''ئەو گەریمانەیە مەترسیدارە كە دەڵێت گۆڕاوی ئۆمیكرۆن دوایین گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنایە''

24/01/2022 - 17:19 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، هۆشداری دا له‌باره‌ی مه‌ترسی گه‌ریمانه‌ی ئه‌وه‌ی گۆڕاوی ئۆمیكرۆنی كۆرۆنا دوایین گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌ و كۆتایی به‌ په‌تاكه‌ هاتووه‌ و گوتی: ''ئه‌گه‌ری ده‌ركه‌وتنی گۆڕاوێكی كوشنده‌تر زۆر راسته‌قینه‌یه‌''.

سه‌د و په‌نجاهه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی كارگێڕیی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی له‌ رێگه‌ی ڤیدیۆ كۆنفرانسه‌وه‌ له‌ شاری جنێڤ رۆژئاوای سویسرا به‌ڕێوه‌چوو.

تێدرۆس ئه‌دهانۆم گێبرێیسس له‌ گوتارێكیدا كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێشكه‌شی كرد، باسی له‌وه‌ كرد كه‌ له‌ دوای سه‌رهه‌ڵدانی په‌تاكه‌ له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا، 350 ملیۆن حاڵه‌تی تووشبوون له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا تۆمار كراوه‌، له‌گه‌ڵ پێنج ملیۆن و 500 هه‌زار حاڵه‌تی گیان له‌ده‌ستدان و گوتی: ''هه‌موومان ده‌زانین كه‌ حاڵه‌ته‌كان زۆر له‌و ژمارانه‌ زیاترن''.

تێدرۆس ئه‌دهانۆم گێبرێیسس باسی له‌وه‌ كرد كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو، راپۆرت ئاراسته‌ی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی كراوه‌ كه‌ ده‌ریده‌خات تێكڕا له‌ هه‌ر سێ چركه‌یه‌كدا، 100 حاڵه‌تی تووشبوون و له‌ 12 چركه‌یه‌كیشدا، یه‌ك حاله‌تی گیانله‌ده‌ستدان به‌ كۆرۆنا تۆمار كراوه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی، تێدرۆس ئه‌دهانۆم گێبرێیسس هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كرد كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار پێش نۆ هه‌فته‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدانی گۆڕاوی ئۆمیكرۆن تا ئێستا زیاتر له‌ 80 ملیۆن حاڵه‌ت به‌ رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی راگه‌یه‌ندراوه‌، ئه‌و ژماره‌یه‌ش زیاتره‌ له‌ ته‌واوی ئه‌و ژماره‌یه‌ی له‌ 2020دا تۆمار كراوه‌.