وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ر:ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ رژێمی ئه‌سه‌د له‌ئارادا نییه‌

13/11/2021 - 15:41 بڵاوکراوەتەوە لە جیهانی

دیجیتال میدیای سپێده‌

وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و رژێمی بەشار ئەسەد رایگەیاند کە ئەوان بیر لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد ناکەنەوە و بەپێویستی دەزانن ئەسەد باجی کارەکانی بدات.

ئالسانی لە میانی رێوڕەسمی واژووکردنی دوو رێککەوتننامەی پەیوەندیدار لەبارەی ئەفغانستان لەگەڵ ھاوتا ئەمریکییەکەی، ئەنتۆنی بلینکەن لە واشنتۆن وەڵامی پرسیاری میدیاکارانی دایەوە.

محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئالسانی لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و رژێمی بەشار ئەسەد گوتی: "بیر لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد ناکەینەوە و بەپێویستی دەزانین ئەسەد باجی ئەو تاوانانە بدات کە لە ھەمبەر گەلەکەیدا ئەنجامی داون".

ئالسانی تیشکیشی خستە سەر ئەوەی کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا و چوونە ناو پرۆسەیەکی ئاشتەوایی پشتگیری لە چارەسەری سیاسی دەکەن.

ناوبراو بەھۆی ئەو دۆخە ناخۆشەی کە گەلی سووریا تیایدا دەژی و ئەنجامنەدانی ھیچ گۆڕانکارییەک لەلایەن رژێمی ئەسەدەوە، قەتەر پێداگیرە لە سیاسەتی خۆی لە بەرامبەر رژێمدا. ‌