سەرکۆماری بورکینا فاسۆ لەلایەن ژمارەیەک سەربازەوە دەست بەسەر کرا

خوبه‌یب گه‌ردی 24/01/2022 - 19:11 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

سەرکۆماری بورکینا فاسۆ، روش کریستیان کابۆری لەلایەن ژمارەیەک سەربازەوە لە یەکێک لە دامەزراوە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەدا دەست بەسەر کراوە.

لەو هەواڵانەی لە میدیای خۆرئاوادا بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە دوێنێ سەرکۆماری بورکینا فاسۆ، روش کریستیان کابۆری لە دوای بیستنی تەقە لە هەندێک سەربازگە لە واگادووگوو-ی پایتەخت، لەلایەن ژمارەیەک سەربازەوە دەستبەسەر کراو و براوە بۆ یەکێک لە سەربازگەکان.

بەیانی دوێنێ لە دوو سەربازگەی واگادووگوو-ی پایتەختدا دەنگی تەقە بیستراوە و نیگەرانی هەبوو لەوەی رووداوەکە راپەڕین بێت.

حکوومەت رایگەیاند بوو کە ئەگەری کودەتا لە ئارادا نییە و دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.

هەروەها باس لەوە کرا بوو کە سەربازەکان بە نیازی ئەنجامدانی کودەتا نین و لەبەر داخوازی هەلومەرجی باشتری کار دەستیان بە یاخیبوون کردووە، هاوکات هێڵی ئینتەرنێتیش لە سەرانسەری وڵاتەکە پچڕا.

دوای راگەیەندراوەکان گرووپێک رژانە سەر شەقام و پەلاماری بینای بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازی گەلی دا کە لەسەر دەسەڵاتە.

لە بەرامبەردا لە سەرانسەری وڵاتەکە لە کاتژمێر ٢٠:٠٠ەوە بۆ ٠٥:٣٠ قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندرا و دوو رۆژ دەوامی قوتابخانەکان کرایە پشوو.

کاتەکانی ئێوارە لە دەوری ماڵی سەرکۆماری بورکینا فاسۆ، روش کریستیان کابۆری دەنگی تەقە بیسترا و بانگەشەی دەست بەسەر کردنی ناوبراو بڵاوبووەوە.

لە ٢٢ی تشرینی دووەمدا،لە ویلایەتی سانماتینگا لە بورکینا فاسۆ، هێرشێکی تیرۆریستیی روویدا و بەهۆیەوە ١٩ کەس کوژران کە نۆیان جەندرمە بوون.

هەروەها لە ناوچەی کەنار لە ١٤ی تشرینی دووەمدا پەلامارێکی دیکە روویدا و بەهۆیەوە ٥٣ کەس گیانیان لەدەستدا کە ٤٩یان سەرباز بوون، بەو هۆیەوە لە سەرانسەری وڵاتەکە خۆپیشاندان کرا و داوای دەستلەکار کێشانەوەی سەرکۆماری بورکینا فاسۆ، روش کریستیان کابۆری کرا.

کوژرانی ژمارەیەکی زۆر سەرباز لەو پەلامارانەدا، بووەتە جێی مشتومڕ لای رای گشتیی وڵاتەکە.

سەرکۆماری بورکینا فاسۆ، روش کریستیان کابۆری کە تۆمەتبار دەکرێت بە شکستخواردوو لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لە نۆی کانوونی یەکەمدا، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی، جۆسێف ماری دابیری لە کار دوورخستەوە و دوای دوو رۆژ لاسینا زیربۆ-ی کردە سەرۆکوەزیران.

گرووپە تیرۆریستییەکانی سەربە داعش و ئەلقاعیدە کە لە وڵاتی مالی دراوسێ چالاکن لە ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا لە باکوور و خۆرهەڵاتی بورکینا فاسۆ پەلامار ئەنجام دەدەن.