ئەمریکا سەرکۆنەی تاقیکردنەوه‌ی مووشەکی دژە-مانگی دەستکردی رووسیای کرد

16/11/2021 - 17:00 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، تاقیکردنەوەی مووشەکی دژە-مانگی دەستکرد کە ئەمڕۆ لەلایەن رووسیاوە ئەنجامدرا، سەرکۆنە کرد و بەرگری لەوە کردەوە کە مۆسکو کە لە مانگی دەستکردی تایبەت بە خۆی داوە و ھەزاران پارچە پاشماوەی بە دەوری هەسارەی زەویدا بڵاوکردووەتەوە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا بەتوندی کاردانەوەی لە بەرامبەر تاقیردنەوەی مووشەکی دژە-مانگی دەستکرد لەلایەن رووسیاوە نیشان دا.

نێد پرایس ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ، مۆسکۆ بە مووشەکی دژە-مانگی دەستکرد لە یەکێک لە مانگە دەستکردەکانی خۆی داوە و ھەزار و ٥٠٠ پارچە کە لە قەبارەیەکدایە دەتوانرێت چاودێریی بکرێت و سەدان ھەزار پارچەی بچووکی دیکەی پاشماوەی لە دەوری هەسارەی زەویدا بڵاوکردووەتەوە ئەمە بۆ مانگە دەستکردەکانی دیکە و کەشتیوانە ئاسمانییەکان مەترسییەکی گەورە دروست دەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تاقیکردنەوەی مووشەکێکی لەو شێوەیە لەلایەن مۆسکۆوە لە کاتێکدا لەنێوان ئەمریکا و رووسیا و بە تایبەتی لە ئۆکراینا لە چەندین پرسدا گرژییان ھەیە بە "نابەرپرسیارێتی" وەسف کرد.

نێد پرایس ئەوەشی راگەیاند کە باس لە بابەتی ئایا ئەمریکا لە بەرامبەر ئەم ھەنگاوەی رووسیا چی ھەنگاوێک دەنێت ھێشتا زووە و گوتی: "ئەمریکا بێگومان وەڵامی بۆ ئەم ھەنگاوەی رووسیا دەبێت".

- سزای ئابووریی نوێ بۆسەر ئیدارەی بێلاڕووس بەڕێوەیە

لەلایەکی دیکە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس لە میانی ھەڵسەنگاندنیدا بۆ دۆخی کۆچبەرانی سەر سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا، جارێکی دیکە رووسیا و بێلاڕووسی تۆمەتبار کرد.

نێد پرایس ئەوەی ئاشکرا کرد کە یەکێتیی ئەورووپا سزای نوێی خستووەتە سەر ئیدارەی ئالیکساندەر لۆکاشینکۆ لە بێلاڕووس و ئیدارەی جۆ بایدن-یش سزای نوێی بۆ ئامادەکردوون.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس جارێکی دیکە پاڵپشتیی واشنتۆنی بۆ پۆڵەندا نوێ کردەوە و ئەوەی دووپات کردەوە کە مۆسکۆ ھیچ ھەوڵێکی بۆ چارەسەری قەیرانەکە نەداوە.