بایدن بڕیاری پێدانی 40 ملیار دۆلاری بە ئۆکراینا واژوو کرد

21/05/2022 - 17:07 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن کە لە ئێستادا بە گەشتێک لە وڵاتانی ئاسیایە، پاکێجێکی هاوکاری ٤٠ ملیار دۆلاری بۆ ئۆکراینا، واژوو کرد.

لە چوارچێوەی پاکێجەکەشدا ئەمریکا تا مانگی ئەیلوول ٢٠ ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی پێشکەشی ئۆکراینا دەکات.

هەروەها واشنتۆن، هەشت ملیار دۆلار بۆ هاوکاری گشتی ئابووری و پێنج ملیار دۆلار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو قەیرانی خۆراکەی بەهۆی داڕمانی کشتوکاڵی ئۆکرایناوە لە جیهاندا دروستبووە، تەرخان دەکات، لەپاڵ ئەمەشدا یەک ملیار دۆلار بۆ هاوکاریکردنی پەنابەران، دابین دەکات.

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، لە ١٩ی ئایاردا داوای پاکێجێکی ٣٣ ملیار دۆلاری لە بایدن کردبوو، دواتر ئەنجوومەنی نوێنەران ئەم پاکێجەیان بە ٤٠ ملیار دۆلار پەسەند کرد.

دوای واژووه‌کەی بایدنیش، پاکێجەکە بووە بڕیارێکی فەرمی.