له‌ فه‌ڵه‌ستین داوا ده‌كرێت رێگرى له‌بێرێزییه‌كانى ئیسرائیل بكرێت به‌رامبه‌ر به‌مزگه‌وتى ئیبراهیمى

27/11/2021 - 09:49 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

بزۆتنه‌وه‌ى به‌رگركارى ئیسلامى له‌فه‌ڵه‌ستین، داوا له‌خه‌ڵكى كه‌رتى رۆژئاوا وشارى خه‌لیل ده‌كات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ده‌ستدرێژییه‌كانى ئیسرائیل بۆ سه‌ر مزگه‌وتى ئیبراهیمى.

ئیسماعیل ره‌زوان، سه‌ركرده‌ له‌بزۆتنه‌وه‌ى به‌رگریكارى ئیسلامى سه‌ر به‌بزۆتنه‌وه‌ى حه‌ماس، له‌فه‌ڵه‌ستین، رایگه‌یاندوه‌: هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆكى جوله‌كه‌كان له‌سه‌ر دانانى شه‌معه‌ى روناكى به‌بونه‌ى جه‌ژنى روناكى ته‌لمودى له‌مزگه‌وتى ئیبراهیمى له‌خه‌لیل، ئیستیفزازكردنى هه‌ست ونه‌ستى گه‌لى فه‌ڵه‌ستین وپێشێلكارییه‌ له‌به‌رامبه‌ر حورمه‌تى مزگه‌وتى ئیبراهیمى، وگوتى: داگیركاران به‌رپرسیاره‌تى ته‌واو له‌ئه‌ستۆ ده‌گرن له‌روودانى هه‌ر شتێك به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌یان.

ره‌زوان داواى له‌خه‌ڵكى قودس وناوچه‌كانى دیكه‌ى فه‌ڵه‌ستین كرد، خۆیان یه‌كبگرن له‌مزگه‌وتى ئه‌قسا وبه‌رگرى له‌وهه‌وڵانه‌ى ئیسرائیلى داگیركار بكه‌ن ونه‌هێڵن دیوارى به‌راق به‌جوله‌كه‌ بكرێت وشه‌معدانى گه‌وره‌ى لێدابنرێت، وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ئاهه‌نگى جه‌ژنى رووناكى.

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى حه‌ماس راشیگه‌یاند: مزگه‌وتى ئیبراهیمى ودیوارى به‌راق ومزگه‌وتى ئه‌قسا مولكى ئیسلامین، وداگیركار ناتوانێت خۆى له‌و راستیه‌ بدزێته‌وه‌.