانەی هەن، هەروەها بەشێوەیەکی فرەڕەهەند ئامادەکاریش بکەین بۆ ئەو پەتایانەی لە داهاتوودا رووبەڕوومان دەبنەوە".

تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسس ئاماژەی بە گرنگی پلانی دڵنیایی تەندروستیی جیهانی کردەوە بۆ ئامادەکاری بەرامبەر پەتای نوێ لە جیهان و سوودبینینی وڵاتانی کەمدەرامەت لە خزمەتگوزاری تەندروستی و بە پێویستی زانی رێکخراوەکەیان رۆڵی ناوەند بگێڕێت لە بەرپرسیارێتی سیاسەتی تەندروستیی جیهانی.