حکوومەتی عێراق: "ئەمڕۆ گەشتێکی ئاسمانیی بۆ گەڕانەوەی ٤٣٠ کۆچبەری دیکە ئەنجام دەدرێت"

27/11/2021 - 16:32 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند ئەمڕۆ شەممە، گەشتێکی ئاسمانیی بە ئامانجی گەڕانەوەی ٤٣٠ کۆچبەری دیکە کە لە سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریان خواردووە دا ئەنجام دەدەرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە تا ئێستا ١٢٠ پاسپۆرتیان بەخشیوە بەو کۆچبەرانەی کە دەیانەوێت بە ئارەزویی خۆیان بگەڕێنەوە.

ئەحمەد سەحاف راشیگەیاندووە کە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەماھەنگیی کردووە، بۆ ئەوەی گەشتێکی ئاسمانیی بە ئامانجی گەڕانەوەی ٤٣٠ کۆچبەری دیکە کە لە سنووری بێلاڕووس و پۆڵەندا گیریان خواردووە دا ئەنجام بدرێت.

ئەمەیش لە کاتێکدایە پێشتر بەڕێوەبەری گشتی ھێڵی ئاسمانی عێراقی عەباس عیمران لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردبوویەوە کە ئەمڕۆ شەممە چوارەم گەشتی ئاسمانی بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران لە فڕۆکەخانەی مینسک بۆ بەغدا و ھەولێر ئەنجامدراوە کە تایبەت بووە بە گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانەی لە سنووی بیلاڕووس و پۆڵەندا گیریان خواردبوو، بە ئارەزووی خۆیان داوای گەڕانەوەیان کردبوو، گەیشتنەوە ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و ، ھەولێر.

عەباس عیمران راشیگەیاندبوو، ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە لە گەشتەکەی ئەمڕۆدا گەڕاونەتەوە بریتیی بوو لە ٤٢٠ کۆچبەر و، بەگشتی لەمیانی ئەنجامدانی ھەرچوار گەشتەکەی گەڕانەوەی کۆچبەران، تا ئێستا ھەزار و ٤٥٨ کۆچبەر گەڕاونەتەوە.