حەماس: "خاوەنی کارتی بەهێزین بۆ گۆڕینەوەی دیل"

15/11/2021 - 09:26 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

بزووتنەوەی حەماس، بانگەشەی ئەوە دەکات خاوەنی کارتی بەهێزن کە بتوانن گۆڕینەوەی دیل لەگەڵ ئیسرائیلی پێ ئەنجام بدەن.

حوسام بەدران کە یەکێکە لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ئەقسا، باسی لەوە کرد کە دیلەکانی نێو گرتووخانەکانی ئیسرائیل لەنێو ئەو بابەتانەن کە لە پێشینەی کاریاندان.

راشیگەیاند "حەماس خاوەنی کارتی بەهێزە کە بتوانێت رێککەوتنی گۆڕینەوەی دیل لەگەڵ ئیسرائیلی پێ ئەنجام بدات بۆ رزگارکردنیان. ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین بۆ ئەوەی دیلەکانمان ئازاد بکرێن".

حوسام بەدران زانیاری نەخستەڕوو سەبارەت بەوەی کارتەکان چین.

هاوکات حوسام بەدران ئەوەشی خستەڕوو لە کایەی یاسای نێودەوڵەتییدا کاردەکەن بۆ ئەوەی دیلەکانیان لە گرتووخانەکانی ئیسرائیل ئازاد بکرێن و ئامادەی ئەنجامدانی هەر کارێکن لە دەستیان بێت لە پێناو پاراستنی دیلەکانیاندا.

بەپێی زانیارییەکانی یانەی دیلی فەڵەستینی، ماوەیەکی درێژە ژمارەیەک لە دەستبەسەرکراوانی فەڵەستینی لەنێو گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا، بەردەوامن لەسەر مانگرتن.