سوپای ئیسرائیل: "دیاریکردنی سەرچاوەی ئەو فیشەکەی کە بەر شیرین ئەبو عاقلە کەوتووە ئەستەمە"

خوبه‌یب گه‌ردی 14/05/2022 - 11:33 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

سوپای ئیسرائیل بەرگریی لەوە کرد کە دیاریکردنی سەرچاوەی ئەو فیشەکە ئەستەمە کە بووەتە ھۆی گیانلەدەستدانی پەیامنێری بەناوبانگی کەناڵی ئەلجەزیرە لە فەڵەستین، شیرین ئەبو عاقلە کە چەند رۆژێک پێش ئێستا لە شاری جەنین لە کەناری رۆژئاوا لە کاتی رووماڵکردنی رووداوەکاندا لەلایەن سەربازانی ئیسرائیلەوە کوژرابوو.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ران کۆڤاڤ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند کە راپۆرتی لێکۆڵینەوەی پەیوەندیدار بە رووداوەکە پێشکەشی سەرۆکی ئەرکانی سوپا، ئاڤیڤ کۆخاڤی کراوە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "دەستنیشانکردنی سەرچاوەی ئەو ھێرشە چەکدارییەی کە بووەتە ھۆی گیانلەدەستدانی شیرین ئەبو عاقلە کارێکی ئەستەمە".

ھاوکات بانگەشەی ئەوەشکرا کە لەکاتی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردن لە جەنین لە لایەن ھێزەکانی ئیسرائیل، تەقەیەکی چڕ کراوەتەسەر ئەو شوێنەی کە سەربازانی لێبووە و بۆمب ھاوێژراوە، ھاوکات لەکاتی دەرچوونی سەربازان لە کەمپی پەنابەرانی جەنین "کارمەندانی میدیایی فەڵەستینی کە کەوتوونەتە نێو شەڕ و پێکدادانەکان و برینداربوون".

ھەر لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کرا کە لێکۆڵینەوەکە تا ئێستا درێژەی ھەیە و ئاشکراش کراوە کە لەبارەی ئەو فیشەکەی کە بووەتە ھۆی گیانلەدەستدانی ئەبو عاقلە دوو بژاردە بوونی ھەیە یان "لە چەکی ئەو فەڵەستینییە چەکدارانە دەرچووە کە سوپای ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج" یانیش لە چەکی سەربازانی ئیسرائیلەوە دەرچووە.

لە راپۆرتەکەدا بەرگریی لەوەشکرا کە بەدەستکەوتنی ئەو فیشەکەی کە بەر شیرین ئەبو عاقلە کەوتووە، "یەکێک لەو دوو بژاردەیە دەستنیشان دەکات"، بەڵام بەرپرسانی فەڵەستینی رەتیانکردووەتەوە کە ئەو فیشەکە رادەستی ئەوان بکەنەوە.

خانمە پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرەی قەتەریی، شیرین ئەبو عاقلە لە میانی رووماڵکردنی ھەڵمەتی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەمپی پەنابەرانی جەنین لە کەناری خۆرئاوای داگیرکراو، بە گولـلەی سەربازانی ئیسرائیل گیانی لەدەست دا.

تۆڕی ئەلجەزیرە و دەسەڵاتدارییەتی فەڵەستین بەرپرسیارییەتی کوشتنی ئەبو عاقلە دەخەنە ئەستۆی ئیسرائیل و لە بەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل پێی وایە کە ناوبراو بە گولـلەی چەکدارانی فەڵەستینی کوژراوە، ئەمەش لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینەوە رەتکراوەتەوە.

شیرین ئەبو عاقلە لە ساڵی ١٩٧١ لە شاری قودس لە دایکبووبوو و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە میدیا و رۆژنامەوانی لە زانکۆی یەرموک لە ئوردن بە دەست ھێنابوو و بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ پەیامنێری کەناڵی ئاسمانیی ئەلجەزیرەی قەتەریی بوو لە کەناری خۆرئاوای داگیرکراو.