له‌ كازاخستان لە میانی خۆپیشاندانەکاندا دەیان کەس کوژران

06/01/2022 - 13:05 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

لە رووداوەکانی شاری ئاماتی باشووری رۆژهەڵاتی کازاخستان، خۆپیشاندەران هەوڵیان دا دەست بەسەر بینا حکوومییەکاندا بگرن.

گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شارەکە، سەڵتەنەت ئازربەک ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە میانی خۆپیشاندانەکاندا، پێکداهەڵپژان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا دروست بووە.

سەڵتەنەت ئازربەک باسی لەوەش کرد کە خۆپیشاندەران هەوڵیانداوە دەست بگرن بەسەر بینا حکوومییەکاندا و رایگەیاند "دەیان پەلاماردەر لەناوبران و لە داهاتوودا ناسنامەکانیان ئاشکرا دەکرێن".

ناوبراو، ئاماژەی بەوەش دا کە هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنیان دەست پێ کردووە و داواشی لە هاووڵاتییان کرد لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.

- رەوشی کازاخستان

لە دووی کانوونی دووەمەوە دژبە زیادکردنی باج و خراپی رەوشی ئابووریی، خۆپیشاندان لە رۆژئاوای کازاخستان دەستی پێ کرد و بەرەو ناوچەکانی دیکەش تەشەنەی سەند.

دواتر پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا روویدا و خۆپیشاندەران ئاگریان بەردایە ئۆتۆمبێلەکانی پۆلیس و هێزە سەربازییەکان و هەوڵیشایاندا دەست بەسەر بینا حکوومەییەکاندا بگرن.